بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئایەتوڵڵا سەید ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران لە چاوپێکەوتنی کەناڵی جزیرە، بە ئاماژە بە تاوانەکانی ڕژێمی زایۆنیستی لە غەززە، وتی: زایۆنیستەکان لە هەنگاوێکی کەم وێنە و بەربڵاودا لە ئاسمان، دەریا و وشکانییەوە هێرشیان کردووەتە سەر غەززە بەڵام سەرەڕای بوونی پشتیوانی سەربازی و دارایی ئەمریکا و چەند وڵاتێکی ئەورووپی، ناچار بە کشانەوە کران. ئەم شکست و کشانەوەیە بە دووەم شکستی زایۆنیستەکان لە پاش ئۆپەراسیۆنی زریانی ئەقسا دادەنرێت کە شکستی دووەم تەنانەت لە شکستی یەکەم گەورەتر بووە، لە بەر ئەوەی کە لە شکستی یەکەمدا هێرشەکە لەناکاو بووە بەڵام لە شکستی دووەمەدا زایۆنیستەکان خۆیان بە سوپا و هەموو جۆرە چەکێکەوە هێرشیان کردە سەر غەززە و گرووپەکانی خۆڕاگری ئەوانیان ناچار بە کشانەوە کرد، ئەم ڕووداوەش سەرکەوتنێکی گەورەی دیکە بە ناوی گەلی فەڵەستینەوە بووە.
دەقی وتووێژەکەی کەناڵی جزیرە لە گەڵ سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران لە درێژەدا هاتووە.
ڕووداوەکانی ئەم ماوەیەی غەززە، دڵتەزێنە و وێژدانی هەر موسڵمان و ئازادیخوازێکی هەژاندووە. تاوانە دڕندانەکانی ڕژێمی زایۆنیستی لە کوشتاری ژنان، منداڵان و بەساڵاچووانی غەززە بە پشتیوانی ئەمریکا و چەند وڵاتێکی ئەورووپی وەک بەریتانیا و فەرەنسا، توڕەییەکی جیهانیی لەم ڕژێمە کاتی و داگیرکارە بە دواوە بووە، بە شێوازێک کە زۆربەی وڵاتانی جیهان و ئازادیخوازان و موسڵمانان لە بەرەیەکدان و دەسەڵاتدارانی ئەمریکا، ئەو چەند وڵاتەی ئەورووپا و ڕژێمی کاتی زایۆنیستی لە بەرەی دیکەدان.
لە لایەکی دیکەوە زۆر گرنگە بزانین کە ئەم ڕژێمە داگیرکارە بە چ هۆکارێک پەنای بۆ ئەم هەموو تاوانە لە دژی فەڵەستینییەکان بردووە؟ هۆکارەکەشی ورە و تێکۆشانی خۆڕاگرانەی خەڵکی فەڵەستینە کە ئامادەن شەهید بن بەڵام خاکی خۆیان بە جێ نەهێڵن و بە خۆڕاگری خۆیان دوژمن تووشی شکست بکەنەوە.
ڕژێمی زایۆنیستی لە ماوەی 75 ساڵی ڕابردوو و بە پشتیوانی ئەمریکا زوڵم و تاوانێکی زۆری بەرامبەر بە گەلی فەڵەستین کردووە، ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی شەهید و کەمئەندام کردووە، ژمارەیەکی زۆریش لە گرتووخانەکانی ئەم ڕژێمەدان، خانووەکانی خەڵکی فەڵەستینی ڕووخاندووە، زەوییە کشتووکاڵییەکانی داگیر کردووە، بەڵام لەوەدا سەرکەوتوو نەبووە کە خەڵک لە خۆڕاگری و بەرگری لە خاک و نیشتمانی خۆیان پاشگەز بکاتەوە. ڕووداوەکانی ئەم دواییەش لە 7 ی تشرینی یەکەمی 2023 ئەنجامی کەڵەکەبوونی ئەو هەموو زوڵم و ستەمەی زایۆنیستەکان بوو کە ئەنجامەکەی سەپاندنی شکستە گەورەکەی تەل ئەبیب لە ئۆپەراسیۆنی کەم وێنەی زریانی ئەقسا بووە.
