بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، نووسینگەی هاوئاهەنگی کاروباری مرۆڤدۆستانەی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاندووە کە خەمڵاندەکانی بەرنامەی جیهانی خۆراک پیشان دەدات کە پاشەکەوتی مادە خۆراکییەکان لە کەرتی غەززە تەنیا بۆ چەند ڕۆژی داهاتوویە.
لە پەیامێکی ئەو نووسینگەیەدا هاتووە کە دەستخستنی مادە خۆراکییەکان بووەتە قەیرانێکی گەورە لە غەززە و لە ئێستادا بە هۆی ڕێژەی ڕووخانەکانەوە و هەروەها بە هۆی نەبوونی ئارد و سووتەمەنی، تەنیا چەند نانەواخانەیەک لە غەززە چالاکی دەکەن.
نووسینگەی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان هەورەها ئاماژەی بە خەمڵاندنەکانی بەرنامەی جیهانی خۆراک داوە و ڕایگەیاندووە کە دابینکردنی مادە خۆراکییەکان لە کەرتی غەززە تەنیا بۆ چەند ڕۆژی دیکە بەردەوام دەبێت.
لە لایەکی دیکەوە چاودێری مافی مرۆڤ ڕایگەیاندووە کە شەڕی برسیکردنی خەڵکی کەرتی غەززە لە لایەن ئیسرائیلەوە بە ئامانجی ڕێگری لە فرۆشتنی مادە خۆراکییەکان و هەروەها بە بۆردومانکردنی نانەواخانەکان و سەنتەرەکانی دابەشکردنی ئاو بەردەوامە.
ئەو دامەزراوەیە ڕایگەیاندووە کە لەم ماوەیەدا ئیسرائیل شەڕێکی گەورەی بە ئامانجی برسیکردنی خەڵکی غەززە دەستپێکردووە و لە ئەنجامی ئەم شەڕەش دۆخی ژیانی خەڵک گەیشتووەتە ئاستی کارەساتێکی گەورە.
ڕاشیگەیاندووە کە ئیسرائیل بە ئەنقەست بۆردومانی موەلیدەکانی کارەبا و یەکە وەبەرهێنەرەکانی کارەبا لە وزەی خۆر دەکات کە لە لایەن ناوەندە بازرگانی و ڕێستورانت و دامەزراوەکانی دیکەوە بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکانی خۆیان بەکار دەهێندرێن.
هەروەها سامح شوکری وەزیری دەرەوەی میسر ڕایگەیاندووە کە ڕژێمی زایۆنیستی بە ئامانجی گوشارخستنە سەر دانیشتووانی کەرتی غەززە، ڕێگری لە گەیشتنی هاوکارییە مرۆییەکان لە ڕێگای دەروازەی سنوری ڕەفەحەوە دەکات./.