بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، شێخ نەعیم قاسم جێگری ئەمینداری گشتی حزبوڵڵای لوبنان لە میانەی وتارێکی سەبارەت بە شەڕی ئێستای غەززە و تاوانە دڕندانەکانی ڕژێمی زایۆنیستی، وتی: بە ڕەوتی ستەمکاری جیهانی دەڵێین کە شەڕ ڕابگرن تا پەرە نەستێنێت و سەبارەت بە داواکارییەکانیشتان بۆ بەشدارینەکردنی حزبوڵڵا لە شەڕی دژ بە ڕژێمی زایۆنیستی بە ئامانجی تەنیا مانەوەی فەڵەستین، دەبێت ئەوە بزانن کە ئەم داواکارییە هیچ کات مسۆگەر نابێت.
شەڕی غەززە داڕمانێکی ئەخلاقی بۆ وڵاتانی ڕۆژئاوایە
جێگری ئەمینداری گشتی حزبوڵڵای لوبنان وتی: ئەمریکا هاوبەشی تەواوی تاوانەکانی ڕژێمی زایۆنیستییە لە کەرتی غەززە و لە ڕاستیدا ئەمریکایە کە تاوانەکان بەڕێوە دەبات و ڕێگری لە ئاگربەست دەکات. ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوا لە ئاستی ئەخلاقی و پەروەردە و ڕۆشنبیری تووشی داڕمانێکی گەورە بوون و درۆبوونی درووشمەکانی ئەوان سەبارەت بە دیمۆکراسی و مافی مرۆڤ و بەرگری لە ژنان و منداڵان و …. بۆ هەمووان ئاشکرا بووە. ڕۆژئاوا و ئەمریکا وەک دێوەزمەیەک لە پشتەوەی درووشمەکان خۆیان حەشار داوە و پاش ئاشکرابوونی ئەم فریو و پیلانگێڕییە، پێگەی نەبووی خۆیان لە دەست داوە.
یەکڕیزی موسڵمانان بۆ بەرگری لە فەڵەستین پێویستە
ناوبراو وتی: ئەمڕۆ دەبینین کە موسڵمانان بە شێعە و سوننەوە لە بەرەیەکی یەکگرتوودا دژی ڕژێمی زایۆنیستین. گەلی فەڵەستین کە بوێری و خۆڕاگری و بەرگریدا نموونەن و گەلێکن شکست ناهێنن. ئۆپەراسیۆنی زریانی ئەقسا دەستپێکی ڕووخانی ڕژێمی زایۆنیستی بووە و تێپەڕبوونی کات ئەوە پیشان دەدات کە ئەم زریانە چۆن بێهیوایی و ترس و لاوازیی بە سەر زایۆنیستەکاندا زاڵ کردووە.
جێگری ئەمینداری گشتی حزبوڵڵای لوبنان وتی: تاوانەکانی ڕژێمی داگیرکاری زایۆنیستی لە دژی خەڵکی سڤیل و هێرشە دڕندانەکان و کوشتاری ژنان و منداڵان و بۆردومانکردنی نەخۆشخانە و بنکە تەندرووستییەکان، دەبێتە هۆی پابەندبوونی زیاتری گەلی فەڵەستین بەرامبەر بە خاک و نیشتمانی خۆیان. هیچ یەک لە تاوانەکانی ڕژێمی زایۆنیستی نابێتە هۆی ترس و پاشەکشەی گەلی فەڵەستین، بەڵکوو ئیرادەی ئەوان بۆ ڕوبەڕوبونەوەی دوژمن زیاتر دەکات. کاتێک خانوویەک لە غەززە دەڕووخێت، چەندین خانوو لە دڵی خەڵکی غەززە و هەموو ئەوانەی کە بڕوایان بە فەڵەستین و قودس هەیە، درووست دەکرێت.
هیچ جیاوازییەک لە نێوان فەڵەستین و لوبناندا نییە
شێخ نەعیم قاسم بە ئاماژە بەوەی کە خۆڕاگریی لوبنان لە قووڵایی شەڕی دژ بە ڕژێمی زایۆنیستیدایە، وتی: حزبوڵڵا بەشێکە لە خەباتی ئازادکردنی فەڵەستین و فەڵەستین ڕێگای ئازادی و سەربەرزی ناوچەکە و ئازادی لوبنان و سەربەخۆیی ئەم وڵاتەیە. ئێمە هیچ کات ئازادی فەڵەستین و لوبنان و ناوچەکە لێک جیا ناکەینەوە و هیچ جیاوازییەک لە نێوان ئەمانەدا دانانێین، لە بەر ئەوەی کە ڕژێمی زایۆنیستی، فەڵەستینی کردووەتە بنەمای پرۆژەی داگیرکاری خۆی بەڵام سەرقاڵی داگیرکردنی ناوچەکەیە بە گشتی و لە بوارە جیاجیاکانی وەک کەلتوری، سیاسی، ئابوری و …. . هەر بۆیە ئێمە بە شێوازی کاریگەر لە گۆڕەپانەکەداین تا ڕوبەڕوی پیلانەکانی ڕژێمی زایۆنیستی ببینەوە.
ئەو بەرپرسەی حزبوڵڵا پرسیاریکرد کە بۆ زایۆنیستەکان و لایەنگرانی ئەوان مافیان هەیە بە دەسدرێژی و تاوان و کوشتنی خەڵکی سڤیل و داگیرکردنی خاک پێکەوە گردببنەوە بەڵام زوڵملێکراوەکان و خۆڕاگران مافی ئەوەیان نییە پێکەوە یەکگرتوو بن؟ داگیرکاران و لایەنگرانی ئەوان دەیانەوێت ناکۆکی نێوان وڵاتان و گەلانی ئیسلامی زیاتر بکەن بەڵام ئێمە پێکەوە یەکگرتوو دەبین و بۆ خۆڕاگریش هەوڵ دەدەین.
شێخ نەعیم قاسم لە کۆتاییدا وتی: ئێمە لە گەڵ فەڵەستینییەکان یەک ماف و ئامانجمان هەیە و قودس دەبێت ئازاد بکرێت و هەموومان لە ڕێگای قودسداین و بە خواستی خودای گەورە لە ئازادکردنیدا پشکدار دەبین./.