بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە وتووێژی تەلەفوونی لە گەڵ ئەحمەد عەتاف وەزیری دەرەوەی جەزایر، جەختی لە سەر هەنگاوی بەپەلەی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بۆ ڕاگرتنی تاوانەکانی ڕژێمی زایۆنیستی و گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ کەرتی غەززە کردەوە.
ئەمیر عەبدوڵڵاهیان بە ئاماژە بە تاوانە دژە مرۆییەکانی ڕژێمی زایۆنیستی لە بەئامانجگرتنی کەسانی سڤیل بە تایبەت هێرشەکەی ڕۆژانی ڕابردوو بۆ سەر نەخۆشخانەی مەعمەدانی شاری غەززە، جەختی لە سەر پێویستی یەکڕیزی ئیسلامی بە مەبەستی ڕاگرتنی تاوانەکانی ڕژێمی زایۆنیستی کردەوە.
ناوبراو ئامادەیی کۆمەڵەی مانگی سووری ئێرانی بۆ گەیاندنی دەرمان و مادە خۆراکییەکان بۆ کەرتی غەززە لە ڕێگای میسرەوە ڕاگەیاند.
هەروەها ئەحمەد عەتاف وەزیری دەرەوەی جەزایر لەو وتووێژە تەلەفوونییەدا دۆخی ئێستای بە ئەنجامی شکستی پرۆژە سیاسییەکان لە پێناو گەیشتن بە مافی گەلی فەڵەستین و ڕاگەیاندنی وڵاتی سەربەخۆی ئەوان ناو برد و جەختیکردەوە کە دەبێت لە زووترین کاتدا تاوانە دڕندانەکانی ڕژێمی زایۆنیستی دژ بە گەلی بێ تاوانی فەڵەستین ڕابگیرێت./.