بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئایەتوڵڵا سەید ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران، شەوی چوارشەممە 11 ی تشرینی یەکەمی 2023، لە وتووێژی تەلەفوونی لە گەڵ بەشار ئەسەد سەرۆک کۆماری سوریا بە ئاماژە بەو زەبرە کوشندەیە کە لە شەڕی زریانی ئەقسا لە لایەن خۆڕاگری فەڵەستینەوە ڕوبەڕوی زایۆنیستەکان بووەتەوە، وتی: لە ڕۆژانی ڕابردوودا کابینە توندڕەوەکەی ڕژێمی زایۆنیستی سەرجەم سنورەکانی تێپەڕ کردووە و لە دژی گەلی فەڵەستین تووشی تاوانێکی گەورە بووە.
ئایەتوڵڵا ڕەئیسی وتی: ڕژێمی زایۆنیستی بە پێچەوانەی سەرجەم ڕێکەوتنە نێودەوڵەتییەکان، کەرتی غەززەی بە تەواوی گەمارۆ داوە و ڕێگری لە گەیاندنی ئاو و خۆراک و دەرمان و سووتەمەنی و کارەبا بۆ خەڵک دەکات و ئەو وڵاتانەش بە درۆ بانگەشەی بەرگری لە مافی مرۆڤ دەکەن، شوێنی زاڵم و زوڵملێکراویان گۆڕیوە و ئەمەش وایکردووە کە ڕژێمی زایۆنیستی زیاتر لە دژی فەڵەستینییەکان تاوان بکات.
سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران وتی: ئەمڕۆ تەواوی وڵاتانی ئیسلامی و عەرەبی و ئازادیخوازەکانی جیهان دەبێت بگەنە کۆدەنگی و هاوکاری جیدی لە پێناو ڕاگرتنی تاوانەکانی ڕژێمی زایۆنیستی لە دژی گەلی فەڵەستین و کۆماری ئیسلامی ئێران هەوڵ دەدات بە پەیوەندی لە گەڵ وڵاتانی ئیسلامی، لە نزیکترین کاتدا ئەم هاوئاهەنگییە دابین بکات.
ناوبراو یەکێک لە لێکەوتەکانی شەڕی زریانی ئەقسای بەوە ناوبرد کە هیچ سیستەمێکی نوێ لە ناوچەکە بە بێ ڕەچاوکردنی مافی فەڵەستینییەکان سەر ناگرێت و وتی: ئەمڕۆ هەموو ئەوانەی کە بە بیانووی بەرگری لە مافی فەڵەستینییەکان پەیوەندییەکانی خۆیان لە گەل ڕژێمی زایۆنیستی ئاسایی کردووەتەوە، ڕیسوا بوون و چیدی بۆ جیهانیان سەلمێندراوە کە ڕژێمی زایۆنیستی لە لاوازترین قۆناغ و پێگەی خۆیدایە.
لە درێژەی ئەو وتووێژەدا بەشار ئەسەد سەرۆک کۆماری سوریاش ڕایگەیاند کە سەرکەوتنەکانی بەرەی خۆڕاگری ئەوەی پیشاندا کە ڕژێمی زایۆنیستی لاوازتر بووە.
ناوبراو وتی کە وڵاتانی ئیسلامی و عەرەبی دەبێت هەڵوێستێکی یەکگرتوو و ڕوونیان بۆ بەرگری لە مافی گەلی فەڵەستین و خەڵکی زوڵملێکراوی غەززە هەبێت./.