بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئایەتوڵڵا سەید ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران، شەوی چوارشەممە 11 ی تشرینی یەکەمی 2023، لە وتووێژی تەلەفوونی لە گەڵ محەممەد بن سەلمان جێنشینی سعوودیە، جەختی لە سەر ئەرکی موسڵمانان بۆ پشتیوانی و بەرگری لە گەلی فەڵەستین کردەوە و وتی: بنەڕەتی ئاڵۆزییەکانی ئەم دواییە بۆ سیستەمی زوڵم و ڕەگەزپەرستی ڕژێمی زایۆنیستی لە بەرامبەر گەلی فەڵەستین دەگەڕێتەوە کە ئەڵبەت لەوەدا سەرکەوتوو نەبووە کاریگەری لە سەر ئیرادەی گەلی فەڵەستین بۆ بەرگری لە مافەکانی خۆیان دابنێت و ئەمڕۆ دەبینین کە خۆڕاگریی فەڵەستین گورزی کوشندە لە زایۆنیستەکان دەدات.
ئایەتوڵڵا ڕەئیسی وتی کە کابینە توندڕەوەکەی ڕژێمی زایۆنیستی تۆڵەی شکستە گەورەکەی لە شەڕی زریانی ئەقسا لە ژن و منداڵانی کەرتی غەززە دەکاتەوە و ئەرکی موسڵمانانە کە لە بەرامبەر ئەم هەموو زوڵم و تاوانانە بەرگری لە فەڵەستینییەکان بکەن و لەم پێناوەشدا ڕۆڵی ئێران و سعوودیە دەبێت بەرچاو بێت.
لە درێژەی ئەو وتووێژەدا محەممەد بن سەلمان جێنشینی سعوودیە ڕایگەیاند کە وڵاتانی ڕۆژئاوا بەو ڕاستییە گەیشتوون کە چارەسەرنەکردنی کێشەی فەڵەستین دەتوانێت ببێتە هۆکاری کێشەی زیاتر بۆ ئەوان و وتی: هاوکاری تاران – ڕیاز دەتوانێت ڕۆڵی کاریگەری لە ڕاگرتنی خێرای شەڕ و پێکدادانەکان و گەیشتن بە ڕێگاچارەیەکی دادپەروەرانە بۆ چارەسەرکردنی بنەڕەتیی کێشەی فەڵەستین هەبێت./.