جام کوردی ـــ جێگری ئەمینداری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی نیگەرانە کە لە شەڕ و پێکدادانی حەماس و ڕژێمی زایۆنیدا، دامەزراوەیێکی ئەتۆمی بکرێتە ئامانجی بۆردومان.
بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، “میخائیل چۆداکۆف” جێگری ئەمینداری گشتیی ڕیکخراوەی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی(IAEA) لە وتووێژ لەگەڵ هەواڵنێری ڕووسی “ڕیانووسی”یدا نیگەرانی خۆی لەمەڕ توند و تێژی شەڕی نێوان فەلەستین و ڕژێمی زایۆنی دەربڕیووە.
چۆداکۆف لەوبارەوە دەڵێت کە ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی لەبارەی زیادبوونی ئەگەری مەترسییەکانی ئەتۆمی بە هۆی توند و تێژی شەڕی نێوان فەلەستین و ئیسرائیل زۆر نیگەرانە و ترسی ئەوەیان هەیە پێگەیێکی ئەتۆمی بکرێتە ئامانجی بۆردومان و ئەو کاتە وەکوو “بۆمێکی پیس” کاریگەر دەبێت.
“فوئاد حوسەین” وەزیری دەرەوەی عێراق دوانیوەڕۆی ڕۆژی سێشەمە 10ی ئوکتۆبەر داکۆکی لەسەر نێوەندگیری وڵاتانی جیهان کردووە بە مەبەستی کۆتاهاتنی شەڕ، لەسەر خاکی فەلەستینی داگیرکراو و پێشبینیشی کردووە کە لەوانەیە شەڕی غەزە تا 10 ڕۆژی دیکە درێژەی هەبێت.
وەزارەتی تەندرووستی فەلەستین، ئەوڕۆ چوارشەمە 11ی ئوکتۆبەر ڕایگەیاند کە ئەژماری شەهیدانی فەلەستین لە دەسپێکی هێرشی ڕژێمی زایۆنی بۆ کەرتی غەزە و بۆ پێنجمین ڕۆژی بەردەوام گەیشتووەتە 950 کەس.