بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، عێراق ئامانجێکی گەورەی هەناردەکردنی کاڵا و بەرهەمەکانی ئێران و لە ڕاستیدا لە ڕووی جۆربەجۆری کاڵای هەناردەکراوەوە بە گرنگترین وڵات بۆ ئێران دادەنرێت. بوونی ڕکابەرەکانی وەک چین، تورکیا، ئیمارات، هیندستان و ئەمریکا لە بازاڕی عێراق و ئەو بەرژەوەندییە هاوبەشەیان لە گەڵ ئەم وڵاتە، وایکردووە کە زەنگی مەترسی بۆ داهاتووی هەناردەی ئێران و بازاڕی کاڵاکانی لە عێراق لێبدرێت.
ئەڵبەت لەمساڵدا دۆخی هەناردەی ئێران بۆ عێراق باش بووە بەڵام بە پێی نیگەرانییەکانی شارەزایانی کاروباری بازرگانی بۆ داهاتوو، دەبێت هەنگاوی جیدی لە پێناو پاراستن و گەشەپێدانی ڕۆڵ و پشکی ئێران لە بازاڕی عێراقدا هەڵبگیرێت.
مەرجەکانی گەشەپێدانی بازرگانی ئێران لە گەڵ عێراق
یەحیا ئالی ئێسحاق سەرۆکی ژووری هاوبەشی بازرگانی ئێران – عێراق بە ئاماژە بەوەی کە بازاڕی عێراق تا 15 ساڵی داهاتووش دەرفەتی هەناردەکردنی کاڵای ئێرانی هەیە، وتی: بازرگانی 20 ملیار دۆلاری لە گەڵ عێراق دەکرێت مسۆگەر بکرێت بەڵام بۆ ئەمەش سێ مەرجی سەرەکی هەیە کە بریتین لە: ناسینەوەی ڕاستەقینەی بازاڕ، ئیرادە و ئیش و کاری پیشەیی.
ناوبراو سەبارەت بە چۆنیەتی پاراستنی بازاڕی عێراق بۆ ئێران بە هەبوونی ڕکابەرەکانی دیکەوە، وتی: دەبێت بزانین کە ڕکابەری بەهێز لە بازاڕی عێراقدا بوونیان هەیە و بە باشتربوونی دۆخی ئەمنی هەوڵ دەەن پشکی خۆیان لەم بازاڕە زیاتر بکەن و لە تایبەتمەندییەکانی بازاڕی بازرگانی عێراق کەڵک وەربگرن، هەر بۆیە بۆ پاراستن و گەشەپێدانی پشکی ئێران دەبێت بە پێی هەلومەرجی ئێستای ئەم بازاڕە هەڵسووکەوت بکەین و بە پێچەوانەی ئەمەوە پشکی خۆمان لە دەست دەدەین.
کەڵک وەرگرتن لە دیپلۆماسی ئابوری بۆ گەشەپێدانی بازرگانی
ئالی ئێسحاق جەختی لە سەر پێویستی کەڵک وەرگرتن لە دیپلۆماسی ئابوری، وتی: دیپلۆماسی ئابوری پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی لە نێوان ستراتیژی بازرگانی و ئابوری لە گەڵ گەشە و ئاسایش و سەقامگیری وڵاتان هەیە، هەر بۆیە چۆنیەتی ئامادەبوون لە پەیوەندییە ئابورییەکانی جیهان ڕۆڵی کاریگەری لە بوارەکانی سیاسی، کەلتوری و ئابوری هەیە بەڵام لە ئێستادا پێگەی ئێمە لە دیپلۆماسی ئابوری بە پێی پێویست نییە.
سەرۆکی ژووری هاوبەشی بازرگانی ئێران و عێراق وتی: بە پێی پێویستی دیپلۆماسی ئابوری، پێشنیاری ئەوەمان داوەتە جێگری یەکەمی سەرۆک کۆماری ئێران کە ئەنجومەنی دیپلۆماسی ئابوری پێک بهێندرێت کە لە ژێر چاودێری ئەواندا بێت و دەسەڵاتەکانیشی لە ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی و هەر سێ سەرۆکایەتییەکە وەربگرێت، بە شێوازێک کە ئەگەر ئەنجومەنەکە بڕیارێکی دەرکرد کەس نەتوانێت ڕێگری لە جێبەجێکردنی بکات.
چۆن هەلومەرجی بازرگانی لە گەڵ عێراق باشتر بکرێت؟
دەبێت گرنگی بەمەش بدەین کە عێراق هەوڵ دەدات لە وڵاتێکی هاوردەکارەوە ببێتە وڵاتێکی وەبەرهێنەر و تەنانەت لەم وڵاتەدا یاسایەک بۆ پشتیوانی و پشتگیری لە وەبەرهێنەران پەسەند کراوە کە بە پێی ئەو یاسایە پشتیوانی تەواو لە وەبەرهێنەرانی جۆرەکانی کاڵای وەک چیمەنتۆ، مادە خۆراکییەکان و …. دەکرێت، لە ئێستای عێراقدا خواست لە سەر هاوردەکردنی ئەو کاڵا و بەرهەمانەی کە لە ناوخۆی ئەو وڵاتەدا بەرهەم دێت کەم بووەتەوە و زیاتر خواست لە سەر هاوکاری و وەبەرهێنانی هاوبەشە.
