دارا سێکانیانی لە وتووێژی لە گەڵ پەیامنێری جام کوردی، سەبارەت بە ڕووداوەکانی فەڵەستینی داگیرکراو، وتی: ئەوەی کە لە فەڵەستین ڕوو دەدات، شەڕی بەرگری گەلێکی ستەملێکراوە، شەڕی ڕزگارکردنی خاکێکی داگیرکراوە، شەڕی تۆڵەکردنەوە لە زوڵم و ستەمی دەسەڵاتێکە کە سەرجەم بنەما ئائینی و مرۆیی و نێودەوڵەتییەکان پێشێل دەکات.
ناوبراو وتی: تاوانکار بە هەر ناوێکەوە بێت هەمیشە قێزەڤنە و بەرگریکاریش دەنگ و هەڵمەتی دلێرانەیە، ئەمەش پەیامێکی گەورەی تێدایە بۆ ئەوانەی کە دەیانەوێت لە گەڵ داگیرکاران بگەنە ڕێکەوتن. پەیامەکەش ئەوەیە کە ئێوە بە هیچ پاساوێک ناتوانن لە سەر حسێبی مافی گەلێکی ستەملێکراو، مامەڵە بە خەبات و قوربانی و تێکۆشانی ئازادیخوازیی خەڵک و گەلی فەڵەستینی داگیرکراوەوە بکەن.
ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان لە کۆتاییدا وتی: بەرەی خۆڕاگری چەندین ساڵە ئەو پەیامەیان بە وڵاتانی دیکە و ڕژێمی داگیرکراوی زایۆنیستی داوە کە هیچ کات سازشت لە سەر ئەو زوڵمە ناکەن کە بەرامبەر بە گەل و خاک و ئائین و نیشتمانی فەڵەستینییەکانەوە کراوە. پێویستە موسڵمانانی جیهانیش پشتگیری خۆیان بۆ گەلی فەڵەستین دەرببڕن و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان کۆتایی بەو زوڵم و ستەمە بهێنن کە دەیان ساڵە بە بەرچاوی جیهانیانەوە بەرامبەر بە گەلی فەڵەستین دەکرێت./.