جام کوردی- هه‌ورامان ناوچه‌یه‌كه جیا له سروشتی جوان و دڵڕفێن و به‌پیتی خاكه‌كه‌ی، به‌ڵكو ناوچه‌یه‌كی ده‌وڵه‌مه‌نده له جوانیه‌كانی هونه‌ری به‌سته و ئاواز، گۆرانی هه‌ورامی پانتایه‌كی فراوانی له ده‌ڤه‌ره‌كه‌دا هه‌یه، ئه‌م خاكه پیرۆزه‌ی وڵات خاوه‌نی ده‌یان سیاچه‌مانه چڕ و وورده به‌زم و گۆرانی چه‌پڵه‌ی شادی به‌خشه، ئه‌و هونه‌رمه‌نده خۆڕسكانه ئه‌گه‌ر ناوه‌كانیان ڕیزبه‌ندی بكرێت بێگومان ده‌بێت چه‌ند لاپه‌ڕه‌یه‌ك بۆ ئه‌و هونه‌رمه‌نده ده‌نگخۆشانه‌ی ده‌ڤه‌ری هه‌ورامان ته‌رخان بكه‌ین، ئه‌و هونه‌رمه‌ندانه هه‌ریه‌كه‌یان بۆ سه‌رده‌م و كاتی خۆی قوتابخانه‌یه‌ك بوون و هه‌رهه‌موویان ده‌رچووی ئه‌كادیمیای سروشتی جوانی ده‌ڤه‌ره‌كه و ڕه‌ز و باخ و چه‌م و كانیاو و كێ‌و و دۆڵ و گوڵ و گوڵزار و هه‌وارگه دڵنشینهكانی ده‌ڤه‌ری هه‌ورامانن.
یه‌كێك له‌و هونه‌رمه‌نده ده‌نگخۆش و ئه‌ستێره دره‌وشاوه‌ی هه‌ورامان كه به‌بنه‌ماڵه ده‌نگیان خۆشه و به‌لای لایه‌و سیاچه‌مانه‌ی ده‌نگی خۆشیی باوكی په‌روه‌رده‌و گۆشكراو و گه‌وره بووه هونه‌رمه‌ند (حه‌مه حسێن كهیمنهیی) یه، ده‌نگخۆشێكی دیكه‌ی گوندی كهیمنه و هه‌ورامانه به‌گشتی، ئه‌م هونه‌رمه‌نده توانایه‌كی به‌رزو باشی هه‌یه له چڕینی سیاچه‌مانه و گۆرانی خاوی هه‌ورامی دا، هه‌روه‌ها هونه‌رمه‌ند داهێنه‌ری گۆرانی هه‌ورامی و به‌زمی سیاچه‌مانه‌یه.
ئه‌م هونه‌رمه‌نده باڵا به‌رز، بوێر و شیكپۆش و ده‌نگخۆشه‌ی ده‌ڤه‌ری هه‌ورامان ناوی حه‌مه حسێن یوسفه ، ته‌واوی بنه‌ماڵه‌كه‌یان به ناسناوی( خالیدی) ده‌ناسرێن، به‌ڵام هونه‌رمه‌ند له‌ناو كۆڕی هونه‌ر و به‌زمی سیاچه‌مانه دا به ( حه‌مه حسێن كهیمنهیی) به‌ناوی زێدهكهییهوهدهناسرێت.
هونه‌رمه‌ند له ساڵی (1307ی هه‌تاوی ) به‌رامبه‌ر به ( 1928 ی زاینی ) له گونده جوانه‌كه‌ی (كهیمنه) ی سه‌ربه ناحیه‌ی ( نه‌وسود) و شارۆچكه‌ی ( پاوه) ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان به‌دنیا هاتووه.
“پیری سیاچه‌مانه”‘ و منداڵییه‌ک پڕ لە ڕه‌نج و زه‌حمه‌تی
دوای گه‌ڕانم به‌دوای ژیان و تێكۆشانی هونه‌ری هونه‌رمه‌ند، له‌سه‌رچاوه‌یه‌ك دا ئاماژه به‌وه ده‌دات هونه‌رمه‌ند حه‌مه حسێن كهیمنهیی، له‌ساڵی (1923) به‌دنیا هاتووه، واته له‌كاتی ئێستادا ته‌مه‌نی هونه‌رمه‌ند له (100) ساڵیدا ده‌ژی ، به‌ڕاستی كه‌وتمه گومانه‌وه و ناچار هانام برده به‌ر برای نووسه‌ر و خاوه‌ن خامه‌ی شیرین ( جه‌لیل عه‌باسی_ قه‌قنه‌س) له‌وه‌ڵامدا پێی ڕاگه‌یاندم ( من چه‌ندساڵێك له‌مه‌وبه‌ر دیدارم له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند حه‌مه حسێن كهیمنهیی دا سازكردووه، به‌ئاماده‌بوونی هونه‌رمه‌ندان(ئۆسمان كهیمنهیی، جه‌میل نه‌وسوودی و شه‌فیع كهیمنهیی) ئه‌و دیداره‌م له‌كتێبی( هه‌ورامان و هونه‌ر) بڵاوكردۆته‌وه و خۆی ده‌ڵێت ساڵی (1307ی هه‌تاوی به‌رامبه‌ر به ساڵی 1928 ی زاینی ) له ئاوایی كهیمنه له‌دایكبووم، له‌ئێستادا هونه‌رمه‌ند ته‌مه‌نی (95) ساڵه، ده‌خوازم ته‌ندروستی خاس بێت، هه‌ربۆ زانین، لات ڕۆشن بێت ئه‌م هونه‌رمه‌نده كۆمه‌ڵێك تایبه‌تمه‌ندی هه‌یه له هونهركهیدا و جێده‌ستی له‌هونه‌ری گۆرانی هه‌ورامیدا ڕۆشنه، من ناوم لێناوه “پیری سیاچه‌مانه” جا به‌ڕاستی كاك حه‌مه حسێن پیری سیاچه‌مانه‌یه.
