ئۆپەراسیۆنی زریانی ئەقسا بابەتێکی زۆری بۆ جیهان بە گشتی ڕوون کردووەتەوە. چیدی ڕژێمی زایۆنیستی ناتوانێت بانگەشەی ئەوە بکات کە هێزە سەربازییەکەی شکست ناهێنێت یان دەزگا هەواڵگرییەکەی قسەی یەکەم دەکات. بزوتنەوەی حەماس و خۆڕاگریی فەڵەستین ئەوەیان سەلماند کە ڕژێمی زایۆنیستی تەنیا بانگەشەیە و لاوازتر لەوەیە کە باسی دەکرێت.
ئۆپەراسیۆنی زریانی ئەقسا شەڕی دژ بە ڕژێمی زایۆنیستی و لایەنگرانی بردووەتە قۆناغێکی نوێوە، ئەو قۆناغەی کە چیدی ڕژێمی زایۆنیستی ناتوانێت بانگەشەی شکست نەهێنانی سوپا داگیرکارەکەی بکات و خەونەکانی بەتاڵ بووەتەوە کە بتوانێت پرسی فەڵەستین بە لاڕێدا ببات یان لە ڕێگای سازشت لە گەڵ وڵاتانی عەرەبییەوە پیلانەکانی لە دژی گەلی فەڵەستین جێبەجێ بکات.
لە بەرامبەر سەرکەوتن و دەسکەوتە مەزنەکەی زریانی ئەقسا، ڕژێمی زایۆنیستی بە ناچار پەنای هێناوەتە بۆردومانکردنی کەرتی غەززە و کۆمەڵکوژیی فەڵەستینییەکان. وەک هەمیشە بۆ بەرزکردنەوەی ورەی ڕووخاوی سوپاکەی، پەنای بردووەتەوە ئەمریکا و هاوکارییە سەربازییەکانی ئەو وڵاتە. هەروەها دەیەوێت بە بانگەشەی هەڕەشەی وشکانی بۆ سەر کەرتی غەززە، شەڕی دەروونی لە دژی دانیشتووانەکەی بەڕێوە ببات.
ڕژێمی زایۆنیستی هەڕەشەی چۆڵکردنی کەرتی غەززە دەکات، دەیەوێت لەم ڕێگایەوە شکستە گەورەکەی 7 ی تشرینی یەکەمی 2023 بەلاڕێدا ببات، بۆ ئەمەش هەموو جۆرە چەکی قەدەغەکراوی لە غەززە تاقیکردووەتەوە و تا ئێستا بە هەزاران کەس بەم هۆیەوە کوژراون و بریندار بوون.
بەرپرسانی ئەمریکی و ئەورووپی لە پێناو شەڕی دەروونیی ڕژێمی زایۆنیستی و وەک هەوڵێک بۆ پاڵپشتی لە بانگەشەی هێرشی وشکانیی ئەم ڕژێمە بۆ سەر کەرتی غەززە و پشتیوانی لە تاوانەکانی زایۆنیستەکان، گەیشتنە تەل ئەبیب و بۆ دەستپێکردنی هێرشی وشکانی و بەردەوامی تاوانەکان، گڵۆپی سەوزیان بۆ ڕژێمی زایۆنیستی هەڵکرد.
بەرپرسانی ئەمریکی کە هاوبەشی تاوانەکانی نتانیاهۆ و ڕژێمی داگیرکاری زایۆنیستین، بێ ئاگان لەوەی کە غەززە خاکێکی خۆڕاگرە، پیاوان و ژنانی غەززە بە ئەلف و بێی خۆڕاگری و نیشتمانپەروەری گەورە بوون، غەززە ئەو شوێنەیە کە هێزی خۆڕاگری کەم وێنەی هەیە، وەک ئەوەی لە ئۆپەراسیۆنی زریانی ئەقسا بینرا.
ڕژێمی زایۆنیستی و سوپا شکستخواردووەکەی ئەوەیان پێکراوە، جێبەجێیان کردووە و شتێک نەماوە وەک تاوان لە بەرامبەر فەڵەستینییەکان و خەڵکی غەززە جێبەجێیان نەکردبێت، لێرە بە دواش هەڕەشەکانی ئەوان بەرهەمی نابێت. بۆردومانی دڕندانە، پچڕاندنی ئاو، کارەبا، سووتەمەنی، دەرمان و ئەوەی پێویستی خەڵکی غەززە بێت نەماوە. بەڵام خۆڕاگرانە لە سەر خاکی خۆیان ماونەتەوە و مزگێنی سەرکەوتن لە بەرامبەر دوژمن دەدەن.
پاش حەماسەتی زریانی ئەقسا، سوپای ڕژێمی زایۆنیستی ورەی هێرشی وشکانیی نەماوە و ڕێگایەکی لە بەردەمدا نییە بەدەر لەوەی کە دیلەکانی لە بەرامبەر ئازادکردنی دیلەکانی فەڵەستین وەربگرێتەوە. بە پێچەوانەی ئەمەش دەبێت خۆی بۆ ڕوبەڕوبونەوەی قورسی کەتیبەکانی قەسام و قودس ئامادە بکات. لەم هەلومەرجەشدا سەربازانی ڕژێمی زایۆنیستی بە کۆمەڵ ڕوبەڕوی مردن و لەناوچوون دەبنەوە و غەززە بە سەربەرزی دەمێنێتەوە./.