بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، بە هۆی شەڕ و هێرشە دڕندانەکەی ڕژێمی زایۆنیستی بۆ سەر کەرتی غەززە، لە عێراقیش گۆڕانکارییەکان بە خێرایی دەبینرێن و بۆ نموونە دەتوانین ئاماژە بە ئاڵۆزبوونی پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و واشنتن بدەین.
ئەمریکا ژمارەی دیپلۆماتکاران و فەرمانبەرانی باڵیۆزخانەکەی لە بەغدا لە کاردانەوەی بەرامبەر بە هێرشی سەر بنکە سەربازییەکانی لە عێراق کەمکردووەتەوە و داوای لە هاووڵاتیانیشی کردووە سەردانی ئەم وڵاتە نەکەن.
ئەمەش لە کاتێکدایە کە محەممەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیران و فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق هەوڵی کۆنتڕۆڵکردنی ئەم ئاڵۆزییەکی نێوان گرووپەکانی خۆڕاگری و ئەمریکا دەدات.
بە ڕای چاودێرانی کاروباری سیاسی، ئاڵۆزییەکانی نێوان بەغدا و واشنتن، ڕەنگە بگاتە پێداچوونەوەی ئەمریکا لە سەر پەیوەندییەکانی لە گەڵ عێراق و سەردانە چاوەڕوانکراوەکەی سودانی بۆ واشنتن، لە هەمان کاتدا وا دەکات ئەو ڕاستییە دووبارە ببێتەوە کە حکومەتی عێراق لە ڕووی سیاسی و سەربازییەوە هاوپەیمانی ئێرانە نەک ئەمریکا.
بەڵام سەرچاوەکانی نزیک لە گرووپەکانی خۆڕاگری جەختیان لەوە کردووەتەوە کە هێرشەکان بۆ سەر بنکە سەربازییەکانە نەک ناوەندە دیپلۆماسییەکانی ئەمریکا و لەو بڕوایەدان کە گوشارەکانی ئەمریکا بە ئامانجی گۆڕینی هەڵوێستی عێراق لە پرسی فەڵەستین دەکرێت.
ئێحسان شمەری بەرپرسی سەنتەری هزری سیاسی لە عێراق ڕایگەیاندووە کە بەیاننامەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا پیشان دەدات کە ئەگەری ئەوە لە ئارادایە عێراق ببێتە شوێنی شەڕ و پێکدادانی نێوان گرووپەکانی خۆڕاگری و ئەمریکا.
ناوبراو ڕایگەیاندووە کە ئەمریکا دەیەوێت پێداچوونەوە بە سەر پەیوەندییەکانی لە گەڵ عێراق بکات و لە لایەکی دیکەوە چاوەڕوانی ئەوە دەکات سودانی بتوانێت کۆنتڕۆڵی بارودۆخەکە بکات و حکومەتی بەغدا پابەندی ڕێکەوتنی ستراتیژی لە گەڵ واشنتن بێت.
شمەری وتی: ئەگەر هێرشێکی گەورەتر بکرێتە سەر هێزەکانی ئەمریکا و زیانی گیانی بە دواوە بێت، ڕەنگە سەردانە چاوەڕوانکراوەکەی سودانی بۆ واشنتن نەکرێت، لە لایەکی دیکەوە ئەمریکاش وەڵامی هێرشەکان دەداتەوە.
بەرپرسی سەنتەری هزری سیاسی عێراق وتی: شەڕی غەززە بە ئەمریکییەکانی سەلماندووە کە عێراق ناتوانێت شوێنێکی پارێزراو بۆ ئەوان بێت، بەڵام سەرەڕای پەیوەندی نێوان ئەمریکا و حکومەتی عێراق، ئەم بارودۆخە لێکەوتە و کاریگەریی لە سەر هەر دوو لا دەبێت.
لە لایەکی دیکەوە غالب دلێمی شرۆڤەکاری سیاسی عێراقی ڕایگەیاندووە کە هۆشدارییەکانی ئەمریکا بەرامبەر بە عێراق، بە تەواوی ئاساییە و ئەمریکا لە هەر شوێنێکی دیکەی جیهان کە شەڕ و پێکدادانی تێدا هەبێت بەیاننامەی لەم شێوەیە دەردەکات و ئەویش لە پێناو پاراستنی هاووڵاتیان و دیپلۆماتکاران و سەربازەکانی خۆی.
ناوبراو وتی: پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و عێراق هێندە سەقامگیر نەبووە و واشنتن ئەوە دەزانێت حکومەتی بەغدا لە ژێر گوشاری خەڵک و لایەنە سیاسییەکاندایە و ئەمەش کاریگەری لە سەر پەیوەندییەکان دادەنێت.
هەروەها کازم حاج شارەزا لە کاروباری سیاسی ڕایگەیاندووە کە ئەمریکا دەیەوێت بە بەیاننامەیەک بە هۆی پشتیوانی لە گەلی فەڵەستین، حکومەتی عێراق ڕوبەڕوی گوشار و هەڕەشە بکاتەوە.
ناوبراو وتی: دۆخی ئەمنی عێراق باشە و دۆخەکە لە ژێر کۆنتڕۆڵدایە و هیچ نیگەرانییەک لە سەر شاندە دیپلۆماسییەکان نییە و هیچ هەڕەشەیەک بۆ ئەوان بوونی نییە. هەڵوێستی حکومەتی عێراق ڕوونە و ئەویش پاراستنی شاندە دیپلۆماسییەکانە و گرووپە چەکدارەکانیش هیچ کات هێرشیان نەکردووەتە سەر شاندە دیپلۆماسییەکان.
کازم حاج وتی کە هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق دەکرێنە ئامانج و ئەمەش بە واتای هێرشی سەر شاندە دیپلۆماسییەکان نییە، بە تایبەت ئەوەی کە ئەم هێزانە لە پاش پەسەندکردنی یاساکەی پەرلەمان وەک داگیرکار لە خاکی عێراقدا ماونەتەوە.
ناوبراو وتی کە ئەمریکا هەوڵ دەدات بەم گوشار و هەڕەشانە هەڵوێستی عێراق لە بەرامبەر فەڵەستین بگۆڕێت./.