ئەمریکییەکان بانگەشەی بەرگری لە مافی مرۆڤ دەکەن بەڵام ئەم ڕژێمە کاتی و دژە مرۆییەی بۆ تاوانی زیاتر لە غەززە بە هەموو جۆرە چەک و تەقەمەنییەک پشتیوانی کردووە، ئەوان بۆ ئەم کارەیان چ وەڵامێکیان بۆ گەلی خۆیان و گەلانی جیهان هەیە؟
بە بۆچوونی من ئەوەی کە لەم ڕۆژانەدا لە خۆڕاگری گەلی فەڵەستین دەتوانین تێبگەین، زوڵملێکراوییەکی بەهێزە، وەک چۆن کە ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران باسیان کردووە کە دەتوانین خەڵکی فەڵەستین بە زوڵملێکراو و بەهێز ناو ببەین کە ئەم ورە و خۆڕاگرییە بەم ئامانج و ئیرادەیە بە دڵنیاییەوە سەرکەوتنی کۆتایی بە ناوی گەلی فەڵەستین و بەرەی خۆڕاگری تۆمار دەکات.
ئەمڕۆ و لە شەڕی ئیرادەکاندا لە لایەکەوە گەلێکی زوڵملێکراو لە لایەن ڕژێمی زایۆنیستی و ئەمریکییەکانەوە هەیە و لە لایەکی دیکەشەوە، ستەمکاران، زاڵمان و فیرعەونەکان، واتە ئەمریکا، ڕژێمی زایۆنیستی و چەند وڵاتێکی ئەورووپی بوونیان هەیە و گومان لەوەدا نییە کە لەم شەڕەدا ئیرادەی گەلی فەڵەستین سەردەکەوێت و داهاتوو بە ناوی فەڵەستین و گەلی ئەم وڵاتەوە تۆمار دەکرێت.
ڕژێمی ئیسرائیل دەڵێت کە حەماس هاوپەیمان و هاوبەشی ئێرانە، ئایا ئەمە پشتڕاست دەکەنەوە؟ و لە ئەگەری پشتڕاستکردنەوە، تا چەندە خۆتان لە دەسکەوتی ئۆپەراسیۆنی زریانی ئەقسا بە هاوبەش دەزانن؟
هێزەکانی خۆڕاگری لە فەڵەستین، لوبنان و لە وڵاتانی دیکەی ناوچەکە، هێزێکی هەڵقوڵاوی کۆمەڵانی خەڵکن کە لە دژی زوڵم و تاوان ڕاپەڕینیان کردووە و بەرگری لە مافەکانی خۆیان دەکەن. ئەم هێزانە بە پێی ئەوەی کە لە خەڵکەوە هاتوون، ئاگادار و ووشیارن و بەرگریکردنی ئەوان لە خەڵک و خاکی خۆیان لە بەرامبەر زاڵمان و ستەمکاران، بەرگرییەکی ڕەوایە و بە دڵنیاییەوە لە لایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانیشەوە پشتیوانی دەکرێن. ئەم بابەتەمان بەردەوام بە ئاشکرا و بە فەرمی ڕاگەیاندووە و لەو بڕوایەداین دوژمن دەتوانێت هەندێک جموجوڵی هەبێت بەڵام بەردەوام نابێت، ئەوەی کە بەردەوام دەمێنێتەوە، مافە و مافی گەلی فەڵەستین پێشێل ناکرێت.
