بەپێی ڕآپۆرتی جام کوردی، ماڵپەڕی هەواڵنێری “ئاکسیۆس”ی ئەمریکا لەسەر زاری بەرپرسێکی ئەو وڵاتە دەڵێت: “ئانتۆنی بلینکن” وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەگەڵ هاوتاکانی خۆی لە وڵاتە عەرەبییەکاندا کە واژۆیان لەسەر گرێبەستی ئاشتی لەگەڵ ڕژێمی زایۆنی ئەنجام داوە، پەیوەندی گرتووە و داخوازی لێیان کردوون ئوپراسیۆنی بزووتنەوەی بەرگری ئیسلامی فەلەستین (حەماس) لەسەر خاکی داگیرکراو ، لەژێر نێوی (تۆفانی ئەلئەقسا) ئیدانە و بایکۆت بکەن.
بە پێی ڕاپۆرتی میدیای (ئار تی عەرەبی) ڕووسیا، و بە گوێڕەی ڕاپۆرتی هەواڵنێری “نووستی”هەمان وڵات، بەرپرسی ناوبراو لە وتووێژ لەگەڵ ئاکسیۆس پشتڕاستی کردۆتەوە کە وەزیرانی دەرەوەی ئەو وڵاتە عەرەبییانەی کە لەگەڵ ئیسرائیل پەیوەندی دیپلۆماتیکیان هەیە، داخوازی “بلینکن”یان لەمەڕ ئیدانەی ئوپراسیۆنی فەلەستین ڕەت کردووەتەوە.
بە گوێرەی هەمان ماڵپەڕ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەگەڵ هاوتای سعوودی خوی، شازادە “فیسڵ بن فەرحان”یش لەبارەی ئوپراسیۆنی بزووتنەوی حەماس وتووێژی کردووە بەڵام عەرەبستان هیچ ئەو ئوپراسیۆنەی ئیدانە نەکردووە.
ئاکسیۆن لە درێژەی ڕاپۆرتەکەیدا دەڵێت ئوپراسێۆنی لەپڕی حەماس لەسەر خاکی داگیرکراو، زەبرێکی زۆر سەختی داوە لە کار و ڕەوتی “جوبایدن” سەروکۆماری ئەمریکا بۆ گەیشتن بە “ڕێکەوتێکی ئاشتی مێژوویی لە نێوان عەرەبستان و ئیسرائیلدا”









