بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، محەممەد باقر قاڵیباف سەرۆکی پەرلەمانی ئێران لە سەردانەکەیدا بۆ ئیمارات لە گەڵ محەممەد بن زاید سەرۆکی ئەو وڵاتە کۆبووە.
قاڵیباف بە ئاماژە بە ستراتیژی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکان لە گەڵ وڵاتانی دراوسێ، وتی: لەم سیاسەتەی کۆماری ئیسلامی ئێراندا پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابوری و سیاسییەکان و دابینکردنی ئاسایشی بەردەوام لە نێوان وڵاتانی دراوسێ بە تایبەت لە گەڵ وڵاتانی ناوچەی کەنداوی فارس گرنگییەکی زۆری هەیە.
ناوبراو سەردانەکەیی بۆ ئیمارات بە پیشاندەری ئیرادەی جیدی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکان ناو برد و وتی: ئێمە دەمانەوێت هەنگاوی گەورە لە سەرجەم بوارەکاندا هەڵبگرین و ئابوری هەر دوو وڵات لە بوارە جیاجیاکاندا بەرەوپێش ببەین کە بۆ ئەمەش دەرفەتی گەورەشمان هەیە.
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران بە ئاماژە بە بانگهێشتکردنی سەرۆکی ئیمارات بۆ سەردانیکردنی تاران، وتی: پەرەپێدانی پەیوەندییەکان لە سەرجەم بوارەکان بە تایبەت ئابوری و ئەمنی زۆر گرنگە و ئەمەش بە پێی هەلومەرجی ناوچەکە، ئوراسیا و برێکس کە هەر دوو وڵات تێیدا ئەندامن، گرنگییەکی زیاتری هەیە.
محەممەد باقر قاڵیباف وتی کە بە پێی پێگەی جوگرافی ئێران و ئیمارات، دەتوانین ببینە جەمسەرێکی گەورەی ئابوری جیهان و ئەم دەرفەتەش بە هۆی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و ئەندامبوون لە برێکس بوونی هەیە.
لە درێژەی ئەو کۆبوونەوەدا سەرۆکی ئیماراتیش ڕایگەیاند کە وڵاتەکەی لە گەڵ ئێران هەوڵی گەیشتن بە ڕێکارەکانی پەرەپێدانی پەیوەندییەکان دەدات.
محەممەد بن زاید وتی کە دراوسێبوون وامان لێدەکات بیر لە پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەکان بکەینەوە و ئەم سەردانەش هاندەرێکی ئامانجەکەمان دەبێت.
سەرۆکی ئیمارات بە ئاماژە بە مێژووی پەیوەندییەکانی نێوان هەر دوو وڵات، وتی: هەندێک کات هەلومەرجی نێودەوڵەتی دەبێتە هۆی دوورکەوتنەوەی وڵاتان کە دەبێت لەم بوارەدا ڕێگای نزیکبوونەوەی زیاتر بدۆزینەوە./.