بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، نەبیل قاووق سەبارەت بە ڕووداوەکانی فەڵەستینی داگیرکراو وتی: زریانی ئەقسا بومەلەرزەیەک بوو کە بناغەکانی ڕژێمی زایۆنیستیی تێکداوە، بەم بۆنەوە ئێمە چووینەتە قۆناغێکی نوێوە، زایۆنیستەکان شۆک و نیگەران و شڵەژاون و زۆربەیان بۆ شوێنی پێشووی خۆیان لە ئەمریکا و ئەورووپا و وڵاتانی دیکە گەڕاونەتەوە.
ناوبراو وتی: ڕواڵەتی ڕاستەقینەی وڵاتانی ڕۆژئاوا ئەمڕۆ ئاشکراتر بووە و ڕوون بووەتەوە کە چ پیلانگێڕییەکی سیاسی و میدیایی لە دژی گەلی فەڵەستین دەکەن، ئەمەش بۆ ئێمە چاوەڕوانکراو بووە. ئەوەی کە جێی سەرسوڕمانە هەڵوێستی وڵاتانی عەرەبییە. ئەو وڵاتانەی کە پەیوەندییەکانیان لە گەڵ ڕژێمی زایۆنیستی ئاسایی کردووەتەوە شەڕەکەی بزوتنەوەی حەماسیان ئیدانە کردووە. تەنانەت ئەوان پەیامی هاوخەمییان بۆ سەرۆک وەزیرانی ڕژێمی زایۆنیستی ناردووە.
ئەندامی ئەنجومەنی ناوەندیی حزبوڵڵای لوبنان وتی: وەزیرانی دەرەوەی عەرەب بە ناو بۆ هاوکاریکردنی فەڵەستین کۆبوونەوە و بەیاننامەیەکیان بۆ ئیدانەکردنی کوژرانی کەسانی سڤیل لە لایەن هەر دوو لاوە دەرکرد، ئەوان بزوتنەوەی حەماس و دوژمنی زایۆنیستییان وەک یەک ناو بردووە. گەلی فەڵەستین هیچ چاوەڕوانییەکی لەو وڵاتانە نییە کە پەیوەندییەکانیان لە گەڵ زایۆنیستەکان ئاسایی کردووەتەوە، بەڵام باشترە کە پشتیوانی لە ڕژێمی زایۆنیستیش نەکەن، ئەم وڵاتانە ئەمڕۆ لە گەڵ ڕژێمی زایۆنیستین و پشتیان لە فەڵەستین و غەززە کردووە.
نەبیل قاووق وتی: ئێمە لە جێگیربوونی کەشتییە فڕۆکەهەڵگرەکانی ئەمریکا ناترسین و بۆ ئێمە چاوەڕواننەکراو نەبووە، لە بەر ئەوەی کە ئەمریکا دایکی تیرۆریزمە لە جیهان و هاوبەشی سەرجەم ئەو تاوانانەیە کە لە غەززە ڕوو دەدات. ئەمڕۆ زیاتر لە هەر کاتێکی دیکە ڕوونتر بووەتەوە کە ئەمریکایە ئیدارەی شەڕی دژ بە فەڵەستینییەکان دەکات./.