بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ڕۆژئاوا بە سەرکردایەتی ئەمریکا، لە گەڵ ڕژێمی زایۆنیستی هەوڵ دەدەن لە گەورەیی سەرکەوتنەکەی خۆڕاگریی فەڵەستین و شکستە مێژووییەکەی زایۆنیستەکان کەم بکەنەوە. ئەنتۆنی بلینکەن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کە سەردانی تەل ئەبیبی کرد، وەک هەوڵێک بۆ بەرزکردنەوەی ورەی ڕووخاوی زایۆنیستەکان، ڕایگەیاند کە ئامانج لە ئۆپەراسیۆنی زریانی ئەقسا، شکست هێنان بە ڕەوتی سازشت لە لایەن ڕیاز و تەل ئەبیب بووە.
ئەمریکییەکان و وڵاتانی ڕۆژئاوا و سەرکردەکانی ڕژێمی زایۆنیستی ئەوەیان لە بیر کردووە کە شکستی پیلانی سازشت لە نێوان سعوودیە و ڕژێمی تەل ئەبیب، ئەگەرچی لە پاش ئۆپەراسیۆنی زریانی ئەقسا مسۆگەر بووە، بەڵام هیچ کات وەک ئامانجێک لای پلانداڕێژەران و جێبەجێکارانی ئۆپەراسیۆنی زریانی ئەقسا گرنگ نەبووە.
زریانی ئەقسا ئەو حەماسەتە کەم وێنەیە بووە کە هەموو شتێکی لە گەڵ خۆیدا گۆڕیوە، بە تایبەت ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لە گەڵ ڕژێمی زایۆنیستی. ئەو ڕژێمەی کە ڕواڵەتی دڕندانە و تاوانبارانەی خۆیی جارێکی دیکە بە هەمووان پیشان دایەوە، ئەویش بە ڕاگەیاندنی دۆخی شەڕ لە دژی دانیشتووانی کەرتی غەززە و پچڕانی ئاو و کارەبا و پێداویستییە دەرمانییەکانی ئەوان و ئەو هەموو بۆردومانەی کە بە پشتیوانی ئەمریکا دەکرێت.
ڕۆژنامەی عبری زمانی جروزاڵم پۆست لە یەکەم سەرچاوەکان بوو کە ڕایگەیاند سعوودیە لە پاش ئۆپەراسیۆنی زریانی ئەقسا و ڕاگەیاندنی دۆخی شەڕ لە لایەن بنیامین نتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ڕژێمی زایۆنیستییەوە بەرامبەر بە غەززە، دانوستانەکانی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لە گەڵ تەل ئەبیب ڕاگرت کە بە پشتیوانی ئەمریکییەکان بەڕێوە دەچوو.
ئەگەر ڕاستی و درووستی ئەم هەواڵە پشتڕاست نەکرابێتەوە، بەڵام وڵاتێکی وەک سعوودیە بە پێگەی سیاسی، ئائینی و ئابوری بەهێزەوە لە جیهانی ئیسلام و پێشوازی ساڵانە لە ملیۆنان حاجی و زیارەتکاری موسڵمان، ناتوانێت بە ئاسانی لە بەرامبەر ئەم هەموو تاوانەی ڕژێمی زایۆنیستی بە تایبەت ڕاگەیاندنی دۆخی شەڕ لە لایەن نتانیاهۆوە بێدەنگ بێت، ئەو دۆخەی کە لە کاتی شەڕەکەی تشرینی یەکەمی ساڵی 1973 تا ئێستا کەم وێنە بووە.
چاوەڕوانکراوە کە سعوودیە بەم هەموو تاوانەی ڕژێمی زایۆنیستی لە دژی دانیشتووانی کەرتی غەززە کە بە پشتیوانی ڕاستەوخۆی جۆبایدن سەرۆک کۆماری ئەمریکا دەکرێت، دانوستانەکانی تایبەت بە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لە گەڵ تەل ئەبیب ڕابگرێت. جۆبایدن بانگەشەی ئاشتی دەکات بەڵام گڵۆپی سەوزی بۆ هەموو تاوانێکی دژە مرۆیی لە لایەن نتانیاهۆوە هەڵکردووە./.