بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، کۆمپانیای بە بازاڕکردنی نەوتی عێراق ناسراو بە سۆمۆ ڕایگەیاندووە کە هەناردەی نەوتی ئەم وڵاتە بۆ ئەردەن لە مانگی ئەیلولی ئەمساڵ بەراورد بە مانگی هاوشێوە لە ساڵی ڕابردوو لە سەدا 220 زیادی کردووە.
ئامارەکانی سۆمۆ پیشان دەدات کە بەهای هەناردەی نەوتی خاوی عێراق بۆ ئەردەن لە مانگی ئەیلولی ئەمساڵ گەیشتووەتە 35 ملیۆن دۆلار کە بەراورد بە مانگی هاوشێوەی ساڵی ڕابردوو 24 ملیۆن زیادی کردووە.
عێراق لە مانگی ئەیلول 449 هەزار بەرمیل نەوتی هەناردەی ئەردەن کردووە کە تێکڕای هەناردەی ڕۆژانەی 15 هەزار بەرمیل بووە.
عێراق لەو ماوەیەدا نەوتی بە نرخی 78 دۆلار و نزیکەی 14 دۆلار کەمتر لە نرخی فەرمی بە ئەردەن فرۆشتووە.
هاوردەی نەوتی عێراق لە لایەن ئەردەنەوە نزیکەی لە سەدا 10 ی پێویستی ڕۆژانەی ئەم وڵاتە پێک دێنێت.
ئەردەن و عێراق مانگی ئایاری ڕابردوو ڕێکەوتنێکیان لە بواری نەوتی خاودا واژۆ کردووە کە بە پێی ئەو ڕێکەوتنەش ڕۆژانە 10 هەزار بەرمیل نەوتی خاو لە لایەن عێراقەوە بە نرخی کەمتر لە نرخی فەرمی و لە ڕێگای تەنکەرەوە هەناردەی ئەردەن دەکرێت./.