بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، حەزرەتی ئایەتوڵڵا خامنەیی لە چاوپێکەوتنی ئەندامانی کۆنگرەی بەرزڕاگرتنی یادی شەهیدانی پارێزگای لوڕستان، سەبارەت بە گۆڕانکارییەکانی فەڵەستینی داگیرکراو، وتیان: ئەمریکا هاوبەشی سەرەکی تاوانەکانی ڕژێمی زایۆنیستییە لە غەززە و لەم تاوانە دڕندانەیەدا ئەمریکا دەستی لە خوێنی زوڵملێکراوان و منداڵان و نەخۆشان و ژنانی فەڵەستینی تێکەڵ کردووە و بە شێوازێک تاوانەکە لە لایەن ئەمریکاوە بەڕێوە دەچێت.
بەڕێزیان وتیان: ئەوەی کە سەرۆک کۆماری ئەمریکا، سەرۆکی وڵاتانی زاڵم و شەڕەنگێزی فەرەنسا، بەریتانیا و ئەڵمانیا بەردەوام دەگەنە فەڵەستینی داگیرکراو، بۆ چییە؟ لە بەر ئەوەی کە دەبینن ڕژێمی زایۆنیستی بەرەو ڕووخان و هەڵوەشانەوە دەچێت و لەمە تێدەگەن. خۆیان دەگەێننە لای زایۆنیستەکان کە ڕێگری لە لەناوچوونی بکەن. ئەگەر مەترسی جیدی لە سەر ئەم ڕژێمە تاوانبارە نەدەبوو، سەرۆکی وڵاتانی ڕۆژئاوا بەپەلە خۆیان نەدەگەیاندە لای سەرکردەکانی.
ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران وتیان: لە بەر ئەوەی کە شکستی زایۆنیستەکان گەورە و کاریگەر بووە، بە هاوکاری ئەمریکا و وڵاتانی ئەورووپی، خەڵکی بێ تاوانی فەڵەستین و غەززە بە چەک و بۆمبی قەدەغەکراو دەکرێنە ئامانج و تۆڵەی ئەو شکستە لە خەڵکی زوڵملێکراو و بێ تاوان دەکەنەوە، لە بەر ئەوەی کە هێزی ڕوبەڕوبونەوەی خۆڕاگرییان نییە.
حەزرەتی ئایەتوڵڵا خامنەیی وتیان: ئەوەی کە لە بەرامبەر دوژمن بەرگری لە خانوو و نیشتمانی خۆی دەکات، تیرۆریست نییە. ئەو حکومەتە تەزویر و زاڵمەی لە خاک و خانووی ئەوانی داگیرکردووە، تیرۆریستە. وڵاتانی ئیسلامی و وتەبێژانی سیاسی ئاگادار بن قسەی ئەوان دووبارە نەکەنەوە و بزانن لە ئێستا و لە داهاتوودا فەڵەستین براوە و سەرکەوتوو دەبێت. جیهانی داهاتوو بۆ فەڵەستین دەبێت و جیهانی ڕژێمی داگیرکاری زایۆنیستی نییە و ئەو هەوڵەیان بۆ زوڵم و تاوان و دڕندەیی، بێهۆیە و بە شتێک ناگات./.