بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، سەید هاشم سەفیەدین سەرۆکی ئەنجومەنی جێبەجێکاری حزبوڵڵا سەبارەت بە هەڕەشە و دەسدرێژییەکانی ڕژێمی داگیرکاری زایۆنیستی لە سنورەکانی باشوری لوبنان، بە توندی هۆشداریی دایە سەرکردەکانی تەل ئەبیب و جەختیکردەوە کە هەر هەڵەیەک کە لە لایەن زایۆنیستەکانەوە ڕوو بدات وەڵامێکی توند و یەکلاکەرەوەی خۆڕاگریی بە دواوە دەبێت.
ناوبراو لە میانەی وتارێکی لە گردبوونەوەیەکی جەماوەری بۆ پشتیوانی لە دانیشتووانی غەززە لە شاری بەیروت، وتی: تاوانی ڕژێمی زایۆنیستی لە بۆردومانکردنی نەخۆشخانەی مەعمەدانی شاری غەززە و شەهید و بریندارکردنی سەدان ژن و منداڵی بێ تاوانی فەڵەستینی ئیدانە دەکەین و شەرمەزارییەکی گەورەیە بۆ ئەمریکاش کە سەرۆک کۆمارەکەی لە کاتی سەردانەکەی بۆ تەل ئەبیب ڕایگەیاندووە ڕژێمی زایۆنیستی ئەنجامدەری هێرشەکە نییە.
سەفیەدین وتی: ڕژێمی زایۆنیستی لە سەر بنەمای تاوان و کوشتاری کەسانی بێ تاوان دامەزراوە و ئەمریکاش پشتیوانی سەرەکی و هاوبەشی تاوانەکانی ئەم ڕژێمەیە.
سەرۆکی ئەنجومەنی جێبەجێکاری حزبوڵڵا وتی: لە ڕوانگەی ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژئاواوە خەڵکی فەڵەستین مرۆڤ نین و کوشتاری ئەوان ڕێگاپێدراوە. دەبینین کە دوژمنی زایۆنیستی درێژە بە بۆردومانکردنی خەڵکی بێ تاوان و کوشتاری منداڵان دەدات و ڕۆژئاوا و ئەمریکا بە شێوازێک هەڵسووکەوت دەکەن کە دەڵێی شتێک ڕووینەداوە.
ناوبراو ڕایگەیاند کە ئەمریکا و ڕژێمی زایۆنیستی داعشی ڕاستەقینەن و وتی: دوژمنی زایۆنیستی درێژە بە تاوانەکانی خۆی لە بەئامانجگرتنی نەخۆشخانەکان و تیمەکانی تەندرووستی و منداڵان و بەرگری شارستانی دەدات و ئەرکی موسڵمانانیش ئەوەیە لە بەرامبەر پیلانی دەرکردنی خەڵکی غەززە و نیشتەجێکردنی ئەوان لە وڵاتی میسر ڕابوەستن./.