بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، فازل جەواد حەمید هیلالی مامۆستای زاکۆ لە عێراق ڕایگەیاندووە کە ئەو کوشتارەی کە لەم ڕۆژانە لە لایەن ڕژێمی داگیرکاری زایۆنیستی لە دژی گەلی فەڵەستین و بە تایبەت دانیشتووانی سەربەرزی کەرتی غەززە دەکرێت، تاوانی دژە مرۆیی و کۆمەڵکوژییە.
ناوبراو وتی: یاسای نێودەوڵەتی شێوازی ڕوبەڕوبونەوەی تاوانەکانی شەڕی دیاری کردووە بەڵام کۆمەڵگای نێودەوڵەتی لە بەرامبەر کوشتارەکەی خەڵکی غەززە لە لایەم زایۆنیستەکانەوە بێدەنگ، هەرچەندە ئەم بێدەنگییەی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی لە بەرامبەر خەڵکی بێ تاوانی فەڵەستین جێی سەرسوڕمان نییە و ئەوان لە بەرامبەر تاوانەکانی ئەمریکا لە دژی گەلان و وڵاتانی دیکەی وەک عێراق، ئەفغانستان، سوریا و وڵاتانی دیکە بە هەمان شێوە بێدەنگ بوون.
ئەو شارەزا سیاسییە عێراقییە هەروەها بە ئاماژە بە بێدەنگی وڵاتانی عەرەبیش وتی: ئەڵبەت بێدەنگی هەندێک لە وڵاتانی عەرەبی لە بەرامبەر تاوانەکانی ڕژێمی زایۆنیستی لە غەززە وەک دەسکەوتێک هەژمار دەکرێت، لە بەر ئەوەی کە ئەم وڵاتانە ناتوانن لە دەرەوەی بڕیارەکانی وڵاتانی ڕۆژئاوا لە دۆسیەی فەڵەستین بڕوانن.
ئەمریکا بەرپرسی یەکەم و سەرەکیی تاوانەکانی غەززەیە
فازل جەواد وتی: بە دڵنیاییەوە یەکەم بەرپرس و هاوبەشی سەرەکی تاوانەکانی ڕژێمی زایۆنیستی لە غەززە ئەمریکایە و هەروەها بە گشتی بەرپرسی تەواوی ئەو تاوانانەیە کە کە وڵاتانی ئیسلامی ڕووی داوە و ڕوو دەدات.
ناوبراو وتی: وڵاتانی ئیسلامی دەبێت لە بەرامبەر ئەم ڕاستییە ڕوونەدا ووشیار و ئاگادار بن و بە پێی ئەم ڕاستییە پەیوەندییەکانیان لە گەڵ ئەمریکا دابڕێژن کە ئەم وڵاتە بە هیچ شێوازێک خێر و چاکەی وڵاتانی ئیسلامیی ناوێت.
ئەو شرۆڤەکارە عێراقییە وتی: لەم هەلومەرجەدا ئەمریکا ناتوانێت لە ڕووی سیاسی، ئابوری و کەلتورییەوە یارمەتیدەری وڵاتانی ئیسلامی و سەربەخۆ بێت، لە بەر ئەوەی کە ئەو چوارچێوەی بۆ پەیوەندییەکانی لە گەڵ وڵاتانی جیهانی ئیسلام دیاریکردووە و تێیدا سیاسەت دەکات، ئەوەیە کە لە ڕاستیدا دەبێت سەرجەم وڵاتانی جیهان لە چوارچێوەی هەژموونی ئەمریکادا بن و ئەمەش پەیوەندی بە پشتیوانی خەڵک و وڵاتان بۆ سیاسەتەکانی ئەمریکا لە بوارە جیاجیاکاندا هەیە.
فازل هیلالی وتی: پیلانی دەرکردنی دانیشتووانی غەززە و نیشتەجێکردنی ئەوان لە بیابانەکانی سینای میسر دەکەوێتە چارچێوەی هەمان سیاسەتی ئەمریکا بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی لە گەڵ ڕژێمی زایۆنیستی کە بە گرێبەستی سەدە ناسراوە و بڕیارە بە هاوکاری واشنتن وڵاتانی زیاتر لە خۆ بگرێت.
ناوبراو وتی: بەشێک لە گرێبەستی سەدە ئەوەیە کە فەڵەستینییەکان بۆ وڵاتانی دراوسێ و تەنانەت بۆ ڕۆژئاوای عێراق بگوازرێنەوە و ئەمەش هەوڵێکە لە پێناو لەناوبردنی پرسی فەڵەستین و کاریگەرییە ناوخۆیی، ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکانی.
