بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران، ئەمڕۆ چوارشەممە لە دانیشتنی نائاسایی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئەندام لە ڕێکخراوی هاریکاری ئیسلامی کە لە شاری جەدەی سعوودیە بەڕێوەچوو، پەیامی هاوخەمی خۆیی بە بۆنەی شەهید و برینداربوونی سەدان کەس لە خەڵکی بێ تاوانی غەززە لە بۆردومانە دڕندانەکەی نەخۆشخانەی مەعمەدانی لە لایەن ڕژێمی کاتی و منداڵکوژی زایۆنیستی دەربڕی و وتی: تاوانەکانی ڕژێمی زایۆنیستی بە هۆی ئەوەیە کە ئەم ڕژێمە لە 7 ی تشرینی یەکەم بە هۆی پلانە سەرکەوتووەکەی قارەمانانی خۆڕاگرییەوە تێکشکا و ئەمریکاش بۆ زیندووهێشتنەوەی ئەم ڕژێمە، شەڕی ئێستای غەززە بەڕێوە دەبات.
ناوبراو وتی: ئەمریکا بەرپرسی سەرەکی ئەم تاوانەی ڕژێمی زایۆنیستییە و بەرپرسیاریەتی تەواوی دەکەوێتە ئەستۆ.
ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وتی: کاتی ئەوە هاتووە کە وڵاتانی ئیسلامی کۆتایی بە پەیوەندییەکانیان لە گەڵ ڕژێمی زایۆنیستی بێنن.
وەزیری دەرەوەی ئێران وتی: دەبێت شاندێک لە وڵاتانی ئیسلامییەوە بۆ تاوتوێکردنی تاوانەکانی ڕژێمی زایۆنیستی سەردانی غەززە بکات.
ناوبراو ئیدانەی تاوانەکانی ڕژێمی زایۆنیستی کرد و وتی کە دەبێت سەرکردەکانی ئەم ڕژێمە لە دادگا نێودەوڵەتییەکاندا سزا بدرێن.
وتیشی کە ئۆپەراسیۆنی زریانی ئەقسا ئەوەی سەلماند کە پرسی فەڵەستین بەردەوام بە زیندوویی ماوەتەوە و فەڵەستینی پاش زریانی ئەقسا جیاوایی لە گەڵ دۆخی پێشوویدا هەیە./.