بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، حوجەتوڵڵا عەبدولمەلکی ڕۆژی پێنج شەممە خاڵی سنوری باشماخی بەسەرکردەوە و وتی: بە جێگیربوونی ناوچەی ئازادی بازرگانی بانە و مەریوان، دەرفەتی سەرمایەگوزاری زیاتر دەبێت و ئەو کۆمپانیانەی کە جێگیر دەبن، کەڵک لە تایبەتمەندییەکانی ناوچە ئازادەکان وەردەگرن.
ناوبراو وتی: جێگیربوونی ناوچەی ئازادی بازرگانی بانە و مەریوان و دەستبەکاربوونی، گەشەی ژێرخانەکانی خاڵی سنوری باشماخی بە دواوە دەبێت.
عەبدولمەلکی وتی: دەبێت ناوچەی ئازادی بازرگانی بانە و مەریوان بکرێتە نموونەیی لە ئاستی ئێران و دەزگاکانی جێبەجێکار لە خاڵی سنوریدا بە باشترین شێواز ئەرک و ڕاسپاردەکانی خۆیان جێبەجێ بکەن و داهاتوویەکی ڕوون چاوەڕوانی مەریوان و ئێران بە گشتی بکات.
سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ناوچەی ئازادی بازرگانی، پیشەسازی و تایبەتی ئابوری ئێران وتی: ناوچەی ئازادی بازرگانی بانە و مەریوان پەیوەندی بە ئابوری نیشتمانی و تەواوی خەڵکی ئێرانەوە هەیە و سەرۆک کۆماریش بە تایبەت بەدواداچوونی بۆ دەکات.
حوجەتوڵڵا عەبدولمەلکی وتی: خاڵی سنوری باشماخ یەکێکە لە دەروازە سەرەکییەکان و بۆ ئابوری ئێران گرنگ و ستراتیژییە و ساڵانە لەم خاڵە سنورییەوە زیاتر لە 6 ملیار دۆلار کاڵا بە شێوازی ترانزێتی یان هەناردە و هاوردە ئاڵوگۆڕ دەکرێت.
وتیشی کە ناوچەی ئازادی بازرگانی بانە و مەریوان سەرەتای هەفتەی داهاتوو دەخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە و بەڕێوەبەرەکەشی دەستنیشان و جێگیر دەکرێت./.