ئه‌م هونه‌رمه‌نده ده‌نگخۆشه وه‌ك زۆر له هونه‌رمه‌ندانی نه‌ته‌وه‌كه‌مان بێ به‌ش بوون له چوونه قوتابخانه‌و فێربوونی نووسین و خوێندنه‌وه له‌به‌ر هه‌ژاری و نه‌داری و له‌ته‌مه‌نی منداڵی‌دا خراونه‌ته بازاڕی ژیانه‌وه و كاریان پێكراوه، جا هونه‌رمه‌ند حه‌مه حسێن كهیمنهیی ئه‌ویش خراوه‌ته به‌ركاركردن و له‌و ته‌مه‌نه منداڵییه‌وه ڕه‌نج و زه‌حمه‌تی كێشاوه، له‌لایه‌كی دیكه‌وه به‌هۆی بوونی ده‌سه‌ڵاتی خان و ده‌ره‌به‌گی سته‌مكار له‌ناوچه‌كه‌دا، منداڵی جوتیار و زه‌حمه‌تكێش نابێت بیر و هۆش و مێشك و چاویان به خوێندن و زانست بكرێته‌وه، ده‌بێت نه‌خوێنن و خوێندن بۆئه‌وان حه‌رام و قه‌ده‌غه‌یه و بۆهه‌میشه له‌خزمه‌تی ئاغا و ده‌ره‌به‌گ دا بن.
وه‌كو دارده‌ست و هاوكاری باوك و خانه‌واده‌كه‌ی له‌پێناو دابینكردنی ژیاندا، هونه‌رمه‌ند قۆڵی لێ هه‌ڵده‌ماڵێ و هێزو بازوو و جه‌سته‌ی ده‌خاته خزمه‌تی كاره‌وه، به‌ڵام له‌به‌رئه‌وه‌ی هونه‌ری ده‌نگخۆشیی به‌شێكی گرنگی بنه‌ماڵه‌كه‌یه‌تی و وه‌ك میرات بۆی ماوه‌ته‌وه، هه‌روه‌ها كاریگه‌ری ژینگه فێنك و سازگاره‌كه‌ی ئه‌م هونه‌رمه‌نده زیاتر كه‌مه‌ندكێشی دنیای سیاچه‌مانه و به‌سته‌و گۆرانی هه‌ورامی ده‌بێت، له‌ته‌مه‌نی مێردمنداڵیدا هه‌ست و بیر و گۆشی ئاوێته‌ی گۆرانی كردووه و به‌رده‌وام گۆرانی خوێندووه، هونه‌رمه‌ند ( ئوسمان كهمێنهیی) پاشای سیاچه‌مانه ده‌ڵێت ( له‌گه‌ڵ ئامۆزا حه‌مه حسێن، كهلهخۆم گه‌وره‌تره بوو، له به‌ند و به‌نده‌نه‌كان و باخ و مێرگ و هه‌رد و هه‌واره جوانه‌كانی كهیمنهدا ده‌مانگوت و ژیانی لاوێتیمان ئاوێته‌ی گۆرانی و چریكه ببوو).
