بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، محەممەد کازم ئالی سادق وتی: بە پێی ئامارەکانی گومرکی کۆماری ئیسلامی ئێران ڕێژەی هەناردە بۆ وڵاتانی دەرەوە لە نیوەی یەکەمی ساڵی 1402 ی کۆچی هەتاوی، 67 ملیۆن و 700 هەزار تەن کاڵا بە بەهای 24 ملیار و 144 ملیۆن دۆلار بووە کە پشکی عێراق لە هاوردەی کاڵای ئێرانی 4 ملیار و 500 ملیۆن دۆلار بووە.
ناوبراو وتی: ئەم ئامارە پیشان دەدات کە هاوردەی عێراق لە ئێران بەراورد بە ماوەی هاوشێوەی ساڵی ڕابردوو لە سەدا 16 زیادیکردووە و عێراق لەم ڕووەوە پلەی دووەمی ئەو وڵاتانەی هەیە کە لە ئێران هاوردە دەکەن.
باڵیۆزی ئێران وتی: هاوردەی ئێرانی لە عێراق لە 6 مانگەی یەکەمی ئەمساڵی کۆچی هەتاوی نزیکەی 100 ملیۆن دۆلار بووە و ئەمەش پیشان دەدات کە هەوڵی هاوسەنگی لە ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکانی نێوان هەر دوو وڵات دەدرێت.
محەممەد کازم ئالی سادق وتی: ئێران سەرەڕای هەندێک ئاستەنگی ناوخۆیی، پابەندی هاوکاریکردنی عێراقە لە پێناو دابینکردنی پێداویستییەکانی ئەم وڵاتە لە بواری وێستگەکانی کارەبا و گاز و بە جێبەجێکردنی چەندین پرۆژەی گرنگ لە ڕێگای کۆمپانیا گەورەکانی وەک مەپنا پشکی زۆری لە باشترکردنی ژێرخانی وزەی عێراق هەبووە.
ناوبراو ڕایگەیاند کە لە ماوەی ساڵانی ڕابردوو چەندین پرۆژەی گرنگ لە لایەن کۆمپانیا ئێرانییەکانەوە لە عێراق جێبەجێ کراوە و پەیوەندییە ئابوری و بازرگانییەکانی نێوان ئێران و عێراق بەردەوام لە گەشەسەندندا بووە و ڕێژەکەشی ساڵانە 12 ملیار دۆلار بووە.
ئالی سادق بوونی 8 دەروازەی سنوریی نێوان هەر دوو وڵاتی لە پێناو گەشەپێدانی پەیوەندییەکان بە گرنگ ناو بردووە و ڕایگەیاندووە کە ئێران لە ساڵانی ڕابردوو بە هەناردەی خزمەتگوزارییە ئەندازیاری و تەکنیکییەکان و جێبەجێکردنی پرۆژە ژێرخانییەکان پشکی بەرچاوی لە پتەوکردنی ژێرخانەکانی عێراقدا هەبووە./.