بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، فەریق حوسێن سەلامی فەرماندەی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی ئێران لە کۆنگرەی بەرزڕاگرتنی شەهیدانی پارێزگای لوڕستان، وتی: ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی وانەی زۆر باش لە شکست، هەڵهاتن و پاشەکشە فێر بوون و ئەمڕۆ زاڵبوونی سیاسی ئەوانیش بە هۆی تێکۆشان و گیانفیدایی گەورە فەرماندەکانی وەک شەهید حاجی قاسم سولەیمانی لاواز بووە.
ناوبراو وتی: زایۆنیستەکان وایاندەزانی دەتوانن بە ئاسوودە بژین و خەڵکی فەڵەستین لە کێشە و نیگەرانی و دڵەڕاوکێدا بن، وایاندەزانی کە دەزگای هەواڵگری بەهێزیان هەیە و دەتوانێت ئەوان بپارێزێت، هەروەها شانازییان بە سوپاکەیانەوە دەکرد کە بتوانێت لە هەر هەڕەشەیەکدا پارێزەری ئەوان بێت بەڵام بەو ڕاستییە گەیشتن کە وەک ڕووداوەکەی 7 ی ئۆکتۆبەری 2023 هەموو شتێک شکست و ئەفسانە و خەون و خەیاڵ بووە و تێکۆشەرانی فەڵەستینی شکستێکی گەورە و ستراتیژییان بە سەر زایۆنیستەکاندا سەپاند.
فەرماندەی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی ئێران وتی: ڕژێمی زایۆنیستی خاكێکی داگیر کردووە و یەک پرۆسەی سەربازیی ئێمە بەسە بۆ شکستی کۆتایی ئەو ڕژێمە منداڵکوژە.
فەریق سەلامی وتی: ڕژێمی زایۆنیستی دەیەوێت شکستە گەورە و ستراتیژییەکەی بە کوشتنی ژنان و منداڵان قەرەبوو بکاتەوە، بەڵام کوشتنی ژنان و منداڵان هیچ کات سەرکەوتن نییە و بەڵکوو تاوانە.
وتیشی کە منداڵانی غەززە خۆیان بە دەستەوە نادەن و پیاوە گەورەکانی داهاتووی ئەم خاکە دەبن، غەززە بە خۆڕاگری دەمێنێتەوە و زایۆنیستەکان لە بەرامبەر فەڵەستینییە قارەمانەکان تووشی شکستێکی گەورەتر و کۆتایی دەبن./.