بەڵام لە وەڵامی پرسیارەکەدا، ئەگەر مەبەست ئەوەیە کە گرووپەکانی خۆڕاگری فەڵەستین هەر هەنگاوێکیان بە فەرمانی کۆماری ئیسلامی ئێرانە؟ وەڵامەکەی نەخێرە، وا نییە و خۆڕاگری فەڵەستین بڕیاری سەربەخۆیان هەیە، هەر لە ڕابردووەوە تا ئێستا وا بووە و واش دەمێنێتەوە.
جەنابی سەرۆک کۆمار، وەزیری دەرەوەی ئێران پاش دەستپێکردنی شەڕی دژ بە غەززە، جموجوڵیکی سیاسی و دیپلۆماسی بەربڵاوی لە نێوان وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی بە ئامانجی گەیشتن بە هەڵوێستێکی هاوبەش لە لایەن ئەم وڵاتانەوە بۆ ڕاگەیاندنی ئاگربەست، گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان و کردنەوەی دەروازەکان هەبووە، بەڕێزتانیش بە تەلەفوون وتووێژتان لە گەڵ ژمارەیەک لە سەرۆکی وڵاتان لە سەر ئەم بابەتە کردووە. ئایا سەرکەوتنێک لەم بوارەدا مسۆگەر بووە؟
پرسی فەڵەستین، پرسی یەکەمی جیهانی ئیسلام و ئازادی قودسی پیرۆز، بابەتێکی گرنگ و ستراتیژییە بۆ ئۆممەی ئیسلامی و بەردەوام دەبێت وەک گرنگترین بابەت و نیگەرانی تەواوی وڵاتانی ئیسلامی بمێنێتەوە.
بە پێی ئەوەی کە پەیوەندییەکانی ئێمە لە گەڵ وڵاتانی ئیسلامی بۆ دابینکردنی پێکەوەیی و هاوکاری لە سەر پرسی فەڵەستینە، بە پێویستمان دەزانی کە هەوڵە سیاسی و دیپلۆماسییەکانمان دەست پێبکەین کە بە دڵنیاییەوە کاریگەری خۆی هەبووە.
ئەمڕۆ ڕاگەیاندنی ئاگربەستی بەپەلە لە غەززە، کۆتایی هێنان بە گەمارۆکانی ئەم ناوچەیە و هاوکاریکردنی خەڵکی زوڵملێکراو لە لایەن زۆربەی وڵاتانی ئیسلامییەوە گرنگی پێدەدرێت و بەم هاوکاری و ئاڵوگۆڕی پەیام لە نێوان سەرۆکی وڵاتانی ئیسلامی، دەبێت ئەم داواکارییەی جیهانی ئیسلام لە زووترین کاتدا مسۆگەر بکرێت.
بەدەر لەمەش، ئەنجامی دەنگدان لە دانیشتنی کۆمەڵەی گشتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، کە تەنیا چەند وڵاتێک لە گەڵ ئەمریکادا بوون، پیشان دەدات کە تاوانەکانی ڕژێمی زایۆنیستی لە سەر ئاستی جیهان ئیدانە دەکرێت. خواست و ئیرادەی تەواوی وڵاتان و گەلانی جیهان، ڕاگرتنی بەپەلەی تاوانەکان، ئاگربەست و گەیاندنی هاوکارییەکانە بۆ خەڵکی غەززە و لە لایەکی دیکەوە پیشان دەدات کە ڕژێمی زایۆنیستی تاکە تاوانباری کوشتاری خەڵکی غەززە نییە بەڵکوو ئەمریکا و چەند وڵاتێکی ئەورووپی کە پشتیوانی لەم ڕژێمە دەکەن، لەم تاوانە دڕندانەدا هاوبەشن و دەبێت لە بەرامبەر خودا، ویژدانە ئازادەکان و گەلانی خۆیان وەڵامدەرەوە بن.
