بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئەمیر سەعید ئیروانی باڵیۆز و نوێنەری هەمیشەیی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە میانەی وتارێکی لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی (دووشەممە 30 ی تشرینی یەکەم) سەبارەت بە دۆخی غەززە و هێرشەکانی ڕژێمی زایۆنیستی بۆ سوریا، وتی: بەداخەوە پاش تێپەڕبوونی 13 ساڵ بە سەر قەیرانی سوریا، تیرۆریزم بەردەوام وەک هەڕەشەیەکی گرنگ و هەمیشەیی بۆ ئەم وڵاتە و ناوچەکە ماوەتەوە و چالاکییەکانیشی لە ناوچەکانی دەرەوەی دەسەڵاتی حکومەتی سوریا چڕ کردووەتەوە.
ناوبراو وتی: ئێمە نیگەرانی چالاکییە تیرۆریستییەکانین لە ناوچە داگیرکراوەکانی سوریا، بوونی نایاسایی هێزەکانی ئەمریکا لە سوریا بووەتە سەرچاوەی سەرەکی ئاڵۆزییەکانی ئەم وڵاتە و کەشێکی لەباری بۆ گەشەی گرووپە تیرۆریستییەکان لە ناوخۆی سوریا و ناوچەکە دابین کردووە.
ئیروانی وتی: کۆماری عەرەبیی سوریا بە فەرمی و بەردەوام ناڕەزایەتی خۆیی لە بەرامبەر هێرشەکانی ئەمریکا دەربڕیوە و داوای لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کردووە دەسدرێژییەکان ڕابگرێت و کۆتایی بە داگیرکاری ئەمریکا بێنێت.
باڵیۆزی ئێران وتی کە هێرشەکانی ڕژێمی زایۆنیستی بۆ سوریا بە هەڕەشەیەکی جیدی بۆ ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە دادەنرێت.
ئەمیر سەعید ئیروانی وتی: لە ڕاستیدا ئەمریکایە کە بە پشتیوانی تەواو لە ڕژێمی زایۆنیستی هەوڵی پەرەسەندنی ئاڵۆزییەکان لە ناوچەکە بە تایبەت لە شەڕی ئێستای غەززە دەدات، وڵاتانی ڕۆژئاوا چارەنووسی گەلی فەڵەستین و خۆڕاگریی ئەم گەلەیان لە گەڵ تیرۆریزم کردووەتە یەکێک و بە ناوی بەرگری ڕەوا بە نادادپەروەرانە پشتیوانی لە زایۆنیستەکان دەکەن.
ناوبراو وتی: ئامانجی سەرەکی ئێران ڕێگرییە لە پەرەسەندنی ئاڵۆزییەکانی ئێستای کەرتی غەززە و بەم هۆیەوە بۆچوونمان لە گەڵ زۆربەی وڵاتان ئەوەیە کە دەستبەجێ هێرشە دڕندانەکانی ڕژێمی زایۆنیستی ڕابگیرێت، ئاگربەست بکرێت و هاوکارییە مرۆییەکان بە دەستی خەڵکی غەززە بگات، سەرەڕای ئەمەش لە ئەگەری هەر هەڕەشە و هێرشێک کە ئاسایشی نیشتمانی و بەرژەوەندییەکانی خەڵک بکاتە ئامانج، وەڵامی یەکلاکەرەوەمان دەبێت و کۆماری ئیسلامی ئێران لە کەڵک وەرگرتن لە مافەکانی خۆی لە چوارچێوەی یاسا نێودەوڵەتییەکان و جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان هیچ درەنگ ناکات./.