بەجێهێشتنی هه‌واره دڵنشینهكهی كهیمنه و ڕووکردنە سلێمانی
ده‌نگ و هونه‌ری هونه‌رمه‌ند ڕۆژ به‌ڕۆژ وه‌ك تازه لاوێك له‌نێو خه‌ڵكی ئاوایی و ناوچه‌كه‌ی ده‌بیسترێت و ساتی دره‌وشانه‌وه‌ی ئه‌و ئه‌ستێره گه‌نجه‌یه وه‌ك گۆرانیبێژێك له كهیمنهو ده‌وربه‌ری، به‌ڵام به‌داخه‌وه ئه‌و خه‌ونه به‌هۆی ده‌سه‌ڵاتی سته‌مكاری ده‌ره‌به‌گه‌وه زۆر زوو له‌و خه‌ونه ڕاده‌چڵه‌كێت و له زێده‌كه‌ی ده‌ریده‌په‌ڕێنن و لههێلانهكهی دوور ده‌كه‌وێته‌وه، هونه‌رمه‌ند حه‌مه حسێن كهیمنهیی، وه‌ك گه‌نجێك و ده‌نگخۆشێكی گوند و ناوچه‌كه‌ی، ناو و هونه‌ره‌كه‌ی به‌ته‌واوی ده‌ڤه‌ری هه‌وراماندا بڵاو ده‌بێته‌وه، هه‌ستی به زوڵم و سته‌می (ئه‌نوه‌ر به‌گ) خان و ده‌سه‌ڵاتداری ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی گوندی كهیمنه كردووه، ئه‌میش گه‌نجێك و باوه‌ڕ به خۆبوون و نه‌چۆته ژێر ڕكێفی خواسته‌كانی ئهنوهربهگهوه و به‌رده‌وام ده‌نگی ناڕازی له‌ئاست ستهمهكانیدا هه‌ڵبڕیوه، له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و هه‌ڵوێستانه‌یدا، له‌لایه‌ن ئه‌نوه‌ربه‌گ و پیاوه‌كانییه‌وه، چوار جار هه‌وڵی كوشتنی دراوه و ئه‌میش به‌هۆی زیره‌كی و زرنگیهوه خۆی ده‌ربازكردووه تا دواجار بڕیار ده‌دات كهیمنه به‌جێ بهێڵێ، له‌ناوه‌ڕاستی ساڵی (1948) كاتێك ته‌مه‌نی هونه‌رمه‌ند(20) بههاربووه، هه‌واره دڵنشینهكهی جێدێڵێ و هانا ده‌باته لای (عه‌بدوڵڵاخانی دزڵێ) دواتر بۆ لای ( وه‌كێڵی جوانڕۆ) و هه‌موو خان و ده‌سه‌ڵاتدارانی ده‌ڤه‌ره‌كه له‌به‌ر دروست نه‌بوونی كێشه‌و ناكۆكی و پشتیوانی كردن له ( ئه‌نوه‌ربه‌گ) هیچیان داڵده‌ی ناده‌ن و نائومێدی ده‌كه‌ن و بێ هیوا ده‌یهێڵنه‌وه، دواتر بڕیارده‌دات ڕووبكاته كوردستانی عێراق و سوێند ده‌خوات ( تابهگی هه‌ورامان حوكم بكه‌ن و بمێنن، ته‌نانه‌ت ئاوی هه‌ورامانی لهۆنیش نه‌خواته‌وه)، له‌سه‌رده‌می ڕژێمی پاشایه‌تی ڕووده‌كاته شاری سلێمانی و هه‌ندێك دۆست و ناسیاوی خۆی ده‌دۆزێته‌وه، له شاری سلێمانی یش به‌خت یاوه‌ری نابێت له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتی ئه‌و كاته‌وه (سه‌رده‌می مه‌لیكی) ، به‌تاوانی ئه‌ندام بوون له‌ڕیزه‌كانی ( حیزبی شیوعی) قۆڵبه‌ست ده‌كرێت و بۆماوه‌ی (11) ساڵ و شه‌ش دینار سزا حوكمی به‌سه‌ردا ده‌سه‌پێندرێت، دوای ماوه‌یه‌كی كه‌م له‌لایه‌ن (شێخ ئه‌مینی خورماڵ) ه‌وه هه‌وڵی بۆده‌درێت و له‌و تاوان و حوكمه ڕزگاری ده‌كات، دوای ئازادبوونی هونه‌رمه‌ند سلێمانی به‌جێدێلێ و ڕووده‌كاته ( ئه‌حمه‌د ئاوا) و پاشان بۆ شاره‌كه‌ی شاعیران و ڕۆشنبیران و هونه‌رمه‌ندان ( هه‌ڵه‌بجه) ئه‌وه‌نده‌ش له‌و شاره ئۆقره ناگرێت و نامێنێته‌وه، ناچار ده‌په‌ڕێته‌وه بۆ به‌ری گه‌رمێن بۆ ( كه‌لار) و هانا بۆ دیوه‌خانی به‌گزاده‌كانی جاف(داوودبهگ) ده‌بات و له كه‌لار بۆماوه‌ی ( شه‌ش) ساڵ ده‌مێنێته‌وه، واته تا ساڵی (1958) له‌و ڕۆژه‌ی له كهیمنه ئاواره ده‌بێت و تا گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ زێده‌كه‌ی، ماوه‌ی (9 ساڵ و 6 مانگ) بووه، هونه‌رمه‌ند حه‌مه حسێن كهیمنهیی “شه‌ش ساڵ مامه‌وه و له‌ده‌وره‌ی ( عه‌بدولكه‌ریم قاسم ) دا گه‌ڕامه‌وه كهیمنه” له‌ماوه‌ی ئه‌و شه‌ش ساڵه‌ی له‌كه‌لار و له‌دیوه‌خانی داوود به‌گ دا، سه‌رده‌می گه‌شانه‌وه‌ی هونه‌ریی هونه‌رمه‌ند ده‌بێت و سه‌رده‌می داهێنان و ناوبانگ په‌یداكردنی هونه‌رمه‌ند بووه و چه‌ندێن گۆرانی نوێی خوڵقاندووه، له‌و ئاوازانه‌ی بۆ گۆرانییه‌كانی دایناون گۆرانی (سه‌له سه‌له و كه‌لار) بووه، له‌وماوه‌ی مانه‌وه‌یدا هونه‌رمه‌ند زۆر لێهاتووانه هونه‌ریی هه‌ورامان و گه‌رمیانی پێكه‌وه گرێ داوه.
