بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، محەممەد بااقر قاڵیباف سەرۆکی پەرلەمانی ئێران لە ڕێوڕەسمی 13 ی گەڵاڕێزان (ساڵیادی کۆنتڕۆڵکردنی بنکەی سیخوڕی ئەمریکا لە تاران) وتی: ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی بە تایبەت ڕژێمی زایۆنیستی و بەریتانیای ناپاک، هەموو کات هەوڵی زوڵم و ستەم و تاوانیان لە ئێران داوە، هەمیشە لە مێژوودا ئەمریکییەکان لە هەر هەلومەرجێکدا لە بەرامبەر ئاسایش و بەرژەوەندی و پێشکەوتن و سەربەخۆیی نیشتمانیی ئێمەدا وەستاون، کودەتایان کردووە، شەڕیان هەڵگیرساندووە، مێژوو لە سەر ئەمە شایەتی دەدات، ئێمە خۆڕاگرانە پیلانەکانی ئەوانمان پووچەڵ کردووەتەوە، ئەوان دەیانەوێت ئەم خۆڕاگرییەی ئێمە لە ناو ببەن.
ناوبراو بە ئاماژە بە ڕووداوەکانی فەڵەستینی داگیرکراو وتی: گومان لەوەدا نییە کە خۆڕاگری لە بەرامبەر دوژمنان تێچووی هەیە، بەڵام خۆبەدەستەوەدان تێچوویەکی زیاتری هەیە، تەنانەت زیاتر لە خۆڕاگری. تێچووی خۆڕاگری وەک سەرمایەگوزارییە بەڵام تێچووی خۆبەدەستەوەدان باجدانە، خۆبەدەستەوەدان دەبێتە هۆی لەدەستدانی مرۆڤایەتی و ئازادەیی و کەرامەت. کۆتایی ڕێگای سازشت مایەپووچییە و کۆتایی ڕێگای خۆڕاگری، سەرکەوتن و سەربەرزییە.
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران وتی: ڕژێمی زایۆنیستی بە درێژایی ساڵانی ڕابردوو بانگەشەی بوونی سوپا و دەزگای هەواڵگری بەهێزی دەکرد، شانازییان بە مۆساد و سیستەمی گومەزەی ئاسنینەوە دەکرد، سەید حەسەن نەسروڵڵا وتی کە هەمووان دەڵێن ڕژێمی زایۆنیستی چەندە لاواز و بێ بەرگرییە.
محەممەد باقر واڵیباف وتی: بۆردومانکردن و کوشتاری ژنان و منداڵان بەرگری نییە و بە سەرکەوتن هەژمار ناکرێت، ئەمە شکست و سەرشۆڕییە، ڕژێمی زایۆنیستی و ئەمریکای تاوانبار بزانن هەر کارێک لە غەززە بکەن، ئەم هاوکێشەیە بەرەو گۆڕانکاری نابرێت و شکستەکەیان هیچ کات قەرەبوو ناکرێتەوە.
ناوبراو وتی: نتانیاهۆی ناپاک دەبێت بزانێت کە یەکەم قوربانی ئەم ڕووداوانە دەبێت، ئەمریکاش هۆکاری سەرەکی هەموو ئەو تاوانانەیە کە لە غەززە دەکرێت، زایۆنیستەکان بە پشتیوانی ئەمریکا ئەم هەموو تاوانە دەکەن./.