بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، کاردانەوە ناڕەزایەتییەکان هێندە زۆرە کە بەرپرسانی ڕژێمی زایۆنیستیی توڕە کردووە. لە ڕۆژانی ڕابردوودا سەرەکیترین کاری بەرپرسانی ڕژێمی زایۆنیستی نەک تەنیا لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، بەڵکوو لە میدیا کاریگەرەکانی جیهان ئەوەیە کە بە زمانێکی توند و توڕەییەکی زۆر و کەم وێنە لە دژی ڕای گشتی کاردانەوەیان هەبێت.
زایۆنیستەکان بڕوایان بەوە نەبووە کە لە ماوەیەکی زۆر کەمدا پاش هێرشەکەی 7 ی تشرینی یەکەمی 2023 ی بزوتنەوەی حەماس بۆ ناو سنورە ئەمنییەکانی ئەودیوی غەززە، پێگەی نەبووی خۆیان لای ڕای گشتی جیهان وەها لە دەست بدەن و هەست بە شکست بکەن. ئەوان وایاندەزانی کە بە پشتیوانییەکانی ئەمریکا و چەند وڵاتێکی ئەورووپی وەک بەریتانیا و فەرەنسا، دەرفەتی وەڵامدانەوەی سەربازییان نەک تەنیا لە دژی حەماس لە غەززە، بەڵکوو لە دژی فەڵەستینییەکانی کەرتی خۆرئاوا بە دەست هێناوە. هەر بۆیە هێرشەکانی ئەوان وەڵامی هێرشەکەی حەماس نەبووە، بەڵکوو هەوڵێکە بۆ کۆمەڵکوژی فەڵەستینییەکان. بەدەر لەمەش پڕوپاگەندەکانی ئەوان بۆ ڕووخانی تەواوی غەززە و چۆڵکردنی لە دانیشتووانەکەی، لە لایەن بەرپرسانی توندڕەوی کابینەکەی نتانیاهۆ پێشوازی لێکرا.
کاردانەوەکان لە بەرامبەر تاوانەکانی سوپای ڕژێمی زایۆنیستی تەنیا لە سەر کوشتارەکەی غەززە نەبووە، بەڵکوو زۆربەی بۆ ئامانج و پیلانەکانی ئەم ڕژێمە بە هۆی شکستە گەورەکەی تەل ئەبیب و نتانیاهۆ دەگەڕێتەوە. نتانیاهۆ پلانی ئەوەی هەیە کە بە کەڵک وەرگرتن لەو کەشەی کە لە ناوخۆی ئیسرائیل و لای وڵاتانی ڕۆژئاوا سەبارەت بە زیان و شکستەکانی لە ئەنجامی هێرشەکەی زریانی ئەقسای حەماس دەبینرێت، دانیشتووانی کەرتی غەززە بەرەو ناوچەیەکی دیکە دەربکات بەڵام وڵاتانی ڕۆژئاوا سەرەڕای پشتیوانییان بۆ تەل ئەبیب، گرنگییان بەم پیلانەی نتانیاهۆ و کابینە توندڕەوەکەی نەدا.
شکستەکەی نتانیاهۆ و حکومەتەکەی هەر ئەمە نەبووە. سوپای ڕژێمی زایۆنیستی کە ئەزموونی ئامادەبوونی لە کەرتی غەززە هەیە، باش لەو ڕاستییە تێگەیشتووەتە کە هێرشی وشکانی بۆ سەر ئەم ناوچەیە بە واتای کەوتنە ناو گێژاوێکە و بە ئاسانی دەربازبوونی لێ مسۆگەر نابێت. شەڕی کۆڵان بە کۆڵانی حەماس و تونێلە ژێرزەوینییەکانی غەززە دەتوانێت ڕژێمی زایۆنیستی لەمە زیاتر تووشی شکست و ئابڕوچوون بکاتەوە.
ڕژێمی زایۆنیستی و نتانیاهۆ لە 7 ی تشرینی یەکەمی 2023 تووشی شکستێکی گەورەی سەربازی و هەواڵگری بوون. ئەو هەموو زیانە بەر زایۆنیستەکان کەوتووە، بە تاتبەت دیلەکان کە پلەدار و ئەفسەری سوپای ئەم ڕژێمەشیان تێدایە گوزارشت لەم شکست و ئاستەکەی دەکات. پاشان سوپای ڕژێمی زایۆنیستی بۆ هێرشی وشکانی سەر غەززە تووشی شکست بوو و بە سەر شۆڕییەوە پاشەکشەی کرد.
بنیامین نتانیاهۆ دەزانێت کە زایۆنیستەکان بە هۆی نیگەرانییەکانیانەوە موڵەتی هەتا هەتاییان بەو نەداوە، بەڵکوو بەشێک لەم تاوان و دڕندەییەی بەرامبەر بە غەززە پەلەقاژەی مانەوەیە لە دەسەڵات. بە پێی ئەوەی کە حکومەتەکەی نتانیاهۆ خۆی لە بەرامبەر ناڕەزایەتی و چەندین بەربەستی جیدیدا دەبینێت کە قەد بیری لێنەکردووەتەوە./.