ههموودهشتی شاره‌زوور و جافایه‌تی قه‌رزاری ده‌نگ و گه‌روو و سۆزی حه‌مه حسێنه!
سه‌باره‌ت به گۆرانی ( ئاخ سه‌له و سهلهگیان) نووسه‌ر ( جه‌لیل عه‌باسی) ده‌ڵێت “ئه‌گه‌ر هه‌موو هه‌ورامان قه‌رزاری قوتابخانه‌ی برایانی كهیمنهیی نه‌بێ، ههموودهشتی شاره‌زوور و جافایه‌تی قه‌رزاری ده‌نگ و گه‌روو و سۆزی حه‌مه حسێنه! چونكه كاریگه‌ری حه‌مه حسێنه ئه‌مڕۆ له‌ده‌شتی شاره‌زووردا تاكێكی شاره‌زووری هه‌ڵده‌ستێته‌وه و گۆرانی سهلهسهله ئه‌ڵێته‌وه، وائه‌زانی كه‌سێكی كهیمنهیی یا كه‌سێكی بێرواسیه یان هه‌ورامانی ته‌خته ئه‌وه‌نده جوانی ئه‌ڵێته‌وه.”
هونه‌رمه‌ند حه‌مه حسێن كهیمنهیی له‌سه‌ره‌تای په‌نجاكانی سه‌ده‌ی پێشوو له‌شاری (كه‌لار) گۆرانی “سه‌له سه‌له” ی تۆماركرد، ئه‌و ده‌نگه خۆشه‌و ئه‌و میلۆدییه به‌سۆز و هه‌ست بزوێنه زۆر به‌زوویی به گه‌رمێن و ده‌شتی شاره‌زوور و هه‌ورامان به‌گشتی بڵاوبۆوه، غوربه‌ت و ئاواره‌یی و دوور له‌و ژینگه جوان و هه‌واره سازگاره كه‌ی هه‌ورامان نه‌بووه له‌مپه‌ر له‌ئاست هونه‌ر و ده‌نگخۆشییه‌كه‌ی هونه‌رمه‌ندا، به‌ڵكو ناوبانگی زیاتر دهركردو داهێنانییشی له هونه‌ره‌كه‌یدا ئه‌نجامدا “من له ئێران و عێراق ڕێزمان ده‌گرن، به‌بۆنه‌ی هونه‌ره‌كه‌مانه‌وه، من زیاتر له له‌كه‌لار دا ناوبانگم ده‌ركرد.
من په‌روه‌رده‌ی هه‌ورامانم، به كێ‌و و هه‌رد و مێرگ و دۆڵ و باخ و هه‌وارگه خۆشه‌ویسته‌كانی ڕاهاتووم
سه‌باره‌ت به‌لێهاتوویی و توانای چڕینی سیاچه‌مانه‌و داهێنانی به‌زمی سیاچه‌مانه حه‌مه حسێن كهیمنهیی، ده‌نگێكی خۆش و توانایه‌كی باشی هه‌یه له‌چڕینی سیاچهمانهكاندا، داهێنه‌ری به‌زمێكی سیاچه‌مانه‌یه به‌ناوی ( ڕه‌فیق داد)، ئه‌م سیاچه‌مانه‌ی بۆمه‌رگی له‌ناكاوی گۆرانیبێژێكی گه‌نجی هاوڕێی چڕیوهبهناوی (عه‌لی حه‌مه ڕه‌جه‌بی دزاوه‌ری).
