بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، بنیامین نتانیاهۆ سەرۆک وەزیران و یواو گاڵانت وەزیری شەڕی ڕژێمی زایۆنیستی ڕایانگەیاندووە کە تەل ئەبیب لە هێرشی وشکانی بۆ سەر غەززە شەڕێکی سەخت و دژواری لە پێشدایە. شرۆڤەکارانی زایۆنیست بەم بۆنەوە ڕەخنەیان لە بەرپرسانی تەل ئەبیب گرتووە.
ناحوم بارنیا شرۆڤەکاری سیاسی ڕۆژنامەی یەدیعوت ئاحارانۆت ڕەخنەی لە ترسی سەرکردەکانی تەل ئەبیب گرتووە و ڕایگەیاندووە کە هێرشی وشکانی بۆ غەززە گەورەترە لەوەی کە شەوی شەممەی ڕابردوو باس کراوە، بەردەوامیشی بچووکتر لەوەیە کە نتانیاهۆ و گاڵانت لە میانەی کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەی بۆ ئێمەیان باس کردووە. ئەم هێرشە بەراورد بە هێرشەکانی ڕۆژانی ڕابردووی سەر کەرتی غەززە گەورەتر دەبێت.
بە وتەی ناوبراو، هێرشی وشکانی بۆ سەر غەززە بە ئامانجی بەرەوپێشچوونی هاوکێشەی ئازادکردنی دیلەکان نییە بەڵکوو لە ڕوانگەی سەربازییەوە ئەم هێرشە هەنگاوێکی جیا دەبێت و لانیکەم لەم قۆناغەدا هیچ پەیوەندییەکی بە ئازادکردنی دیلەکانەوە نییە.
تال لیۆ ڕام شرۆڤەکاری سەربازی لە ڕۆژنامەی مەعاریۆ بە هەمان شێوە سەبارەت بە لێدوانەکانی نتانیاهۆ و وەزیری شەڕی ڕژێمی زایۆنیستی ڕایگەیاندووە کە ئەگەرچی سوپای ئیسرائیل ڕۆژی شەممە بە هێزێکی زۆرەوە پێی نایە قۆناغێکی نوێی شەڕی غەززە، بەڵام ڕێژەکەی لە پرۆسە سەربازییەکانی پێشووی وشکانی لە کەرتی غەززە زیاتر نییە. بۆچوونی ئێمە ئەوەیە کە گوشاری سەربازی دەتوانێت یارمەتیدەری دانوستانەکانی تایبەت بە ئازادکردنی دیلەکان بێت.
ئەو شرۆڤەکارە زایۆنیستە ڕایگەیاند: سەرکەوتن لە دژی حەماس بە تەنیایی لە شەڕی وشکانیدا مسۆگەر نابێت، ئەویش لە کاتێکدا کە ئیسرائیل ئامانجی زیاتری هەیە.
وتیشی کە بە پەرەسەندنی شەڕی وشکانی لە غەززە، حزبوڵڵای لوبنان بەرە بەرە کاردانەوەکانی لە خاکی ئەم وڵاتەوە زیاتر دەکات.
عاموس هاریل شرۆڤەکاری کاروباری سەربازیی ڕۆژنامەی هائارێتس ڕایگەیاندووە کە لە نێوان دوو ئامانجی ئیسرائیل – لەناوبردنی دەسەڵات و سەرچاوەکان و ژێرخانی حەماس و ئازادی دیلە ئیسرائیلییەکان – هاوئاهەنگییەک نابینرێت.
ناوبراو هۆشدارییدا کە لەو کاتەوە کە ئیسرائیل هێزی وشکانیی ڕەوانەی غەززە کردووە، شەڕ و پێکدادانەکان لەم ناوچەیە زیاتر بووە، ئەگەر دەسکەوتێکی خێرا لە دانوستانەکاندا مسۆگەر نەبێت، گەیشتن بە ڕێکەوتن ئەستەم دەبێت.
ئەم شرۆڤانە لە کاتێکدا بڵاو بووەتەوە کە سوپای داگیرکاری زایۆنیستی بانگەشەی ئامادەبوون بۆ پەرەپێدانی شەڕی وشکانی لە غەززە دەکات و بنەماڵەی دیلە زایۆنیستەکانی دەستی حەماسیش درێژە بە ناڕەزایەتییەکانی خۆیان لە دژی کابینەکەی بنیامین نتانیاهۆ دەدەن./.