بەهێزبوونی بەرەی خۆڕاگری
ئەو شرۆڤەکارە سیاسییە عێراقییە لە هەمان کاتدا جەختیکردەوە کە سەرکەوتنی ئەمریکا لە گرێبەستی سەدە ئەستەمە، لە بەر ئەوەی کە بەرەی خۆڕاگری بەردەوام بە زیندوویی ماوەتەوە و لە ئاستی ناوخۆیی، ناوچەیی و نێودەوڵەتی کاریگەری و چالاکی تایبەت بە خۆیی هەیە.
فازل هیلالی وتی: خاڵێکی گرنگ ئەوەیە کە ئەمریکا و ڕژێمی زایۆنیستی وازیان لە گرێبەستی سەدە نەهێناوە و دەیانەوێت ئەم پیلانە بە بەشداری هەندێکی دیکە لە وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی بەرەو پێش ببەن، هەر بۆیە پێویستە کە دانیشتووانی وڵاتانی ئیسلامی بە تایبەت سیاسەتمەدارە عێراقییەکان گرنگییەکی جیدی بەم پیلانە بدەن.
ناوبراو سەبارەت بە هەڵوێستی فەرمی حکومەتی عێراق لە سەر پرسی فەڵەستین وتی: هەڵوێستی ڕوون و بەهێزی محەممەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق سەبارەت بە پرسی فەڵەستین، جێی شانازی و بەهێز و ئاشکرایە.
کاریگەرییەکانی زریانی ئەقسا
ئەو مامۆستایەی زانکۆی عێراق سەبارەت بە کاریگەرییەکانی زریانی ئەقسا وتی: شکستە گەورە و ستراتیژییەکەی 7 ی تشرینی یەکەمی ڕژێمی زایۆنیستی لە بزوتنەوەی حەماس لە ئاستی سەربازی، هەواڵگری و ئەمنی، هاوکێشەی ڕوبەڕوبونەوەی ئەم ڕژێمەی بە تەواوی بەرەو گۆڕانکاری بردووە.
ناوبراو وتی: هەڵمەتی زریانی ئەقسا پیشانیدا کە بانگەشەی ڕژێمی زایۆنیستی بۆ شکست نەهێنانی سوپاکەی و هەروەها بەهێزبوونی وەک سوپای چوارەمی جیهان، هەروەها بوونی یەکەم دەزگای هەواڵگری جیهان و هەبوونی پێشکەوتووترین کەرەستەی ئەلیکترۆنی، سیستەمی بەرگری گومەزەی ئاسنین و لێدوان و بانگەشەکانی دیکەی بەرپرسانی ڕژێمی زایۆنیستی، بووەتە بەشێک لە مێژوو و بە پێی هاوکێشەی نوێ، ئەمانە چیدی بوونیان نەماوە.
وتیشی کە ئەوەی پێش 7 ی تشرینی یەکەمی 2023 هەبووە، لە گەڵ ئەوەی پاش ئەو بەروارە دەبینرێت بە تەواوی جیاوازە، واتە کاتێک شێرەکانی فەڵەستین و کەتیبەکانی ئەقسا بە سەر تانکەکانی ڕژێمی زایۆنیستیدا هەنگاویان دەنا و ئەسفەر و سەربازە ترسنۆکەکانی زایۆنیستییان لەو تانکانە هێنایە دەرەوە، هاوکێشەکانی گۆڕاوە و ئەم شکستە بە ئاسانی قەرەبوو ناکرێتەوە.
هیلالی وتی: هاوکێشەکە گۆڕاوە و لە ڕوبەڕونەوە و بەرگری کاتییەوە بۆ هاوکێشەی سەرکەوتنی کۆتایی لە بەرامبەر ڕژێمی داگیرکاری زایۆنیستی گۆڕاوە.
شکستە گەورەکەی ڕژێمی زایۆنیستی
فازل هیلالی وتی: تەواوی تاوانەکانی ڕژێمی خوێنڕێژی زایۆنیستی لە دژی خەڵکی بێ تاوانی فەڵەستینی بە تایبەت منداڵان، ژنان و بەساڵاچووان کە ویژدانی مرۆڤایەتیی هەژاندووە، هەوڵێکی بێهیوایانەی ئەم ڕژێمەیە بۆ پەردەپۆشکردنی شکستە ستراتیژی و گەورەکەی لە قارەمانانی خۆڕاگریی فەڵەستین، ئەو قارەمانانەی کە سەرکەوتنی کۆتایی لە بەرامبەر زایۆنیستەکان دەکەنە ڕاستییەک بۆ ڕای گشتی جیهان.
ناوبراو لە کۆتاییدا وتی: وڵاتانی ڕۆژئاوا بە تایبەت ئەمریکا هەوڵیان داوە تا لە ماوەی زیاتر لە 7 دەیەدا پرسە گرنگ و زیندووەکەی ئیسلام بە ناوی فەڵەستین لەناو ببەن بەڵام زریانی ئەقسا جارێکی دیکە پرسی فەڵەستینی وەک پرسی سەرەکی جیهانی ئیسلام لە مێژوودا زیندوو کردەوە./.