دوای به‌سه‌ربردنی ئه‌و ماوه زۆره له‌ئاواره‌یی و دوور له خاك و زێده‌كه‌ی هونه‌رمه‌ند به‌ڕۆحیه‌تێكی به‌رزو هه‌ست وبیری لێوان لێو له‌هونه‌ر ده‌گه‌ڕێته‌وه هه‌ورامان و دواتر له‌شاری مه‌ریوان هه‌وار هه‌ڵده‌دات و به‌گوڕو تینێكی زۆر و گه‌روویه‌كی پاكه‌وه سه‌رله‌نوێ تێ دهچرێكێنێ و گۆرانی وسیاچهمانه ده‌خوێنێ “من په‌روه‌رده‌ی هه‌ورامانم، به‌كێو و هه‌رد و مێرگ و دۆڵ و باخ و هه‌وارگه خۆشه‌ویسته‌كانی ڕاهاتووم و گیانم تێكه‌ڵاوی شنه‌ی شه‌ماڵ و بۆنی گوڵ و گیاكانی هه‌ورامان بووه، هه‌ستی ههژاندووم و چریكه‌ی پێ فێركردووم، به‌ڵام ڕووی خاوه‌نی شه‌ڕ و شه‌ڕخواز ڕه‌ش بێت كه‌بووه هۆی وێران بوونی هه‌ورامان و ئێمه‌شی لێ بڕی و ئاواره‌ی كردین، ئێستاش كه‌لێی بڕاوم چاوم لێڵه و سۆمایان بڕاوه و هه‌میشه حه‌سره‌ت ئه‌خۆم بۆ ئه‌و ژیانه پڕ له شانازیه‌ی پێشوو، جاروبار دائه‌نیشم بۆخۆم كوڵی دڵم به سهحهرییهك دائهمركێنم و یادی ئه‌و ڕۆژانه ئه‌كه‌مه‌وه كه‌له‌سه‌ر به‌رزاییه‌كانی (ته‌ته و نوێجهڕ و ته‌خت) چاوم ئهبڕییه ده‌ره‌وه‌ی چه‌می بیاره و ده‌شتی پانی شاره‌زوور و به‌خۆشییه‌وه ههوایهكم ئهچریكاند، دووری له‌هه‌ورامان و بێبه‌شی له‌و هه‌واو پاك و بێگه‌رده و له‌و به‌هه‌شته خه‌مڵیوه دوو چه‌ندان پیری كردووم و هه‌ستی كوشتووم.”
“قوتابخانه‌ی برایانی كهیمنهیی” و “قوتابخانه‌ی سیاچه‌مانه”
دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی هونه‌رمه‌ند حه‌مه حسێن كهیمنهیی و ئاشنابوونه‌وه‌ی به زێد و خانه‌واده‌و بنه‌ماڵه‌كه‌ی، بهگوڕوو تینێكی زۆر و ده‌نگێكی زوڵاڵه‌وه بره‌و به‌هونه‌ره‌كه‌ی ده‌دات و بۆهه‌میشه له‌پاڵ ده‌نگه خۆش و به‌سۆزه‌كانی ده‌ڤه‌ره‌كه‌ی تێدهچریكێنێ، به‌هه‌وڵ و تێكۆشانی نه‌پساوه‌ی هونه‌رمه‌ند له هه‌ردوو قوتابخانه هونه‌رییه‌كه‌ی هه‌وراماندا ناو و هونه‌ره‌كه‌ی به‌رجه‌سته‌یه‌و خاوه‌نی پله‌یه‌كی به‌رزه، جه‌لیل عه‌باسی پێمان ده‌ڵێت “له‌هه‌وراماندا ئێمه دوو قوتابخانه‌مان هه‌یه:
یه‌كێكیان پێی ده‌ڵێن: ( قوتابخانه‌ی برایانی كهیمنهیی) بریتین له‌هونه‌رمه‌ندان “ئوسمان كهیمنهیی ، حه‌مه حسێن كهیمنهیی و شه‌فیع كهیمنهیی.”
قهتابخانهكهی دووه‌میش پێی ده‌ڵێن : ( قوتابخانه‌ی سیاچه‌مانه) بریتین له هونه‌رمه‌ندان “ئوسمان كهیمنهیی حه‌مه حسێن كهیمنهیی و جه‌میل نه‌وسوودی”، واته له‌هه‌ردوو قوتابخانه‌كه‌دا هونه‌رمه‌ند حه‌مه حسێن كهیمنهیی بوونی هه‌یه‌وه له پله‌ی( دووه‌مه) ئه‌وه‌ش پله‌یه‌كی كه‌م نییه، خاوه‌نی ئه‌زمونێكی دره‌وشاوه‌یه سه‌ره‌ڕای ته‌مه‌نه‌كه‌ی، ئه‌م هونه‌رمه‌نده خاوه‌نی مۆرك و ده‌نگ و هه‌ناسه‌ی تایبه‌ت به‌خۆیه‌تی، ئه‌بینین حه‌مه حسێن خاوه‌نی ئه‌و مۆركه تایبه‌ته‌یه له چۆنیه‌تی دهربڕكردن و ئه‌داو گۆكردنی، هه‌م شیعره‌كان، هه‌م خودی ئاوازه‌كه ئه‌م زاته تایبه‌تمه‌ندی خۆیه‌تی و توانیویشیه‌تی هه‌م بیسه‌لمێنێ و پیشانی ده‌ره‌وه‌ی خۆی بدات و هه‌م هونه‌ره‌كه‌ی بپارێزێت.
