بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ڕژێمی زایۆنیستی بە تەواوی لە لایەن ئەمریکاوە پشتیوانی دەکرێت و ئەمەش وایکردووە کە پابەندی هیچ یاسایەک نەبێت و بە گڵۆپی سەوزی کۆشکی سپی نەخۆشخانەی مەعمەدانیی بە فڕۆکەی ئێف 16 و بەهێزترین بۆمب بۆردومان دەکات و لە ماوەی چەند چرکەیەکدا زیاتر لە 500 کەسی سڤیلی بە تایبەت لە ژنان و منداڵان پارچە پارچە کرد و بە هەزارانی دیکەشی بریندار کرد.
ئەو وێنانەی کە لە فەڵەستینەوە و لە نەخۆشخانەی غەززە لە کۆمەڵکوژییەکەی مەعمەدانی بڵاو کرایەوە، بۆ هەر مرۆڤێکی بە ویژدان قبووڵکراو نەبووە. وێنەی تەرمی شەهیدان بە تایبەت منداڵان و ئەو ژنانەی کە بۆ پاراستنی گیانی خۆیان پەنایان هێنابووە نەخۆشخانەکە، وێنەی ئەو بریندارانەی کە بە هۆی نەبوونی پێداویستی و خزمەتگوزاری پزیشکییەوە چارەنووسیان تەنیا مردنە، ئەمە دۆخێکە کە مرۆڤ لەو هەموو پشتیوانییەی ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوا لە ڕژێمی زایۆنیستی تووشی بێزاری دەبێت.
چۆن دەتوانین بڕوامان بەوە هەبێت کە بە هەزاران کەس لە ماوەی دوو هەفتەیەدا گیان لە دەست بدەن و شەهید بکرێن و سەرەڕای ئەمەش بۆردومانەکان تەنیا بۆ یەک کاتژمێریش ڕانەوەستن، ئەم هەموو تاوانەش لە کەرتی غەززە ڕوو دەدات کە لە ئاسمان و زەوی و دەریاوە گەمارۆیەکی قورسی لە سەرە.
چۆن دەتوانین بڕوامان بەوە هەبێت کە دانیشتووانی غەززە تەنانەت نەتوانن تەرمی ئازیزە شەهیدکراوەکانیان بە خاک بسپێرن، لە بەر ئەوەی کە ڕەنگە ئەوانەش ماون ببنە ئامانجی هێرش و بۆردومانە دڕندانەکانی ڕژێمی کاتی و منداڵکوژی زایۆنیستی.
چۆن دەتوانین بڕوامان بەوە هەبێت کە هێرشە دڕندانەکانی ڕژێمی زایۆنیستی لە ئاستێکدا بەردەوام بێت کە تەنانەت خەڵک نەتوانن تەرمی ئازیزەکانیان لە ژێر کەلاوە ڕووخاوەکاندا دەربهێنن.
بەڵێ، دەبێت بڕوامان بەوە هەبێت کە ئەم ڕژێمە تیرۆریستی و دڕندە و دژە مرۆییە هەموو هێڵە سوورەکانی تێپەڕ کردووە و ئەمەش بە پشتیوانی وڵاتانی ڕۆژئاوا بە تایبەت ئەمریکا دەکرێت.
زایۆنیستەکان ئەم کۆمەڵکوژییەیان لە پێناو چەندین ئامانجدا کردووە. یەکەم، هەوڵدان بۆ سڕینەوەی ئاسەواری شکستە گەورەکەی 7 ی ئۆکتۆبەری 2023 کە لە لایەن حەماس و خۆڕاگری فەڵەستینەوە بە سەریاندا سەپێندرا، شکستێک کە نەک تەنیا بۆ ڕژێمی زایۆنیستی، بەڵکوو بۆ ئەمریکا و هاوپەیمانەکانیشی بووە.
دووەم، کۆمەڵکوژی و پاکتاوی نەتەوەیی فەڵەستینییەکان. سێهەم، بڵاوەپێکردنی ترس و دڵەڕاوکێ لە کەرتی غەززە و ناچارکردنی خەڵک بۆ کۆچکردن بەرەو بیابانەکانی سینا وەک نیشتمانی جێگرەوە، وەک چۆن پێشتر لە دێر یاسین و کەفەر قاسم کراوە.
چوارەم، ئامادەکاری بۆ جێبەجێکردنی هەڕەشەی هێرشی وشکانی بۆ سەر کەرتی غەززە. پێنجەم، گەیاندنی ژمارەی کوژراو و بریندارەکانی کەرتی غەززە بۆ چەند هێندەی کوژراو و بریندارەکانی ڕژێمی زایۆنیستی لە هێرشەکەی زریانی ئەقسای بزوتنەوەی حەماس.
بوونی چەندین کەشتی فڕۆکەهەڵگر و هێزی ئەمریکا لە ناوچەکە، سەردانە بەردەوامەکانی بەرپرسانی ئەمریکا بۆ تەل ئەبیب و وڵاتانی ناوچەکە بە تایبەت سەردانەکەی جۆبایدن و ژنڕاڵ لۆید ئۆستن وەزیری بەرگری ئەمریکا، هەموو ئەوە پشتڕاست دەکاتەوە ئە ئەمە واشنتنە سەرکردایەتی شەڕی غەززە دەکات. بە تایبەت ئەوەی کە زریانی ئەقسا کۆتایی بەو خەونەی زایۆنیستەکان هێنا کە سوپاکەیان شکست ناهێنێت و وڵاتانی جیهان ئەوەیان بۆ ڕوونکرایەوە کە سوپای تاوانباری زایۆنیستی تەنیا کە کۆمەڵکوژی ژنان و منداڵاندا قارەمانە و لە شەڕی جیدی سەربازیدا شتێکی بۆ ناکرێت.
سەرەڕای ئەم دۆخەش، زایۆنیستەکان و تەنانەت ئەمریکا ناتوانن ڕاستییەکان بگۆڕن و ئەوەش دەزانن کە هیچ هێزێک ناتوانێت بە هێرشی وشکانی بچێتە غەززەوە و بایدن و نتانیاهۆ بە دەستی بەتاڵ لە ئەگەری شەڕێکی وەها دەگەڕێنەوە و کابینە تیرۆریستییەکەی نتانیاهۆش دەڕووخێت و گرنگتر لە هەمووش ئەوەی کە ڕژێمی زایۆنیستی هیچ کات بۆ ئەوەی پێش 7 ی ئۆکتۆبەر هەبووە، ناگەڕێتەوە./.