بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، لێکەوتەکانی درێژەپێدانی شەڕی غەززە لە سەر ئابوری سعوودیە لە کاتێکدا زیاتر دەبێت کە ئەم وڵاتە لەم ساڵانەدا هەوڵی ڕاکێشانی سەرمایەگوزاریی بۆ دابینکردنی سەرچاوە داراییەکانی پرۆژە گەورەکان داوە کە یەکێک لە گەورەترین ئامانجەکانیش دووکردنەوەی ئابوری لە داهاتە نەوتییەکان بووە.
ئامانجی ئەم پلانەی سعوودیە، دابینکردنی پیشەسازی نوێ، دابینکردنی دەرفەتی هەلی کار بۆ هاووڵاتیان و ڕاکێشانی سەرمایەی دەرەکییە کە لە ئێستادا بەم دۆخە ئابورییەی جیهانەوە تا ڕادەیەک ئەستەم بووە.
سەرەڕای ئەمەش، لێکەوتەکانی شەڕی غەززە لە ئێستادا کاریگەری ئەرێنی لە سەر کەرتی نەوتی سعوودیە هەبووە کە گرنگترینی ئەوەش بەرزبوونەوەی نرخەکانە. نرخی نەوتی خاوی برێنت لە 14 ی تشرینی یەکەم گەیشتە 95 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک کە بەراورد بە پێش دەستپێکردنی شەڕی غەززە لە سەدا 15 بەرزبوونەوەی هەبووە. ئەڵبەت لە کۆتایی هەفتەی ڕابردوو نرخی نەوت دابەزی و هەینی ڕابردوو نرخەکەی بۆ هەر بەرمیلێک 90 دۆلار بووە.
بە پێی دوایین ئامارەکانی بانکی جیهانی، بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بە واتای ئەوەیە کە سعوودیە لە ڕێگای هەناردەی نەوتەوە دەستی بە داهاتی زیاتر دەگات بەڵام لە بەرامبەردا بۆ هاوردەکردنی کاڵا و پێداویستییەکانی دیکە دەبێت پارەی زیاتر تەرخان بکات کە ئەمەش گوشارێکی زۆر دەخاتە سەر ئابوری ئەم وڵاتە.
شارەزایانی بەناوبانگی ئابوری جیهان جەخت لەوە دەکەنەوە کە لە ئەگەر درێژەپێدانی شەڕی غەززە لە لایەن ڕژێمی زایۆنیستییەوە، داهاتوویەکی خەراپ بۆ زۆربەی وڵاتان پێشبینی دەکرێت.
وەزارەتی دارایی سعوودیە ڕایگەیاندووە کە ڕێژەی کورتهێنانی بودجە لە چارەکی سێهەمی ئەمساڵ 9 ملیار و 560 ملیۆن دۆلار بووە.
سولەیمان عەساف ئابوریناسی سعوودی ڕایگەیاندووە کە شەڕی غەززە دۆخێکی نەخوازراوی بە سەر ئابوری ناوچەکە و جیهاندا سەپاندووە و ئەمەش ئاسایشی ئابوری دەخاتە مەترسییەوە کە لە ئێستادا بە ڕوونی هەستی پێدەکرێت.
ڕاشیگەیاندووە کە لە کورت ماوەدا ڕەنگە بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە بەرژەوەندی سعوودیەدا بێت.
هەروەها محەممەد نایر ئابوریناسی سودانی ڕایگەیاندووە کە شەڕی غەززە کاریگەری نەرێنی لە سەر بازاڕەکانی وڵاتانی ناوچەی کەنداوی فارس داناوە و ئەمەش پیشان دەدات کە سعوودە دەسکەوتە مسۆگەرکراوەکانی سەرەتای ئەمساڵی تا ئێستا لە دەست داوە.
ناوبراو ڕایگەیاندووە کە ئەم زیانەش نە بە هۆی شەڕەکەوە، بەڵکوو بە هۆی نیگەرانی لە ئەگەری بەردەوامبوونی شەڕەکەیە.
ئەو ئابوریناسە ڕایگەیاندووە کە گۆڕانکارییە جیۆپۆلیتییەکانی ناوچەکە ترس و نیگەرانییەکی زۆری خستووەتە سەر وڵاتانی عەرەبی ناوچەی کەنداوی فارس و ئەوان زیاترین کاریگەرییە ئابورییەکانی ئەم گۆڕانکاری و شەڕە وەردەگرن.
محەممەد نایر ڕایگەیاندووە کە ئەگەر شەڕی غەززە بۆ ناوچەکانی دیکە پەرە بستێنێت کاریگەری لە سەر کەرتی نەوت دادەنێت و ئەمەش سعوودیە بە هەناردەی ڕۆژانە نزیک لە 10 ملیۆن بەرمیل دەخاتە ژێر کاریگەری ڕاستەوخۆی خۆیەوە.
ناوبراو ڕایگەیاندووە کە دابەزینی ڕێژەی هەناردەی نەوت کاریگەری زۆر نەرێنی لە سەر ئابوری سعوودیە دادەنێت و ئابوری سعوودیە لە ئێستادا بە زۆرینە پشت بە داهاتە نەوتییەکان دەبەستێت.
ڕاشیگەیاندووە کە دابەزینی ڕێژەی هەناردەی نەوت و کەمبوونەوەی داهاتە نەوتییەکان کاریگەری لە سەر پرۆژەی ئاسۆی 2030 ی محەممەد بن سەلمان جێنشینی سعوودیە دادەنێت./.