تەمەنێکی پڕ لە بەرهەم و شانازی
هونه‌رمه‌ند له‌ماوه‌ی ژیانی هونه‌ریدا له‌گه‌ڵ زۆر له هونه‌رمه‌ندانی هه‌ورامان به‌گشتی ( سیاچه‌مانه، ورده به‌زم و گۆرانی چه‌پڵه) بچڕێت، به‌تایبه‌تی له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندان ( ئۆسمان و شه‌فیع كهیمنهیی و جه‌میل نه‌وسوودی و مه‌جنوون خالیدی كهیمنه و حه‌یده‌ر، حه‌مه جافه‌ری حه‌مێ)، به‌ڵام له‌گه‌ڵ پاشای سیاچه‌مانه (ئوسمان كهیمنهیی) ئامۆزای له‌هه‌مووان زیاتر و پشكی شێری به‌ركه‌وتوو.
ئه‌م هونه‌رمه‌نده خاوه‌نی سه‌دان كاسێتی تۆماركراوه، هه‌روه‌ها یه‌كێك بووه له هونه‌رمه‌ندانی هه‌ورامان له‌ساڵی (1964) چۆته ڕادیۆی كرماشان له گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندانی هاوڕێی (ئوسمان كهیمنهیی، شه‌فیع كهیمنهیی و ڕه‌زا به‌گی كه‌ڕاوا) گۆرانیان له‌به‌شی كوردی رادیۆی كرماشان تۆماركردووه.
هونه‌رمه‌ندی ده‌نگخۆش (شه‌فیع كهیمنهیی1941)، باسی ئه‌و ڕۆژه‌مان بۆ ده‌كات كه پێكه‌وه چوونه‌ته ڕادیۆی كرماشان و چۆن گۆرانیان تۆماركردووه (له‌گه‌ڵ ئوسمان و حه‌مه حسێن و ڕه‌زابه‌گی كه‌ڕاوا، رۆیشتین بۆ ڕادیۆی كوردی كرماشان بۆ تۆماركردنی گۆرانی، ئه‌وكاته به‌ڕێوه‌به‌ری به‌شی كوردی ڕادیۆی كرماشان كاك (شێخ ئه‌مین سهڕاجهدین نه‌قشبه‌ندی 21/12/1931_ 9/4/1990) بوو، به‌ر له تۆماركردن هه‌ریه‌كه‌و ده‌نگێكمان وت بۆ هه‌ڵبژاردنی نهزمهكان، منیش به ( ئێران ئێران) ده‌نگم هه‌ڵبڕی ( پێویسته بڵێم كه‌من ئه‌و گۆرانیه‌م له‌كاك حه‌سه‌ن زیره‌ك وه‌رگرتووه و كارم له‌سه‌ر كردووه و وتوومه‌ته‌وه) كاك ئه‌مین نه‌قشبه‌ندی گۆرانیه‌كه‌ی پێ بڕیم و به تۆزێ تووڕه‌ییه‌وه وتی: ( برا گیان ئێوه‌م بانگ كردووه بۆ چریكه‌ی ڕه‌سه‌نی هه‌ورامان نه‌ك بۆ دووپاته كردنه‌وه‌ی ئه‌و به‌زمانه، یان هیچ مه‌ڵێن یان ته‌نیا هه‌وای ڕه‌سه‌نی هه‌ورامی و هیچیتر) منیش زانیم ئه‌و مامۆستایه چه‌نده ڕێز و نرخ دائه‌نێ بۆ گۆرانی ڕه‌سه‌ن و هه‌رهه‌مووشمان زۆر پێی خۆشحاڵ بووین و ستۆدیۆی ڕایۆمان پڕكرد له‌چریكه‌ی ره‌سه‌ن و نه‌زمی ( باوانم باوانم) كه‌دواتر له‌به‌رنامه هونه‌رییه‌كانی ڕادیۆدا به‌ناونیشانی ( ده‌نگی برا كهیمنهییهكان) بڵاوكرایه‌وه).
گۆرانی لاواندنه‌وه
هونه‌رمه‌ند حه‌مه حسێن كهیمنهیی، له‌هه‌ردوو قوتابخانه هونه‌رییه‌كه‌ی ناوچه‌ی هه‌وراماندا (برایانی كهیمنهیی و سیاچه‌مانه) دا ناو و هونه‌ره‌كه‌ی به‌پله‌ی دووه‌م دێت، به‌وته‌ی هونه‌رمه‌ندان و شاره‌زایانی هونه‌ری گۆرانی هه‌ورامی، هونه‌رمه‌ند له گۆرانی خاوی هه‌ورامیدا پێشه‌نگ بووه، ( سیروان خالیدی) كوڕی هونه‌رمه‌ند حه‌مه حسێن كهیمنهیی و ده‌نگخۆش و ڕێبواری به‌ئه‌مه‌كی ڕێگا پیرۆزه‌كه‌ی باوكیه‌تی ده‌ڵێـت (باوكی من هه‌ر له‌منداڵییه‌وه گۆرانی و سیاچه‌مانه‌ی چریوه، له ڕێی هونه‌ره‌وه ناو و ناوبانگی په‌یداكردووه، چ لهسیاچهمانه و چ له‌گۆرانی خاو و چ له گۆرانی چه‌پڵه، به‌تایبه‌ت ھه‌ڵپه‌ڕكێ و وه له‌گۆرانی شێخانهدا ده‌ستێكی باڵای هه‌بووه، لهههرههموویاندا ئوستادانه و ئه‌وپه‌ڕی هونه‌رمه‌ندانه توانیویه‌تی گۆرانی بڵێت.
