بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ملیۆنان کەس ئەمڕۆ هەینی 20 ی تشرینی یەکەمی 2023 لە دەیان شاری جیهانی ئیسلام ڕژانە سەر شەقامەکان و دژایەتی خۆیان بۆ ئەمریکا و ڕژێمی زایۆنیستی ڕاگەیاند.
لە عێراق شارەکانی بەغدا، کەربەلا و بەسرە، لە قەتەر شاری دەوحە، لە تورکیا شاری ئیستەنبووڵ، چەندین شاری لوبنان، قاهیرەی میسر، چەندین شاری ئەردەن و جاکارتای پایتەختی ئەندونیزیا و هەروەها سەنعای پایتەختی یەمەن بوونە گۆڕەپانی خۆپێشاندان و ناڕەزایەتی دژ بە ئەمریکا و ڕژێمی زایۆنیستی.
خۆپێشاندەران پشتیوانی خۆیان بۆ دانیشتووانی غەززەی زوڵملێکراو ڕاگەیاند و سیاسەتەکانی ئەمریکایان لەم شەڕەدا ئیدانە کرد.
بە هۆی تاوانەکانی ڕژێمی زایۆنیستی لە بۆردومانکردنی دڕندانەی شاری غەززە و پشتیوانییەکانی ئەمریکا بۆ ئەم ڕژێمە منداڵکوژە، سەرتاسەری جیهانی ئیسلام بووەتە گۆڕەپانی خۆپێشاندانی ناڕەزایەتی دژی واشنتن و تەل ئەبیب./.