سەرجەم هەوڵە دیپلۆماسییەکانی ئێمە بە ئامانجی دابینکردنی کۆدەنگی ناوچەیی و تەنانەت نێودەوڵەتی، وەک پشتیوانییەک بۆ گەلی فەڵەستین و دانیشتووانی غەززە و دژایەتیکردنی ڕژێمی زایۆنیستی بووە. نموونەکەشی لای گەلانی ناوچەکەوە بەدیهاتووە و دەبینین کە چۆن خەڵک لە وڵاتانی ناوچەکە و جیهان دەڕژێنە سەر شەقامەکان و داوای بەردەوامی خۆڕاگری لە فەڵەستینییەکان دەکەن.
جەنابی سەرۆک کۆمار، بە پێی ئەوەی کە ئەم ڕۆژانە لە غەززە دەبینرێت، چ هێڵێکی سوور بۆ ئێوە هەیە کە ئەگەر ڕژێمی ئیسرائیل ئەوان ببەزێنێت، هەڵسووکەوتی کۆماری ئیسلامی ئێران لە گەڵ ئەم ڕژێمە جیاواز دەبێت؟
ئەوەی کە تاوانی ڕژێمی زایۆنیستییە لە کوشتاری ژنان و منداڵان تا هێرشی سەر نەخۆشخانەکان، کەنیسەکان و مزگەوتەکان تا کوشتنی پەیامنێران و خێزانەکانی ئەوان و لەناوبردنی ژێرخانەکان و ناوچەکانی نیشتەجێبوون، هەمووی هێڵی سوورن کە ئەم ڕژێمە لەواندا تێپەڕ بووە.
لە هەواڵەکاندا هاتبوو کە هاوکارە فەڵەستینییەکەی ئێوە لە کەناڵی جزیرە بە هۆی بۆردومانەکانی ڕژێمی زایۆنیستی تەواوی ئەندامانی خێزانەکەی لە دەست داوە. ئەم تاوانە لە گەڵ کام پێوەرە یاسایی، ئەخلاقی و مرۆییەکان یەکدەگرێتەوە؟ لە کوێی ئەم جیهانەدا کوشتنی پەیامنێر و کۆمەڵکوژیی ئەندامەکانی خێزانەکەیان، بینراوە و قبووڵکراوە.
ڕژێمی زایۆنیستی بۆ ڕێگری لە گەیاندنی هەواڵی تاوانەکانی لە غەززە بە خەڵکی جیهان، بەدەر لە کوشتنی پەیامنێران و خێزانەکانی ئەوان، تۆڕەکانی پەیوەندیکردن و ئەنتەرنێتی لەم ناوچەیە پچڕاندووە بەڵام گەلانی جیهان ئاگاداری ئەو دڕندەییەی زایۆنیستەکانن.
ئەم ڕژێمە هەموو هێڵە سوورەکانی تێپەڕ کردووە کە دەبێت بەدواداچوونی بۆ بکرێت و کۆماری ئیسلامی ئێرانیش ئەرکی خۆیی لە پێناو هاوکاریکردنی گەلی زوڵملێکراوی فەڵەستین جێبەجێ کردووە و بەردەوامیش دەبێت.
بۆچوونی بەڕێزتان سەبارەت بە ڕەخنەی هەندێک وڵاتی ئیسلامی و عەرەبی بەرامبەر بە پشتیوانییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە خۆڕاگریی فەڵەستین چییە و ئایا نەبوونی بەشداری سەربازیی ئێران لەم شەڕەدا بە واتای ڕادەستکردنی پلانەکەیە بە گرووپەکانی خۆڕاگریی فەڵەستین؟
ئێران پشتیوانی لە گرووپەکانی خۆڕاگریی فەڵەستین بە ئەرکی خۆی دەزانێت، بەڵام وەک پێشتریش ئاماژە درا، گرووپەکانی خۆڕاگری سەربەخۆن و ئێمە بڕیار بە دەستی ئەوان نین. لە لایەکی دیکەوە، دەبێت ڕەخنە لەو وڵاتانە بگیرێت کە پشتیوانی گەلی فەڵەستین و خۆڕاگرییەکەی ئەوان ناکەن. پرسیار ئەوەیە کە بۆ پشتیوانی لە گەلێک ناکەن کە بۆ بەرگری ڕەوا لە خاک و نیشتمانی خۆیان شەهید دەبن؟ ئەوان دەبێت وەڵام بدەنەوە کە چۆن ئەمریکا بە هەموو توانایەکەوە پشتیوانی لە ڕژێمی زایۆنیستی دەکات بەڵام ئەو وڵاتانە بۆ بەرگری لە گەلی زوڵملێکراوی فەڵەستین هیچ هەنگاوێکیان نەبووە.