به‌ڵام زیاتر له‌گۆرانی ( خاو) دا له‌ئه‌وانی تر ئه‌بێ بڵێم له‌گۆرانی خاوا هه‌قی به‌گۆرانییه هه‌ورامییه‌كان داوه زیاتر لهگۆرانیبێژانی تر، ئه‌م هونه‌رمه‌نده یه‌ك شتی تریشی به‌گۆرانی هه‌ورامی زیادكردووه، ئه‌ویش گۆرانی لاواندنه‌وه، بۆ نموونه: ساڵی (1975) بوو گونده‌كانی ئه‌م دیوو هه‌مووی چۆڵكران، ئه‌م گۆرانییه‌كی لاواندنه‌وه‌ی ووت بۆ ئه‌و گوندانه، چونكه خۆی خه‌ڵكی هه‌ورامان بوو، ئه‌یبینی كه هه‌ورامان خه‌ریكه ئه‌و دیمه‌نه جوانه تێكده‌چێ و وێران ده‌بێ ، ئه‌م شێوازی گۆرانییه‌ی بۆ ئه‌و مه‌به‌سته دروست كرد).
ئه‌رشیڤێكی به‌نرخ و نایاب
وه‌ك پێشتر ئاماژه‌م پێدا هونه‌رمه‌ند چه‌ندین كاسێتی تۆماركردووه و ئێستا وه‌ك ئه‌رشیڤێكی به‌نرخ و نایاب له تۆمارگاكاندا بوونیان هه‌یه و سه‌رچاوه‌یه‌كی به‌نرخن له‌گه‌نجینه‌ی گۆرانی و سیاچهمانی كوردی، هه‌ندێك له گۆرانییه دیاره‌كانی هونه‌رمه‌ند: (ئاخ سه‌له و سه‌له گیان، كۆرپه‌ی قهدباریك، هه‌وری له‌مل، ئامین مهڕۆجافی، كۆنه هه‌واران، مێو دهیمهكا، شیرین دامه‌چۆ، دڵه ئای، قیبله‌م بارش گه‌ر، لای لایه، نازت بۆ، لیمۆ هه‌ی لیمۆ، خالۆ خاڵۆته‌ن، كه‌شه‌وان، سه‌وزه‌ڵه‌ی باخی، تازهدۆست، یاران یاران، مهڕۆگیان، هه‌ی باوانم و خالۆی ڕێبوار ،،،،، تاد.
سه‌باره‌ت به توانای هونه‌ریی و ده‌نگی هونه‌رمه‌ند و خوێندنی له‌گه‌ڵ مۆسیقادا، هونه‌رمه‌ندی مۆسیقاژه‌ن (جه‌هانگیر جه‌لال) به‌و شێوه‌یه خوێندنه‌وه بۆ توانا ده‌نگییه‌كانی هونه‌رمه‌ند حه‌مه حسێن كهیمنهیی ده‌كات، “ئه‌گه‌ر هونه‌ری كوردی به‌گشتی دابه‌ش بكه‌ین به‌سه‌ر ڕیتمه مۆسیقی یه‌كاندا حه‌وت هه‌شتمان هه‌ی، چوارچوار، دووچوار، شه‌ش هه‌شتمان نییه! به‌دوای ڕیتمی شه‌ش هه‌شت له گۆرانی هه‌ورامیدا نه‌گه‌ڕێی، به‌ڵام كاك حه‌مه حسێن هاتووه گۆرانی له‌سه‌ر ڕیتمی پێنج هه‌شت داناوه، یانی پێنج هه‌شت له ڕیتمی مۆسیقادا زۆر ئه‌سته‌مه، ئه‌و هێناویه‌تی لهه ونه‌ری هه‌ورامیدا جێی كردۆته‌وه و گۆرانیشی بۆ كردووه، یانی نه پێش خۆی بیستوومه و نه‌دوای كاك حه‌مه حسێن بیستوومه كه‌سێك ئاوازێك بێنێ به‌ڕیتمی پێنج هه‌شت بتوانێ بیڵێ ؟!”
