بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، تورکمانستان لە بەدەستهێنانی کڕیارێکی نوێ بۆ گازەکەی نزیک دەبێتەوە. وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە ڕایگەیاندووە کە بەڕێوەبەری کۆمپانیای حکومیی گازی تورکمان بۆ ئەم مەبەستە سەردانی عێراق دەکات.
عێراق بەنیازە تا 10 ملیار مەتری سێجا گازی تورکمانستان لە چوارچێوەی گرێبەستێکی 5 ساڵەی سێقۆڵی بە بەشداری ئێران هاوردە بکات. هێشتا هیچ بەڵگەیەک لە کاروباری دارایی ئەم گرێبەستە بڵاو نەبووەتەوە.
ئەو ڕێژەی گازەی کە بڕیارە لە تورکمانستانەوە هاوردەی عێراق بکرێت، بەرچاوە و نزیکەی یەک لە سەر چواری ئەو گازە لە خۆ دەگرێت کە تورکمانستان لە ئێستادا هەناردەی چینی دەکات. چین گرنگترین کڕیاری گازی تورکمانستانە.
تورکمانستان هیچ کات زانیارییەکی لە سەر هەناردەی گازی خۆی بۆ چین بڵاو نەکردووەتەوە بەڵام ڕێژەکەی ساڵانە 35 تا 40 ملیار مەتری سێجا خەمڵاندنی بۆ کراوە. تورکمانستان دەیەوێت ساڵانە نزیکەی 3 ملیار دۆلار لەم ڕێگایەوە داهاتی هەبێت.
ئەم وڵاتە چاوی لەوەیە کە عێراقیش ببێتە یەکێک لە کڕیارە گەورەکانی گازەکەی. دەوترێت کە نرخی فرۆشتنی گازی تورکمانستان بۆ عێراق لە نێوان 250 تا 290 دۆلار بۆ هەر مەتری سێجا بێت.
پێدەچێت دانوستان لە گەڵ عێراق خێراتر لە پرۆژەی هێڵی بۆری گازی TAPI لە ڕێگای ئەفغانستانەوە بەرەوپێشچوونی هەبێت. پاکستان وەک یەکێک لە لایەنەکانی ئەم پرۆژەیە خواستی خۆیی بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی لە گەڵ تورکمانستان لە بواری وزەدا ئاشکرا کردووە.
لە کاتێکدا کە دانوستان لە گەڵ عێراق بۆ واژۆکردنی گرێبەستی گازی بەردەوامە، تورکمانستان لە گەڵ ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانیش وەک بانکی جیهانی سەرقاڵی دانوستانە. ئەڵبەت سندۆقی نێودەوڵەتی دراو سەبارەت بە ڕاست و درووستیی ئاماری گەشە و وەبەرهێنانی ناوخۆیی تورکمانستان نیگەرانی خۆیی دەربڕیوە.
تورکمانستان چالاکانە هەوڵی دۆزینەوەی دەرفەتی پەرەپێدانی هەناردەی گازی سرووشتیی خۆی و زیاترکردنی داهاتەکانی دەدات. گرێبەستی ئەو وڵاتە لە گەڵ عێراق بۆ هەناردەکردنی گاز لە ڕێگای ئێران و بەردەوامی دانوستانەکان لە گەڵ پاکستان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، زیاتر لە هەر کاتێکی دیکە پێگەی ئەم وڵاتە لە بازاڕی جیهانیی وزە بەهێزتر دەکات./.