سەبارەت بە پەیامی ئەمریکییەکان بۆ ئێران کە بە ئامانجی ڕێگری لە کردنەوەی بەرەی نوێی شەڕی دژ بە ئیسرائیل بووە، هەڵوێستی ئێوە چی بووە؟
وەڵامی ئەمریکییەکان لە لایەن گرووپەکانی خۆڕاگرییەوە بە کردەوە لە ناوچەکە دراوەتەوە. بەڵام سەیرە ئەمریکییەکان خۆیان بە هەموو شێوازێک پشتیوانی لە ڕژێمی زایۆنیستی دەکەن و داوا لە وڵاتانی دیکە دەکەن ڕێگری لە کردنەوەی بەرەی نوێی شەڕی دژ بە تەل ئەبیب بکەن.
سەرۆک وەزیرانی ڕژێمی ئیسرائیل بانگەشەی ئەوە دەکات کە ئامانج لەم شەڕە، لەناوبردنی تەواوی بزوتنەوەی حەماسە لە کەرتی غەززە، بە بۆچوونی ئێوە، ئایا تەل ئەبیب وەها توانایەکی هەیە؟
ڕژێمی زایۆنیستی و ئەمریکییەکان بە هیچ شێوازێک ناتوانن خۆڕاگری فەڵەستین لە ناو ببەن، لە بەر ئەوەی کە ئەمڕۆ خۆڕاگری لە گیان و خوێنی فەڵەستینییەکاندایە. کاتێک باوکێک سەرجەم منداڵەکانی لە دەست داوە، یان منداڵێک باوک و دایکی لە دەست داوە و واز لە خۆڕاگری ناهێنێت، ئایا وەها ئیرادە و بەرگرییەک لە ناو دەچێت؟
ئەمە سیاسەتی هەڵەی ئەمریکییەکان و ڕژێمی زایۆنیستییە لە ماوەی 75 ساڵی ڕابردوو و بە پێی ئەو سیاسەتە لە دژی گەلی فەڵەستین زوڵم دەکەن و وا بیر دەکەنەوە کە دەتوانن بە گەمارۆ، کوشتن و ئەشکەنجەدانی خەڵکی غەززە، خۆڕاگری لە ناو ببەن، لە کاتێکدا کە لە ماوەی ئەم ساڵانەدا هەرچی زوڵمی زایۆنیستەکان زیاتر بووە، بە هەمان شێوە خۆڕاگری بەهێزتر بووە و لە لایەن گەلان و ویژدانە ئازادەکانی جیهانەوە پشتیوانی دەکرێت.
ئەمریکا ئەم سیاسەتە شلستخواردووەی لە ئەفغانستان، عێراق، سوریا و ناوچەکە بە گشتی تاقیکردووەتەوە و هیچ دەسکەوت و سەرکەوتنێکی نەبووە.
لە کۆتاییدا پێویستە دەستخۆشی لە ستافی کەناڵی جزیرە بکەم کە بووەتە ئامرازی گەیاندنی زوڵملێکراویی گەلی فەڵەستین و دانیشتووانی غەززە بە وڵاتانی جیهان و کارنامەیەکی پرشنگداری لەم بوارەدا هەیە، ئەویش لە کاتێکدا کە میدیاکانی ئەمریکا و ئەورووپا سانسۆرێکی تەواویان خستووەتە سەر هەواڵ و زانیارییەکانی ئەم شەڕەی ئێستا./.