بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، جۆزێپ بۆرێڵ پاش کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی یەکێتی ئەورووپا کە لە سەر ڕووداوەکانی فەڵەستین بەڕێوەچوو، ڕژێمی زایۆنیستیی بە پێشێلکردنی یاسای نێودەوڵەتی تۆمەتبار کرد.
ناوبراو وتی کە ئیسرائیل بە پچڕاندنی ئاو و خۆراک و کارەبای ناوچەی غەززە، یاسای نێودەوڵەتی پێشێل دەکات.
بۆرێڵ وتی کە زۆربەی ئەندامانی یەکێتی ئەورووپا پێسنیاری هەڵپەساردنی یارمەتییە داراییەکانیان بۆ دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبەری فەڵەستین ڕەتکردووەتەوە و تەنیا دوو تا سێ ئەندامی یەکێتی ئەورووپا داواکاری لەو شێوەیان هەبووە، هەر بۆیە تەنیا پێداچوونەوە بە هاوکارییەکان پێویستە نەک هەڵپەساردن و ڕاگرتنی تەواوی هاوکارییەکان.
بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەورووپا وتی کە دەبێت هاوکارییە مرۆڤدۆستانەکان بۆ ئەم کارەساتە خێراتر بکرێت.
جۆزێپ بۆرێڵ پێشتر ڕایگەیاندبوو کە یەکێتی ئەورووپا دژی گەمارۆدانی تەواوی کەرتی غەززەیە./.