بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، لەتیف ڕەشید سەرۆک کۆماری عێراق لە چاوپێکەوتنی محەممەد کازم ئالی سادق باڵیۆزی کۆماری ئیسلامی ئێران لە بەغدا، ڕەوشی پەیوەندییەکانی هەر دوو وڵات و دوایین گۆڕانکارییەکانی ناوچەکەی تاوتوێ کرد.
سەرۆک کۆماری عێراق لەو چاوپێکەوتنەدا جەختی لە سەر پێویستی هاوئاهەنگی و هاوکاری هاوبەش لە دۆسیە پەیوەندیدارەکان و پرسە گرنگەکان لە پێناو دابینکردنی ئاسایش و سەقامگیری و پتەوکردنی دەرفەتەکانی ئاشتی لە ناوچەکە کردەوە.
ناوبراو بە ئاماژە بە ڕێکەوتنی ئەمنیی هاوبەش لە نێوان بەغدا و تاران و ڕۆڵی لە پاراستنی زیاتری سنورەکانی هەر دوو وڵات، وتی کە ئەم ڕێکەوتنە پیشان دەدات عێراق ڕێگری لەوە دەکات خاکەکەی لە دژی وڵاتانی دراوسێ بەکار بهێندرێت.
لە لایەکی دیکەوە، باڵیۆزی کۆماری ئیسلامی ئێران جەختی لە سەر پتەوکردنی هاوکاری و هاوئاهەنگی لە گەڵ حکومەتی عێراق کردەوە و ڕایگەیاند کە تاران پشتیوانی لە ئاسایش و سەقامگیری ئەم وڵاتە دەکات./.