بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، عەباس عەرداوی لە چاوپێکەوتنێکدا وتی کە ئۆپەراسیۆنی زریانی ئەقسا گورزێکی کوشندەیە کە لە ڕژێمی زایۆنیستی درا و وانەیەکی زۆریشی بۆ بەرەی خۆڕاگری و پرسی فەڵەستین هەیە.
ناوبراو ڕایگەیاند کە زریانی ئەقسا وەڵامێکی ئاسایی و سرووشتیی خۆڕاگری فەڵەستینە بۆ ڕژێمی داگیرکاری زایۆنیستی و وتی: پێش ئەم شەڕە، ئەوەمان بینی کە هێزەکانی ڕژێمی زایۆنیستی بە دەیان جار هێرشیان کردە سەر ژنان و منداڵان و موسڵمانان بە تایبەت لە مزگەوتی ئەقسا و بەرامبەر بە دانیشتووانی قودسی داگیرکراو و ئەوەشمان بینی کە شارۆچکەنشینەکانی زایۆنیست ڕێگرییان لەوە دەکرد فەڵەستینییەکان سەردانی شوێنە پیرۆزەکان بکەن.
عەرداوی وتی: ڕژێمی زایۆنیستی خوێندنەوەی ئەوە بوو کە بە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لە گەڵ چەند وڵاتێکی عەرەبی دەتوانێت کۆتایی بە کێشەی فەڵەستین بێنێت بەڵام ئەو پیلانە بە تەواوی شکستی هێناو و بە کردەوە هیچ ئەنجامێکی نەبووە.
ئەو شرۆڤەکارە عێراقییە بە پێویستی زانی کە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لە دژی ئەم هەموو تاوانەی ڕژێمی زایۆنیستی هەڵوێستیان هەبێت و ئەرکی موسڵمانانیشە هاوکاری برایان و خوشکانی خۆیان لە فەڵەستین بکەن.
عەباس عەرداوی سەبارەت بە بێدەنگی وڵاتانی عەرەبی لە بەرامبەر تاوانەکانی ڕژێمی زایۆنیستی، وتی: لە بەرامبەر ئەم هەموو تاوان و کۆمەڵکوژییەی فەڵەستینییەکان لە لایەن ڕژێمی زایۆنیستییەوە، دەبینین کە وڵاتان و ڕێکخراوە عەرەبییەکان بێدەنگن و هیچ هەڵوێستێکیان نییە و بە جۆرێک گڵۆپی سەوزیان بۆ ئەم کۆمەڵکوژی و تاوانەی زایۆنیستەکان هەڵکردووە.
وتیشی کە ئۆپەراسیۆن و شەڕی زریانی ئەقسا دەتوانێت فەڵەستین بەرەو سەرکەوتنی کۆتایی لە بەرامبەر ڕژێمی داگیرکاری زایۆنیستی ببات./.