بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئاجای بانگا سەرۆکی بانکی جیهانی وتی کە شەڕی نێوان ڕژێمی زایۆنیستی و بزوتنەوەی حەماس زیانی جیدی بە ئابوریی جیهان دەگەێنێت.
ناوبراو لە میانەی بەڕێوەچوونی کۆنفرانسێکی ئابوری لە شاری ڕیاز وتی: ئەم شەڕە کە مەترسی هەڵگیرسانی شەڕێکی ناوچەیی لێدەکەوێتەوە، چووەتە سێهەم هەفتەی خۆیەوە و کاریگەری جیدیتری لە سەر گەشەی ئابوری جیهان دەبێت.
سەرۆکی بانکی جیهانی وتی: هەست بەوە دەکەم کە لە قۆناغێکی پڕ لە مەترسیداین، هۆکارە جیۆپۆلیتییەکان گەورەترین مەترسییان لە سەر ئابوری جیهان دەبێت و ئەم مەترسییانەش بە خێرایی دەچنە پێشەوە.
بانگا جەختیکردەوە کە جیهان لە دۆخێکی پڕ لە مەترسیدایە و لە ئەنجامی شەڕەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کەرتی بازرگانیی جیهانی وەک جاران نییە.
ناوبراو وتی: ئەم شەڕە تەنانەت کاریگەریشی لە سەر ئابوری ئەمریکا هەبووە و دەبێت بزانین تا قەیرانی داهاتوو چەندە کاتمان هەیە./.