بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، پیر محەممەد مەلازهی شارەزا و شرۆڤەکاری کاروباری نێودەوڵەتی، سەبارەت بە شەڕی ئێستای غەززە و داهاتووی ئەم ناوچەیە بە پێی هێرشەکانی ڕژێمی زایۆنیستی، وتی: یەکێک لە سیناریۆکان ئەوەیە کە مەحمود عەباس و دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبەری فەڵەستین بەرپرسیاریەتی ئیدارەی غەززە لە ئەستۆ بگرن تا ڕژێمی زایۆنیستی هەست بە ئاسوودەیی بکات و لەوە دڵنیا بێت کە هێزێکی وەک حەماس لە غەززە ناتوانێت چالاکی بکات، بە پێچەوانەی ئەمەش تەل ئەبیب دەیەوێت ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بەرپرسی دابینکردن و پاراستنی ئاسایشی غەززە بن. ئەگەر بۆردومانەکانی ڕژێمی زایۆنیستی بەردەوام بێت خەڵکی فەڵەستین دەخرۆشێن. ئامانجەکانی زایۆنیستەکان ڕوونە بەڵام ناکۆکییەکانی نێوان وڵاتانی زلهێزیش لە سەر ئەم ناوچەیە زۆرە، ناکۆکییەکان بە جۆرێکە کە دەتوانێت کاریگەری لە سەر مسۆگەربوونی ئامانجەکانی ڕژێمی زایۆنیستی دابنێت.
ناوبراو وتی: پێم وایە کە ڕژێمی زایۆنیستی بە سێ قۆناغ وەڵامی هێرشەکەی زریانی ئەقسای حەماس دەداتەوە. قۆناغی یەکەم، لەناوبردنی حەماس و هێزە سەربازییەکەی لە کەرتی غەززە. ڕژێمی زایۆنیستی بۆ گەیشتن بەم ئامانجەش بە دوو ڕێگادا دەڕوات. یەکەم، زیاترکردنی بۆردومانەکان تا کاریگەری حەماس نەمێنێت. ڕێگای دووەمیش، هێرشی وشکانی بۆ سەر غەززە و لەناوبردنی تەواوی ژێرخانەکانی بزوتنەوەی حەماس، لەم حاڵەتدا ڕەنگە فەڵەستینییەکان ناچار بە کۆچکردن بکرێن. ئەمە یەکەم قۆناغی ڕژێمی زایۆنیستییە و وەها ئامانجێک پەیرەو دەکات.
مەلازهی وتی: ئامانجی ڕژێمی زایۆنیستی لە قۆناغی دووەمدا ئەوەیە کە تا پرسی حەماس یەکلایی نەکرێتەوە پەرە بەم شەڕە نەدرێت و نەچێتە شەڕێکی نوێ، بەڵام پاش حەماس ڕەنگە ڕژێمی زایۆنیستی شەڕی حزبوڵڵای لوبنان و گرووپەکانی دیکەی نزیک لە ئێران بکات. قۆناغی سێهەم ئەوەیە کە ئەگەر لەم دوو قۆناغەدا ڕژێمی زایۆنیستی سەرکەوتن بە دەست بێنێت کە ئەستەمە، ڕەنگە بە هاوکاری ئەمریکا و ئەورووپا ڕوو لە شەڕی ئێران بکات.
ناوبراو وتی: سەرکەوتن یان شکستی ڕژێمی زایۆنیستی لەم ئامانجەدا بابەتێکی دیکەیە بەڵام لە ڕیزی ئامانجەکانی تەل ئەبیبدایە. ئەمڕۆ لە ناوخۆی ڕژێمی زایۆنیستی گوشارێکی زۆر لە ڕووی نتانیاهۆیە بۆ ئەوەی کۆتایی بە حەماس بێنێت. لە ئەورووپا و وڵاتانی ڕۆژئاوا بە گشتی پشتیوانییەکان بۆ ڕژێمی زایۆنیستی ئەوەیە کە بەرگری لە خۆی دەکات، لەم کەشەدا بە ڕای ئەورووپییەکان و ئەمریکا ڕەنگە داگیرکردنی غەززە بۆ تەل ئەبیب هێندە دژوار نەبێت، بە تایبەت ئەوەی کە هێزێکی زۆری لە سنورەکان کۆکردووەتەوە، بەڵام بابەتی گرنگ ئەوەیە کە لە پاش ئەم قۆناغە چی ڕوو دەدات؟ چارەنووسی غەززە چۆن دەبێت؟ ڕژێمی زایۆنیستی ناتوانێت غەززە داگیر بکات لە بەر ئەوەی کە مانەوەی دۆخێکی وەها تێچوویەکی زۆری دەبێت. یەکێک لە سیناریۆکان ئەوەیە کە مەحمود عەباس و دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبەری فەڵەستین ئیدارەی غەززە لە ئەستۆ بگرێت تا زایۆنیستەکان هەست بە ئاسوودەیی بکەن و دڵنیا بێت کە چیدی هێزێک وەک حەماس لە غەززە چالاکیی نابێت، بە پێچەوانەی ئەمەش ڕژێمی زایۆنیستی دەیەوێت بەرپرسیاریەتی غەززە بە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بدرێت و ئەم ڕێکخراو و دامەزراوەیە بەرپرسی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەی غەززە بێت.
ئەو شرۆڤەکارە نێودەوڵەتییە سەبارەت بە سیناریۆکان و ئەگەری بەهێزبوونی یەکێک لەوان، وتی: سیناریۆکانی ڕژێمی زایۆنیستی بەندە بە ئەگەری کاردانەوەی ئێران. ئەگەر حزبوڵڵا نەچێتە شەڕی ڕژێمی زایۆنیستییەوە و بەرەی باکور نەباتە شەڕەوە، ڕەنگە ئەمریکییەکان گوشارەکان لە سەر ڕژێمی زایۆنیستی چڕتر ببێتەوە، بەڵام ئەگەر حزبوڵڵا بچێتە شەڕەوە، ڕژێمی زایۆنیستی پلانی جێبەجێکردنی ئەو سێ قۆناغەی دەبێت.
ناوبراو سەبارەت بەوەی کە ئایا ڕژێمی زایۆنیستی هێزی ڕوبەڕوبونەوەی ئێرانی دەبێت یان نە؟ وتی: لە ئەگەری پەرەسەندنی شەڕەکە، ئەمریکا و ئەورووپا لە گەڵ تەل ئەبیب دەبن، ئێران چین و ڕووسیای هەیە، چین لە شەڕەکەدا تێوەگلاو نابێت و ڕەنگە ڕووسیاش بە هەندێک ئیمتیازی شەڕی ئۆکراینا پاشگەز ببێتەوە. ئەمڕۆ ئەمریکا دەتوانێت گوشار لە سەر ڕژێمی زایۆنیستی دابنێت کە شەڕی دژ بە لوبنان و سوریا و ئێران نەکات. لە ئەگەری پەرەسەندنی شەڕەکەش بە دڵنیاییەوە ئێران بە هەموو هێزێکەوە دێتە گۆڕەپانەکەوە./.