بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، غازی حەمەد ئەندامی مەکتەبی سیاسی بزوتنەوەی حەماس لە چاوپێکەوتنی کەناڵی جزیرە، وتی: هەڵوێستەکانی ئەمریکا و بانگەشەی ئەوەی کە بزوتنەوەی حەماس لە داهاتووی کەرتی غەززەدا بوونی نابێت، پیشاندەری شکستەکانی ئەو وڵاتەیە لە شەڕی ئێستا و حەماس وەک هێزێکی سیاسی و سەربازی دەمێنێتەوە و ڕەوتی گۆڕانکارییەکان دیاری دەکات.
ناوبراو وتی: ئەمریکا و ڕژێمی زایۆنیستی هەوڵ دەدەن تا دۆخی غەززە لە بەرژەوەندی خۆیاندا بگۆڕن بەڵام هیچ دەسکەوتێکیان بەدەر لە کوشتاری خەڵکی سڤیل و ڕووخاندنی خانووەکانی خەڵک و نەخۆشخانەکان و قوتابخانەکان نەبووە.
ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسی حەماس وتی: واشنتن و تەل ئەبیب ڕۆژانە سەرباز و ئۆتۆمبێلە سەربازییەکانی خۆیان لە غەززە لە دەست دەدەن و ڕژێمی زایۆنیستی بۆ هەمیشە لە بانگەشەی بەهێزبوونی لە ڕووی سەربازی و هەواڵگرییەوە شکستی هێناوە و پاشەکشەی کردووە.
غازی حەمەد وتی: ڕێکخستنی دۆخی غەززە بابەتێکی تەواو فەڵەستینییە و حەماس بە پێچەوانەی خواستی ئەمریکا و ڕژێمی زایۆنیستی، هاوبەشی ئەم هاوکێشەیە دەبێت لە بەر ئەوەی کە بەشێکە لە پێکهاتەی نیشتمانی فەڵەستین و لە گەڵ خۆڕاگری بۆ ڕاگەیاندنی وڵاتی سەربەخۆ و ڕەتکردنەوەی داگیرکاری لە گۆڕەپانەکەدا دەمێنێتەوە./.