بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، پزیشکان پێشنیاری ئەوە دەکەن کە نەخۆشانی شەکرە لانی کەم سێ کاتژمێر لە هەفتەیەکدا وەرزش بکەن، هەروەها جەخت لەسەر گرنگی هەڵبژاردنی وەرزشی گونجاو بۆ باری تەندروستیان دەکەنەوە.
بۆ نموونە نەخۆشانی شەکرە تووشی نەخۆشی دەمار یان ئێسک دەبن، پێویستە ئەو وەرزشانە ئەنجام بدەن کە کاریگەری لەسەر جومگەکان و دەمارەکان نابێت، وەک مەلەکردن، وەرزشی لەشجوانی، پاسکیلسواری.
بەهەمان شێوە مەترسی تووشبوونیان بە نەخۆشی چاو هەیە، بۆیە پێویستە دووربکەونەوە لە وەرزشە سەختەکانی وەک هونەری بەرگری و بەرزکردنەوەی قورسایی زۆر.
هەروەها جەخت لە گرنگی وەرزشکردن بە رێژەیەکی مامناوەند دەکەنەوە، تاکو مەترسی دابەزینی توندی رێژەی شەکر لە خوێندا نەیەتە ئاراوە.
بۆ دوورکەوتنەوە لە مەترسی تەندروستی لەکاتی وەرزشکردندا، کۆمەڵەی شەکرەی ئەڵمانی پێشنیاری ئەوە دەکەن کە نەخۆشەکان بەباشی خۆیان بۆ وەرزشکردن ئامادە بکەن، چونکە پێویستە پێش وەرزشکردن ئاستی شەکر لە خوێندا بزانرێت، ئەگەر ئاستی شەکرەکە زۆر کەم بوو، ئەوا پێویستە پێش وەرزشکردن شتێک بخۆیت، بەڵام ئەگەر زۆر بەرز بوو، ئەوا نابێت وەرزش بکەیت.
سەبارەت بە نەخۆشی شەکرەی جۆری یەکەم، پێویستە ئەوە لەبەرچاو بگیرێت کە وەرزشکردن کاریگەری ئەنسۆلین زیاد دەکات، بۆیە پێش وەرزشکردن پێویستە بڕێکی کەمتر لە ئەنسۆلین بەکاربێت لەڕێگەی دەرزییەوە بۆ رێگریکردن لە دابەزینی شەکری خوێن، هەروەها گرنگە نەخۆشەکە هەمیشە شتێکی شیرین هەبێت بیخوات، جگە لە دەرمانەکە./.