سەبارەت بەمەش، جەهانبەخش سەنجابی شیرازی سکرتێری ژووری هاوبەشی بازرگانی ئێران و عێراق بە ئاماژە بە بوونی ڕکابەرە بەهێزەکان لە بازاڕی عێراق و هەروەها گۆڕینی سیاسەتە ئابوری و بازرگانییەکانی ئەم وڵاتە، وتی: ئەگەر گۆڕانکاری لە بیرکردنەوە و کارکردنمان لە بازاڕی عێراقدا نەکەین ئەم بازاڕە لە دەست دەدەین.
ناوبراو وتی: لە ئێستادا بازرگانی عێراق زیاتر لای وڵاتانی ئیمارات، چین و تورکیایە و ئەمەش لە کاتێکدا کە بازاڕەکە بۆ هەناردەی کاڵای ئێرانی زۆر گرنگە و لە هەر 5 دۆلاری کەرتی هەناردە یەک دۆلاری بۆ عێراقە و بە لەدەستدانی ئەم بازاڕە لە سەدا 20 ی کۆی گشتی هەناردە لە دەست دەدەین، بەم هۆیەوە پاراستن و گەشەپێدانی ڕۆڵ و پشکی ئێران لە بازاڕی عێراق زۆر گرنگە.
سەنجابی شیرازی وتی: بە دڵنیاییەوە کە داهاتووی بازرگانی ئێران لە گەڵ عێراق جێی نیگەرانییە، ڕەنگە تا ساڵی 2025 بتوانین بەم شێوازە درێژە بە هەناردە بدەین بەڵام بە پێی پلانەکانی عێراق و ڕکابەرەکانی ئێمە، بازاڕەکە بە پێی بەرژەوەندییەکانی ئێمە نابێت.
وتیشی کە پشکی ئێمە لە بازاڕی عێراق لە سەدا 14 ی بازاڕی ئەم وڵاتەیە و دەکرێت بۆ لە سەدا 20 بەرز ببێتەوە بەمەرجێک کە گۆڕانکاری لە شێوازەکانی بازرگانیدا بکەین، ئەگەر بەم شێوازەی ئێستا درێژەپێدەر بین بە دڵنیاییەوە تووشی زیان دەبین.
سکرتێری گشتی ژووری بازرگانی هاوبەشی ئێران و عێراق وتی: لە داهاتوودا بە شێوازی بازرگانیی ئێستا ناتوانین لە گەڵ عێراق بەردەوام بین و دەبێت بە جۆربەجۆرکردنی بەرهەمەکان ئەم بازاڕە بپارێزین.
گەشەی هەناردەی ئێران بۆ عێراق
سەبارەت بە دوایین دۆخی بازرگانی ئێران و عێراق، سەید حەمید حوسێنی ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتی ژووری هاوبەشی بازرگانی ئەم دوو وڵاتە ڕایگەیاندووە کە سەرەڕای ئەو کێشە و گرفتانەی بۆ هەناردەکارانی کاڵا بۆ عێراق هەبووە و هەروەها بە پێی ئەو بەربەستانەی بانکی ناوەندی عێراق بۆ دابینکردنی دۆلاری کڕینی کاڵا لە ئێران دایناوە، ڕێژەی هەناردەی ئێران بۆ عێراق باشتر بووە و هەناردە بۆ عێراق لە سەدا 30 بەرز بووەتەوە.
ناوبراو وتی: لە 7 مانگی ڕابردووی ساڵی 1402 ی کۆچی هەتاوی، هەناردەی ئێران بۆ عێراق 5 ملیار و 400 ملیۆن دۆلار بووە، لە کاتێکدا کە لە ماوەی هاوشێوەی ساڵی ڕابردوو کۆی گشتی هەناردەی ئێران بۆ عێراق 4 ملیار و 200 ملیۆن دۆلار بووە.
حوسێنی وتی: ئەمساڵ ڕێژەی هەناردەی نەوتی عێراق زیاتر بووە و بودجەی ئاوەدانکردنەوەی ئەم وڵاتە دیاریکراوە و لە لایەکی دیکەوە چەندین پرۆژەی گەورە لەم وڵاتەدا دەستیان بە چالاکی کردووە، هەر بۆیە بە پێویستی دەزانین کە لەم دەرفەتە بۆ زیاترکردنی ڕێژەی هەناردە کەڵک وەربگرین و کۆی گشتی هەناردەمان بۆ عێراق تا 12 ملیار دۆلار بەرز بکەینەوە./.