بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، سەید موقتەدا سەدر سەرۆکی ڕەوتی سەدر داوای لە حکومەت و پەرلەمانی عێراق کردووە کە باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا دابخەن.
ناوبراو لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس ڕایگەیاند کە وەک هەڵوێستێک بۆ پشتیوانی لە زوڵملێکراوانی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای جیهان، داوا لە حکومەت و لایەنە سیاسییەکان لە پەرلەمانی عێراق دەکەن بۆ یەکەم جار، لە پێناو بەرژەوەندی گشتی نەک بەرژەوەندی تایبەت، دەنگ بە داخستنی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا بدەن بە هۆی پشتیوانییە بێسنورەکانی ئەو وڵاتە بۆ ڕژێمی زایۆنیستی و تاوانەکانی لە دژی گەلی فەڵەستین بە تایبەت دانیشتووانی غەززە.
ناوبراو ڕایگەیاندووە کە چاوەڕوانی وەڵام و هەنگاوی حکومەتی عێراق لە سەر ئەم داواکارییە دەکات.
سەدر ڕایگەیاندووە کە لە ئەگەری وەڵامنەدانەوەی حکومەت و پەرلەمان، هەڵوێستێکی دیکەی دەبێت.
ڕاشیگەیاندووە کە هەمووان پابەندی بڕیارە فەرمییەکان بکەن، هیچ هەنگاوێکی کەسی هەڵنەگیرێت و چەکیش بەکار نەهێندرێت./.