بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، حوسین ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی لە لوبنان وتی: ئەوەی کە گرنگە، ڕاگرتنی تاوانەکانی ڕژێمی زایۆنیستییە لە دژی خەڵکی غەززە. لە کۆبوونەوەم لە گەڵ سەرکردەکانی خۆڕاگری، بەوە گەیشتووم کە ئەوان لە دۆخێکی زۆر باشدان و ئامادەیی تەواویان بۆ سەرجەم سیناریۆکان لە دژی ڕژێمی زایۆنیستی هەیە. لە هەر حاڵەتێکدا خۆڕاگری بڕیار دەدات و لە ئەگەری ئاگربەست، ئەوە خۆڕاگرییە کە مەرجەکانی دەخاتەڕوو.
خۆڕاگری سەرجەم سیناریۆکانی دەستنیشان کردووە
وەزیری دەرەوەی ئێران وتی: خۆڕاگری سەرجەم سیناریۆکانی لە بەردەم خۆی داناوە. خۆڕاگری بە تەنیایی دەتوانێت کە هەر هەنگاوێک بنێت و توانایەکی زۆری هەیە. ئێران چالاکانە و بە شێوازی سیاسی و میدیایی پشتیوانی لە خۆڕاگریی گەلی فەڵەستین لە بەرامبەر ڕژێمی زایۆنیستی و تاوانەکانی دەکات. ئێمە درێژە بە هەوڵە دیپلۆماسییەکانمان بۆ ڕاگرتنی تاوانەکانی زایۆنیستەکان و گەمارۆی سەر غەززە دەدەین.
حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وتی: ئەمڕۆ زایۆنیستەکان لە خەراپترین دۆخی خۆیاندان و ئۆپەراسیۆنی زریانی ئەقسا سەرکەوتووانە ئەمەی سەلماندووە. هاوکارییەکانی ئێستای ئەمریکا بۆ ڕژێمی زایۆنیستی سەلمێنەری ئەوەیە کە تەل ئەبیب لە خەراپترین دۆخی خۆیدایە.
ناوبراو سەبارەت بە ئەگەری کرانەوەی بەرەیەکی دیکەی شەڕی دژ بە ڕژێمی زایۆنیستی، وتی: ئاسایشی لوبنان بۆ ئێران و هەمووان گرنگە، لە ئەگەری کردنەوەی بەرەکانی نوێ، بە پێی گۆڕانکارییە مەیدانییەکان هەموو شتێک چاوەڕوانکراوە.
یەکگرتوویی سەرکردەکانی خۆڕاگری
وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران سەبارەت بە کاتژمێری سفری وەڵامدانەوەی تاوانەکانی ڕژێمی زایۆنیستی، وتی: ئەمڕۆ سەرکردەکانی خۆڕاگری یەکگرتوون و سەرجەم سیناریۆکانیان داڕشتووە و دەست لە سەر چەکن، لە ئەگەری کەمتەرخەمی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەوانەی لە پشتیوانی لە شەڕەنگێزیی ڕژێمی زایۆنیستی دەکەن، وەڵامی خۆڕاگری لە کاتی گونجاودا جێبەجێ دەکرێت. من لە وتووێژم لە گەڵ سەرکردەکانی خۆڕاگری بەوە گەیشتووم وەڵامێک کە بڕیارە بدرێتەوە پەشیمانکەرەوە و بەهێز دەبێت و نەخشەی ئێستای ناوچە داگیرکراوەکان دەگۆڕێت.
ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی سعوودیە و ڕژێمی زایۆنیستی لە سەر مێز نەماوە
ناوبراو سەبارەت بە دانوستانەکانی ئەمریکا و سعوودیە بۆ واژۆکردنی ڕێکەوتنی بەرگری و کاریگەری ئۆپەراسیۆنی زریانی ئەقسا لە سەر ئەو دانوستانانە، وتی: دۆخی ئێستای ناوچەکە وایکردووە کە دانوستانەکانی تایبەت بە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی سعوودیە و ڕژێمی زایۆنیستی لە سەر مێز نەمێنێت. خۆڕاگری لە ئەگەری بەردەوامی گەمارۆی سەر غەززە توانای وەڵامدانەوەی هەیە. یەکێک لە بەرپرسانی ئەورووپی لە ڕۆژانی ڕابردوودا وتی کە ” ئۆپەراسیۆنی زریانی ئەقسا ئەوەی سەلماندووە کە پرسی فەڵەستین زیندووە و کەس ناتوانێت بەرەو لەناوچوونی ببات “.
سەید حەسەن نەسروڵڵا پیاوی کردارە
حوسین ئەمیر عەبدوڵڵاهیان سەبارەت بە کۆبوونەوەی لە گەڵ ئەمینداری گشتی حزبوڵڵای لوبنان وتی: لە کۆبوونەوەم لە گەڵ بەڕێز نەسروڵڵا دوایین دۆخی گۆڕانکارییە مەیدانییەکانی خۆڕاگری و باشوری لوبنان تاوتوێ کرا. جیهانیان دەزانن کە سەید حەسەن نەسروڵڵا پیاوی کردارە. بەڕێزیان زیاترین ڕۆڵیان بۆ ئاسایشی لوبنان و ناوچەکە لە ئەستۆ بووە. شێوازی بەڕێز نەسروڵڵا ئەوەیە کە کرداری دەبێت و پاشان شرۆڤەی دەکات. هێشتا خۆڕاگری فەڵەستین بۆ پیشاندانی کاردانەوەی بەهێز، توانای تایبەتی هەیە. بەوە گەیشتووم کە بە پێی سیناریۆکانی حزبوڵڵا، هەر هەنگاوێک دەبێتە بومەلەرزەیەکی بەهێز لە دژی زایۆنیستەکان.
لە 7 ی ئۆکتۆبەرەوە نتانیاهۆ و ڕژێمی زایۆنیستی ڕووخاون
وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران وتی: ئەمڕۆ شەڕی غەززە زیاتر لە شەڕی دژ بە فەڵەستینە، ئەمریکا بە هەموو شێوازێک هاتووەتە ئەم شەڕەوە لە دژی خەڵکی بێ تاوان و سڤیلی غەززە. ئەوەی کە بۆ ڕژێمی زایۆنیستی لە ڕۆژانی ڕابردوو هیچ دەسکەوتێکی نەبووە، هۆکارەکەی ئەوەیە کە لە ڕاستیدا نتانیاهۆ و ڕژێمی زایۆنیستی لە بەرەبەیانی ڕۆژی شەممە 7 ی تشرینی یەکەمەوە ڕووخاون و بۆ دەربازبوون لە کاریگەرییەکانی ئەم دۆخە، نتانیاهۆ پەنای هێناوەتە بۆردومانکردن و ڕووخاندنی خانووەکانی خەڵکی غەززە.
ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وتی: هەر پەرەسەندنێکی شەڕ لە ناوچەکە، بەرپرسیاریەتییەکەی دەکەوێتە ئەستۆی ڕژێمی زایۆنیستی و ئەوانەی پشتیوانی لێدەکەن./.