بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران ڕۆژی سێ شەممە 31 ی تشرینی یەکەمی 2023 لە سەردانەکەی بۆ دەوحەی قەتەر لە گەڵ ئیسماعیل هەنیە سەرۆکی مەکتەبی سیاسی بزوتنەوەی حەماس کۆبووە.
ئەمیر عەبدوڵڵاهیان لەو کۆبوونەوەدا وتی: گومان لەوەدا نییە کە گەل و خۆڕاگریی فەڵەستین براوەی سەرەکی ئەم شەڕەن و ڕژێمی زایۆنیستی تێکشکاوە.
ناوبراو وتی: ناوچەکە لە قۆناغی بڕیاردانێکی گەورەدایە و گرووپەکانی خۆڕاگری لە ناوچەکە خۆیان بڕیار دەدەن و چاوەڕوانی بڕیارە سیاسییەکان نامێننەوە و لە ئەگەری بەردەوامی تاوانەکانی ڕژێمی زایۆنیستی و پەرەسەندنی ئەم شەڕە، هیچ لایەنێک لە کاریگەرییەکانی بە دوور نابێت.
وەزیری دەرەوەی ئێران وتی: ئەمریکا لایەنی سەرەکی شەڕی غەززەیە و ناتوانێت داوا لە لایەنەکانی دیکە بکات لە بەرامبەر تاوانەکانی ڕژێمی زایۆنیستی دان بە خۆدا بگرن.
ئەمیر عەبدوڵڵاهیان دەنگی پاڵپشتی وڵاتانی جیهانی لە فەڵەستین لە دانیشتنی ئەم دواییەی کۆمەڵەی گشتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و هەروەها خۆپێشاندان و ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی لە وڵاتانی جیاجیای جیهان بە پیشاندەری ڕق و نەفرەتی جیهانی لە ڕژێمی داگیرکاری زایۆنیستی و لایەنگرانی ناو برد./.