بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، فەرماندەی دەستنیشانکراوی سوپای ڕژێمی زایۆنیستی بۆ هێرشی سەر کەرتی غەززە ئەگەرچی پێشتر میدالیای بوێریی وەرگرتووە و باوک و دایکی لە پلەدارە سەربازییەکان بوون، بەڵام شکستەکانی ڕابردووی و دەستنیشانکردنی بۆ ئەم شەڕە بووەتە هۆی سەرسوڕمانی شارەزایان.
عەمید ” موشیە تەمیر ” 59 ساڵە لە کاتێکدا بووەتە فەرماندەی شەڕی دژ بە کەرتی غەززە کە ئەزموونی چەندین شکستی سەربازیی لە کارنامەی خۆیدا هەیە و ژمارەیەکی زۆر لە سەربازە ژێر دەستەکانی کوژراون. پێشتریش دانی بەوەدا نابوو کە سوپای ڕژێمی زایۆنیستی هێزی کۆنتڕۆڵکردنەوەی غەززەی نییە.
ناوبراو لە کانوونی یەکەمی ساڵی 2018 لە وتووێژی لە گەڵ ڕۆژنامەی مەعاریۆ ڕایگەیاندبوو کە وەک فەرماندەی پێشووی لەشکری غەززە لە سوپای ئیسرائیل دەڵێت کە سوپا لە شەڕی داهاتوودا لە گەڵ غەززە سەرکەوتوو نابێت.
ئەو فەرماندە سەربازییەی ڕژێمی زایۆنیستی ڕایگەیاندبوو کە سوپای ئیسرائیل ئامادەی شەڕ نییە، بە تایبەت لە شەڕی وشکانی.
تەمیر کارنامەیەکی ئەوتۆی لە ڕووی سەربازییەوە نییە. یەکەم شکست کە بە ناوی ئەوەوە تۆمار کراوە لە ساڵی 1993 بووە کە فەرماندەی چەندین سەرباز لە جۆلان بووە و چەندین سەربازی ژێر دەستی بە هۆی شۆرتی کارەباوە گیانیان لە دەستدا.
ساڵی 1996 بووە فەرماندەی لەشکری باکور و چەندین ئۆپەراسیۆنی سەربازی بە فەرماندەیی ئەو جێبەجێ کرا، بە تایبەت خوێندنگەیەکی سەر بە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە باشوری لوبنان بۆردومان کرا و 100 کەسی سڤیل کە زۆربەیان منداڵ بوون و هەروەها 4 سەربازی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بەو هۆیەوە کوژران.
ساڵی 1997 بووە فەرماندەی لەشکری تایبەت ئەغوز کە لە کاتی فەرماندەیی ئەودا تووشی گەورەترین شکستی سەربازی بوو. لە بۆسەیەکی هێزەکانی حزبوڵڵا لە باشوری لوبنان، 12 کەس لە هێزەکانی کۆماندۆی دەریایی لەشکری ئەغوز کوژران.
سەرەڕای ئەمە، وەزیری شەڕی ڕژێمی زایۆنیستی کە ئەزموونی هاوکاریی لە گەڵ تەمیردا هەیە، باسی سەرکەوتن و داهێنانەکانی ناوبراوی کردووە بە تایبەت لە شەڕی کۆڵآن بە کۆڵان لە شارەکانی فەڵەستین و بە دیاریکراوی لە شاری نابلۆس.
ساڵی 2007 بە هۆی دامەزراندنی کوڕەکەی لە سوپای ڕژێمی زایۆنیستی کە تەمەنی یاسایی نەبووە و پاشان بە هۆی ڕوداوێکی هاتووچۆ لە لایەن کوڕەکەیەوە، سزا درا و پلە سەربازییەکەی دابەزی و هەروەها گابی ئەشکەنازی سەرۆک ئەرکانی هێزە چەکدارەکانی ڕژێمی زایۆنیستی هەوڵی دەرکردنی لە سوپادا و لە ئاکامدا تەمیر لە سەر داوای خۆی بۆ ماوەیەک لە ڕیزەکانی سوپای داگیرکاری زایۆنیستی دوور کەوتەوە./.