بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە شاری بەیروت لە گەڵ عەبدوڵڵا بوحەبیب وەزیری دەرەوەی لوبنان بۆ تاوتوێکردنی گۆڕانکارییەکانی فەڵەستینی داگیرکراو کۆبووە.
وەزیری دەرەوەی لوبنان پاشان لە کۆنگرەیەکی هاوبەشی ڕۆژنامەوانیدا وتی کە سەردانەکەی وەزیری دەرەوەی ئێران، سەردانێکی گرنگ بۆ ڕاوێژ و ئاڵوگۆڕی بیر و ڕا لەم هەلومەرجە دژوارەی ناوچەکەدایە.
عەبدوڵڵا بوحەبیب وتی: لە کۆبوونەوەکەماندا پرسی غەززە و کۆتایی هێنان بە تاوانی زایۆنیستەکان تاوتوێ کرا.
ناوبراو وتی کە ئێمە لە گەڵ فەڵەستینییەکانداین و داوای کۆتایی هێنان بە گەمارۆی سەر غەززە دەکەین و ئیدانەی تاوانەکانی ڕژێمی زایۆنیستیش دەکەین.
وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێرانیش وتی کە ئێمە ئامادەیی خۆمان بۆ بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی نائاسایی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئەندام لە ڕێکخراوی هاریکاری ئیسلامی پیشانداوە و دەبێت دەستبەجێ تاوانەکانی زایۆنیستەکان لە دژی فەڵەستینییەکان بە تایبەت غەززە ڕابگیرێت.
ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وتی: ئەگەر تاوانەکانی ڕژێمی زایۆنیستی بەردەوام بێت هەر ئەگەرێک لە ئارادایە.
ناوبراو وتی: ئەمریکییەکان بە هەموو شێوازێک بۆ تاوانی دژ بە فەڵەستینییەکان پشتیوانی لە نتانیاهۆ و ڕژێمی زایۆنیستی دەکەن و لە لایەکی دیکەوە داوا دەکەن کە وڵاتانی بەرەی خۆڕاگری دان بە خۆیاندا بگرن، ئەمریکییەکان ناتوانن درێژە بەم سیاسەتە بدەن./.