بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، حوسین ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران کە بە یاوەری شاندێک بۆ بەشداری لە دانیشتنی نائاسایی ڕێکخراوی هاریکاری ئیسلامی سەردانی جەدەی کردبوو، ئەمڕۆ پێنج شەممە 19 ی تشرینی یەکەمی 2023 پێش گەڕانەوەی بۆ تاران، بە پەیامنێرانی ڕاگەیاند کە سیاسەتی دووفاقی سەرۆک کۆماری ئەمریکا ڕوبەڕوی ڕەخنەیەکی زۆر بووەتەوە. بایدن لە لایەکەوە بە هەموو شێوازێک پشتیوانی سیاسی و سەربازی و دارایی بۆ ڕژێمی زایۆنیستی دەردەبڕێت و لە لایەکی دیکەوە خۆی بە بەرگریکاری مافی مرۆڤ دەزانێت و باس لە ناردنی 20 بارهەڵگر هاوکارییە مرۆییەکان بۆ غەززە دەکات.
وەزیری دەرەوەی ئێران وتی: جارێکی دیکە بە هەمووانی ڕادەگەێنم کە کاتەکە ڕوو بە کۆتاییە و ئەگەر شەڕەنگێزان هەست بەوە دەکەن کە دەتوانن بە کوشتاری خەڵک، بزوتنەوەی حەماس و خۆڕاگری لە غەززە لەناو ببەن، تووشی هەڵەیەکی گەورە بوون، ئەوان ساڵانێک بەر لە ئێستا ئەوەیان بۆ حزبوڵڵای لوبنان باس دەکرد، کەچی ئێستا حزبوڵڵا لەوپەڕی ئامادەباشی و بەهێزبوونی خۆیدایە.
ناوبراو ڕایگەیاند کە وڵاتانی ئیسلامی لە دانیشتنەکەی ڕێکخراوی هاریکاری ئیسلامی جەختیان لەوە کردووەتەوە کە فەڵەستین پرسی سەرەکی و یەکەمی جیهانی ئیسلامە و مافی چارەی خۆنووسین، سەربەخۆیی، ڕاگەیاندنی وڵاتی سەربەخۆی فەڵەستین و گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ نیشتمانی خۆیان دەبێت مسۆگەر بکرێت./.