بە پێی وەسیەتی نۆبێڵ، خەڵاتی ئاشتی بە کەسێک دەدرێت کە لە ساڵی ڕابردوودا ” زیاترین یان باشترین هەنگاوی بۆ برایەتی نێوان گەلان، پاراستن و پتەوکردنی ئاشتی ” هەبووە. بڕیاریش بووە کە ئەم خەڵاتە لە لایەن کۆمیتەیەکی پێنج کەسی بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی نەرویج بێ ڕەچاوکردنی تایبەتمەندییە سیاسییەکان و تەنیا لە پێناو پتەوکردنی ئاشتی جیهانی بدرێت.
بەڵام بە تێپەڕبوونی کات، خەڵاتی نۆبێڵ لەو ئامانجە سەرەکییەی بە لاڕێدا برا و بووەتە ئامرازێک لە پێناو دابینکردنی ئامانجە سیاسییەکانی وڵاتانی ڕۆژئاوا و گوشار خستنە سەر ئەو وڵاتانەی کە ڕۆژئاوا دوژمنایەتییان دەکات. دۆخەکە وایە کە خەڵاتی نۆبێڵی ئاشتی ڕەوایەتی خۆیی لە دەست داوە، ئەو خەڵاتەی کە زۆر جار دراوەتە تاوانبارانی ناسراوی ڕۆژئاوا، یان بەو خائینانەی کە لە وڵاتانی ڕۆژهەڵات ئەوەیان قبووڵکردووە دارەدەستی ڕۆژئاوا لە شەڕ و دژایەتی و ڕوبەڕوبونەوەی وڵاتانی خۆیان بن. خەڵاتێک کە باشترە ناوەکەی بکرێتە ” خەڵاتی نۆبێڵی سیاسی ئاشتی “.
هۆکارەکەشی لە مێژووی ژیانی ئەو کەسانەی کە خەڵاتەکەیان وەرگرتووە، دیار و ئاشکرایە. کەسانێک وەک هێنری کسینجەر وەزیری دەرەوەی پێشووتری ئەمریکا، ئانگ سان سو چی لایەنگری تاوانەکانی دژ بە موسڵمانان لە میانمار، ئەنوەر سادات و مناخیم بگین سەرکردەکانی میسر و ڕژێمی زایۆنیستی، شیرین عەبادی ئەو کەسەی کە بانگەشەی بەرگری لە مافی مرۆڤ دەکات و لە ڕاستیدا دژە مافی مرۆڤە و لە ئێستاشدا کەسێکی خائین بە خەڵک و وڵاتی ئازیزی ئێران بە ناوی نەرگس محەممەدی.
لە لایەکی دیکەوە، زۆربەی ئەو کەسانەی کە خەڵاتەکەیان وەرگرتووە، ئەمریکی بوون، ڕەوتی پێدانی خەڵاتەکەش پیشان دەدات کە دەستەی سەرۆکایەتی دەستنیشانکردنی براوەکانی نۆبێڵی ئاشتی، لە سیاسەتمەدارانی ئەمریکی بوون و لە بەرامبەردا هیچ کات ئەوانەی ڕەخنەیان لە سیاسەت و زوڵم و ستەمی ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوا هەبووە، نەبوونەتە براوەی ئەم خەڵاتە.
کاربەدەستانی خەڵاتی نۆبێڵی ئاشتی دواتر ڕوویان هێنایە پێدانی خەڵاتەکە بەو کەسانەی کە لە وڵاتانی دژبەری ڕۆژئاوا بوونەتە دارەدەست و جێبەجێکاری سیاسەتەکانی ئەوان و لە ڕاستیدا خەڵاتی نۆبێڵ وای بە سەرهاتووە کە بڵێین دژی ئاشتی بەکار دێت./.