بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ناسر ئەبوشەریف لە دانیشتنێکدا بە ناونیشانی ” ڕۆڵی زریانی ئەقسا لە مسۆگەربوونی سیستەمی نوێی جیهان “، سەبارەت بە ئۆپەراسیۆنە کەم وێنەکەی بزوتنەوەی حەماس لە ناوچە داگیرکراوەکانی فەڵەستین، وتی: ئەم جۆرە لێدانە لە ڕژێمی زایۆنیستی لە مێژوودا وێنەی نەبووە و ئەگەر لە سەر زیانەکانی ئەو ڕژێمە ورد ببینەوە، هەزار کوژراو لە ماوەی چەند کاتژمێردا نموونەی نەبووە.
ناوبراو وتی: ئێمە تا ئێستا زیاتر لە 900 شەهیدمان داوە کە یەک لە سەر سێی ئەوان ژنان و منداڵانن، لە ساڵانی ڕابردووشدا بە دەیان هەزار منداڵی فەڵەستینی کوژراون و هەموو ئەم ئامارانەش تۆمار کراون، کەرتی غەززە 17 ساڵە لە گەمارۆدایە و ئاو و خۆراک و هەموو شتێکی بە سەختی دەست دەکەوێت.
بەرپرسی نووسینگەی بزوتنەوەی جیهادی ئیسلامی فەڵەستین لە تاران، وتی: پرسیار ئەوە نییە کە بۆ ئێمە ئەم هێرشەمان کردووە، بە هۆی ئەوەی کە گەلەکەمان زوڵمێکی زۆری لێدەکرێت، بەڵکوو پرسیار ئەوەیە کە بۆ جیهان تا ئێستا لە بەرامبەر ئەم هەموو زەڵمەی زایۆنیستەکان لە دژی گەلی فەڵەستین، هیچیان نەکردووە؟
ناسر ئەبوشەریف بە ئاماژە بە پاڵپشتی ئەمریکا و بەریتانیا لە ڕژێمی زایۆنیستی، وتی: ئێمە تیرۆریست نین و بەرگری لە وڵاتی خۆمان دەکەین، مێژوو شاهیدە کە گەلی فەڵەستین زیاتر لە 5 هەزار ساڵە لەم ناوچەیەدا نیشتەجێیە.
وتیشی کە گەلی فەڵەستین لە بەرگریکردنی خاکەکەی خۆیان بەردەوام دەبن و ئەو گورزە کوشندەیە لە ڕژێمی زایۆنیستی درا هیچ کات بە کۆتایی ناگات، هەرچەندە کە ڕژێمی زایۆنیستی بە شێوازی دڕندانە هێرش دەکات بەڵام تێکۆشەرانی فەڵەستینی موڵەتی ئەوە نادەن بگاتە ئامانجەکانی./.