بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئایەتوڵڵا سەید ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران ڕۆژی دووشەممە 6 ی تشرینی دووەمی 2023 لە کۆنگرەیەکی هاوبەشی ڕۆژنامەوانی لە گەڵ محەممەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە تاران، وتی: پەیوەندییەکانی ئێران و عێراق بەردەوام لە گەشەسەندندایە، لە بواری ئەمنی لە گرنگترینی ئەو بابەتانەی لە لایەن جەنابی سەرۆک وەزیرانەوە پشتگیری کراوە، جێبەجێکردنی ڕێکەوتنی ئەمنی نێوان هەر دوو وڵات بە تایبەت لە هەرێمی کوردستان بووە.
سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران وتی: هەوڵ دەدەین کە ڕێکەوتنی ئەمنی لە نێوان ئێران و عێراق بە تەواوی جێبەجێ بکرێت و دەستخۆشی لە هەوڵەکانی بەڕێزیان دەکەین کە هەنگاوی باش لە پێناو چەککردنی تەواوی گرووپەکانی دژبەری شۆڕش هەڵگیراوە.
ناوبراو سەبارەت بە ڕووداوەکانی فەڵەستینی داگیرکراو وتی: ڕژێمی زایۆنیستی تێکشکاوە و ئەمریکییەکان دەیانەوێت ڕێگریی لێبکەن، ئەم شکست و سەرشۆڕییەی ڕژێمی زایۆنیستی بە تاوانی دژە مرۆیی قەرەبوو ناکرێتەوە.
ئایەتوڵڵا ڕەئیسی وتی: ئەمڕۆ زۆربەی وڵاتان و خەڵکی جیهان پێیان وایە کە گەلی فەڵەستین براوەیە و کوشتنی ژنان و منداڵان و ڕووخاندنی خانووەکانی خەڵکی غەززە نابێتە سەرکەوتنێک بۆ ڕژێمی داگیرکار. شکستە گەورەکەی زایۆنیستەکان بە تاوان لە دژی مرۆڤایەتی و کۆمەڵکوژی قەرەبوو ناکرێتەوە.
سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران جەختیکردەوە: لە گەڵ هەر هەنگاوێک لە ئاستی وڵاتانی ئیسلامی، ناوچەکە و جیهان بە ئامانجی ڕاگرتنی تاوانەکانی ڕژێمی زایۆنیستی و ئەمریکا لە دژی گەلی فەڵەستین و بە تایبەت خەڵکی غەززە، هاوکاری و پشتیوانی دەکەین.
ئایەتوڵڵا ڕەئیسی لە کۆتاییدا ستایشی هەڵوێستی گەل و حکومەتی عێراقی بۆ پشتیوانیکردنی گەلی زوڵملێکراوی فەڵەستین کرد.
سودانی: زریانی ئەقسا ئەنجامی تاوانەکانی ڕژێمی زایۆنیستییە لە دژی گەلی فەڵەستین
لە درێژەی ئەو کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەدا محەممەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق وتی: سەردانەکەم بۆ تاران جەختکردنەوەیە لە سەر پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و تاران و گرنگترین بەشی وتووێژەکەشم لە گەڵ بەڕێز ڕەئیسی لە سەر پرسی فەڵەستین و تاوانەکانی دژ بەم گەلە بووە.
سودانی جەختی لە سەر هەڵوێستی نەگۆڕی عێراق لە سەر پرسی فەڵەستین کردەوە و وتی کە قەیرانی ئێستای فەڵەستین لە ئەنجامی ئەو هەموو تاوانەی ڕژێمی زایۆنیستی لە دژی ئەم گەلە بووە.
سەرۆک وەزیرانی عێراق وتی: لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا دانیشتووانی غەززە لە گرتووخانەیەکی گەورەدا بوون و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی لە جێبەجێکردنی بەڵێنەکانی بەرامبەر بەوان شکستی هێناوە.
محەممەد شیاع سودانی وتی کە ئەوانەی داوای ڕێگری لە پەرەسەندنی شەڕی غەززە دەکەن دەبێت بۆ ڕاگرتنی ئەم شەڕ و کوشتاری ڕێکخراو و پلان بۆ داڕێژراوی خەڵکی غەززە گوشار لە سەر ڕژێمی زایۆنیستی دابنێن.
ناوبراو وتی: بڕیاری ڕێگری لە پەرەسەندنی ئەم شەڕە لە دەستی ئەوانەدایە کە بەم جۆرە لە غەززە تاوان دەکەن.
سەرۆک وەزیرانی عێراق وتی: بەغدا و تاران هەوڵی هاوئاهەنگکردنی هەڵوێستەکانی خۆیان و گوشارخستنە سەر وڵاتانی کاریگەر بە مەبەستی ڕاگرتنی بۆردومان و کوشتنی خەڵکی غەززە لە لایەن ڕژێمی زایۆنیستییەوە دەدەن./.