بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، لە ڕاپۆرتێکی پێگەی میدل ئیست ئای دا هاتووە کە قاهیرە واشنتنی ئاگادار کردووەتەوە کە لەناوبردنی حەماس و کۆتایی هێنان بەم بزوتنەوەیە وەک ئامانجێکی دیاریکراوی ڕژێمی زایۆنیستی لە شەڕی غەززەدا مسۆگەر نابێت.
لەو ڕاپۆرتەدا هاتووە کە بەرپرسانی میسری بەردەوام هۆشداری دەدەن و هەر پلان و پێشنیارێکی ئەمریکا بۆ بەشداری لە بەڕێوەبردنی کەرتی غەززە لە داهاتوودا ڕەتدەکەنەوە.
میدل ئیست ئای ڕایگەیاندووە کە حکومەتی میسر لە درێژەپێدانی شەڕی غەززە لە لایەن ڕژێمی زایۆنیستییەوە نیگەرانە و پێی وایە کە ئەم شەڕە دەتوانێت ڕەوشی ناوچەی سینای میسر ئاڵۆز بکات کە دانیشتووانەکەی پشتیوانی لە پرسی فەڵەستین دەکەن.
ڕاپۆرتەکە ڕایگەیاندووە کە میسر لە ئێستادا گرنگی بە ئاگربەستی غەززە و زیاتربوونی هاوکارییە مرۆییەکان بە ئامانجی ڕێگری لە کۆچی فەڵەستینییەکان دەدات./.