خۆش به‌ختانه كاك حه‌مه حسێن یه‌كێك بووه له‌و گۆرانیبێژانه‌ی له‌ڕێی مۆسیقاوه زۆر باش بووه، هونه‌رمه‌ند گۆرانی (یاران یاران) ی دروستكردووه به ئه‌دایه‌كی هه‌ورامی و به گه‌روویه‌كی هه‌ورامی خوێندوویه‌تی، یه‌كێكی تر له‌گۆرانییه بهرجهستهكانی هونه‌رمه‌ند ( قیبله‌م بارش گه‌ر) ه كهوتوویهتی ده‌نگی گۆڕانكاری به‌سه‌ردا نه‌هاتووه ، یه‌كه‌م جار له (لا) وه نه‌یوتووه و دواتر بڕواته ( لاگێز) واته لهوتۆنهوه وتوویه‌تی (3 خولهك بۆ 4 خولهك ) ماوه‌ته‌وه ، منێكی مۆسیقی ئاسانتر ئه‌توانێ كاری مۆسیقی بۆ بكه‌ین).
چرای دیوه‌خانه هونه‌رییه‌كه‌ی ڕۆشنه
هونه‌رمه‌ند حه‌مه حسێن كهیمنهیی له‌باری كۆمه‌ڵایه‌تیه‌وه ، له‌ساڵی (1956) ژیانی هاوسه‌ری پێكهێناوه و خاوه‌نی (9) منداڵه، خۆش به‌ختانه چرای دیوه‌خانه هونه‌رییه‌كه‌ی ڕۆشنه به‌ده‌نگی خۆشیی هه‌ردوو كوڕه‌كه‌ی ( سیروان خالیدی و دڵسۆز خالیدی) هیوای سه‌ركه‌وتن و به‌رده‌وامیان بۆ ده‌خوازم و هه‌میشه هه‌ڵگری مه‌شخه‌ڵه ڕۆشنه‌كه‌ی باوكه هونه‌رمه‌نده مه‌زنه‌كه‌یان بن.
هونه‌رمه‌ند حه‌مه حسێن كهیمنهیی سه‌باره‌ت پاراستنی گۆرانی له‌ناو خانه‌واده‌كه‌یدا ده‌ڵێت (ده‌نگی خۆش له بنه‌ماڵه‌ی ئێمه‌دا وه‌ك میرات وایه، ئێستا ته‌نیا یه‌كێك لهكوڕهكانم (سیروان) گۆرانی ئه‌ڵێت (ئه‌م دیداره له‌ساڵی 1988 له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند سازكراوه، دیاره هێشتا كوڕی دووه‌می (دڵسۆز) گۆرانی نه‌خوێندووه (ج،د) ) هه‌ڵبه‌ت ئه‌گه‌ر به‌وردی و ژیرانه درێژه‌ی پێ بدات و له‌سه‌ری بڕوات، كه هیوادارم و داواشی لێده‌كه‌م ئه‌و كاره بكات و له‌و ڕێبازه‌دا هه‌نگاوی چالاكانه هه‌ڵگرێت .
له‌به‌رامبه‌ر مێژووی لێوان لێو له‌به‌خششی هونه‌ر و خزمه‌تكردن به سیاچه‌مانه و گۆرانی هه‌ورامی ، مه‌ڵبه‌ندی ڕۆشنبیری هه‌ورامان له‌ساڵی (2018) له باره‌ته‌قای ئه‌و خزمه‌ته دره‌وشاوه‌یه‌دا، مه‌ڵبه‌ندی ناوبراو ڕێزی له سێ هونه‌رمه‌ندی ناوچه‌ی هه‌ورامان گرتیهكێك له‌و هونه‌رمه‌ندانه، هونه‌رمه‌ند( حه‌مه حسێن كهیمنهیی) بوو، هه‌روه‌ها هه‌ردوو هونه‌رمه‌ند( جه‌میل نه‌وسوودی و عه‌تا زه‌ڵمی) .
هونه‌رمه‌ند حه‌مه حسێن كهیمنهیی، سوپاسگوزاری بۆ په‌روه‌ردگار ئێستا لهژیاندایهوه و له گوندی ( سه‌وڵاوا) له ته‌مه‌نی (95) ساڵیدا ده‌ژی ، به‌هۆی زۆری ته‌مه‌نییه‌وه وه‌ك جاران ئه‌و توانایه‌ی نه‌ماوه سیاچه‌مانه‌و وورده به‌زمی هه‌ورامی بچڕێت، (پیری و هه‌زار عه‌یب ..؟! ) به‌هیوای ته‌ندروستی باش و سه‌لامه‌تی بۆ ده‌خوازین بۆئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ی له‌ناو دنیای هونه‌ر به‌گشتی و هونه‌ری ناوچه‌ی هه‌وراماندا جێده‌ستی دیار و ڕۆشنه و مێژوویه‌كی به‌رزی هونه‌ریی بۆخۆی تۆماركردووه‌و خه‌رمان و گه‌نجینه‌ی هونه‌ریی به‌سته‌و سیاچه‌مانه‌ی ده‌وڵه‌مه‌ندتر كردووه.
ڕاپۆرتی: جه‌مالی ده‌لاك / لە کوردستان تیڤی وەرگیراوە