بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، فەریق حوسێن سەلامی ڕایگەیاند کە سەردانی بەرپرسانی باڵای ئەمریکا و وڵاتانی بۆ تەل ئەبیب، تەنیا بۆ ئەوەیە کە ڕێگری لە هەڵوەشانەوە و لەناوچوونی ڕژێمی کاتی و داگیرکاری زایۆنیستی بکەن، بەڵام بە دڵنیاییەوە کە ئەمە ڕوو دەدات.
ناوبراو وتی: ئەو تاوانانەی کە لەم ماوەیەدا لە غەززە ڕوویدا، دڵی هەموو موسڵمانێکی ئازار داوە و دۆخەکە گەیشتووەتە ئەوەی کە هەر بەرپرسێکی باڵای وڵاتانی ڕۆژئاوا بیەوێت سەردانی تەل ئەبیب بکات، دەبێت شەوانە سەردانەکەی بکات تا خەڵک لە سەردانەکەی ئەوان ئاگادار نەبن.
فەریق سەلامی وتی: هەڵمەتی زریانی ئەقسا ئەوەی سەلماند کە ژمارەیەکی کەم لە موسڵمانان و ئیمانداران دەتوانن بە سەر زۆرینەی کافرەکاندا زاڵ بن و بە هێزی ئیمان و بڕوا بە خودا ئەوان لە ناو دەبەن.
فەرماندەی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی ئێران وتی: وەک چۆن کە گۆچانەکەی حەزرەتی موسا بوو بە ئەژدیها و فیرعەونەکانی لە ناو برد، غەززەش ئەمڕۆ گۆچانەکەی موسا و ئەژدیهاکەیە کە ڕۆژێک دەگات زایۆنیستەکان لە ناو ببات، زایۆنیستەکان ئەم ڕاستییە دەزانن و هەر بۆیە بە دڕندانەترین شێواز بۆردومانی خەڵکی غەززە دەکەن.
ناوبراو وتی: وڵاتانی ئیسلامی بوونەتە کوشتارگەی سیاسەتەکانی ئەمریکا، هەر چەندە خۆری ئەوان بەرەو ئاوابوون دەڕوات و لە هەموو شوێنێک شکست دێنن، بەڵام زیان دەکەن و هێزەکەی بەرەو لاوازبوون دەڕوات و هیچ دەسکەوتێکیان نییە.
فەرماندەی سوپای پاسداران وتی: لە سەرجەم وڵاتانی ناوچەکە شوێنپێی سیاسەتی شەڕەنگێزیی ئەمریکا هەیە، لەشکرکێشی دەکەن، بنکەی سەربازی دەکەنەوە، چەک دەفرۆشن و ئەنجامەکەشی تەنیا کۆمەڵکوژی و دواخستنی ئەم وڵاتانەیە.
وتیشی کە لە هەڵمەتی زریانی ئەقسا ڕژێمی زایۆنیستی، ئەمریکا و بەریتانیا پێکەوە تووشی شکست بوون./.